ئێعدام؛ لاوازیی دەسەڵات

سامان ریشەساحێب

لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە تا ئێستا، واتە زیاتر لە 250 ساڵ پێش، ئەم پرسیارانە فەیلەسوفەكان، سیاسەتوانان و بەشێكی بەرینی بیرۆكەی گشتییان بە خۆوە سەرقاڵ كردووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ وڵامێكی قبووڵكراو و جێی پەسەند بوونی نییە. هۆكار ئەوەیە كە تاوانی مەرگ بە بابەتێكی حقووقی یان مەفەكی دەزانن. بەڵام بابەتەكە تەنیا حقوقی نییە و زۆر لەوە زیاترە.
ساڵی ڕابردوو واتە 2017ی زاینی، 252 كەس لە وڵاتی ئێران حوكمی  سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە و لانیكەم 446 كەس ئێعدام كراون. بە پێی ئامارەكانی لە بابەت ئێعدام لە ئێران، 442 كەس ڕەگەزیان پیاو بووە و 4كەسی دیكەش ژن بوون. هەروەها لە كۆی سەرجەم ئێعدامەكانی ساڵی 2017، 31 كەسیان لە بەرچاو خەڵكی سڤیل لە سێدارە دراون. بە پێی ڕاپۆرتەكان 50% لە ئێعدامەكان بە تاوانی مادە هۆشبەرەكان بووە، 43%یان بە تاوانی كوشتن، 3% یان بە تاوانی دەسترێژیی سێكسی، 2%ی دیكەیان بە پێی تاوانی ئەمنی_سیاسی و 1%ی دیكەش بە تاوانی چەك و چۆڵ حوكم دراون و دواتر لە سێدارە دراون.
سزای ئیعدام یان لە سێدارەدان لە كۆماری ئیسلامیی ئێران مێژوویەكی دوور و درێژی بۆ خۆی تۆمار كردووە، حاكمیەتی ئاخوندی توانیویەتی لە ماوی دەسەڵاتدارێتیی ئەم ٣٧ ساڵ تەمەنەی خۆی ئەم جۆرە سزایە لە ئاستی جێبەجێكردندا بگەیەنێتە لووتكە، ھەموو ھۆكارەكانی ئەم كردەوە نائێنسانیەی كۆماری ئاخوندی، پاراستنی دەسەڵات و پایەكانی چەوساندنەوەن لە ناوخۆی وڵاتدا، بۆیە كۆماری ئیسلامی بە كۆمەڵێك فاكت و چەمكی جیاواز كاری لە سەر ڕەوابوونی ئەم چەمكە واتە ئیعدام كردووە. دەسەڵاتدارانی ئێران ھەموو ئامانجیان ئەوەیە كە بە شێوەی سایكۆلۆژیك ئەم سزا دژە ئینسانی و سەركوتگەرانەیە بھێنێتە نێو ژیان و كولتووری ڕۆژانەی خەڵك و لە ناو یاسای وڵاتدا بە تەواوی بیگونجێنێت و لەم ڕێگەوە بتوانێت فكر و ھزری كۆمەڵگاش بۆ ئامادە كردنی ئەم جۆر تاوان و سزایە بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.

داسەپاندنی حوكمی سێدارە بۆ زیندانیی كورد ڕامین حسێن پەناهی، راگەیێندرا رامین بە تاوانی ڕاپەرینی چەكدارانە بە ئێعدام حوكم درا. ئەو تەنیا 24 ساڵیەتی و ڕۆژی دووی پوشپەڕی ساڵی 1396ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی شاری سنە دەست بە سەر كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی كومیتەی پشتیوانی لە مافە مەدەنی، سیاسی و یاساییەكانی ڕامین حسێن پەناهی، یەكەم مەحكەمەی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 25ی بەرفرانبار لە شۆعبەی یەكی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆكایەتیی قازی سەعیدی، بەڕێوەچوو. لە كاتی دادگایی كردندا ڕامین بە قازیی دادگای وتبوو كە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە تا ئاستی مەرگ ئەشكەنجە دراوە  و تەنانەت گورچیلەكانی تووشی خوێن بەربوون بوون و تا ئێستاكەشی لەگەڵ بێت هیچ جۆرە پێداویستی و چاودێریی پزیشكی بۆ نەكراوە و سەرەنجام ڕۆژی پێنج شەممە 5ی ڕێبەندان، لە لایەن هەمان دادگاوە حوكمی لە سێدارەدانی پێ ڕاگەیێندرا.
كۆماری ئیسلامی كە ئێستا گوشار و ھەژاری و فەحشا یەخەی كۆمەڵگای پێگرتووە و سەرتاپای چنیوە و دەیھەوێ بە درووست كردنی چەكی ناوكیش كۆمەڵگای جیھانی بخاتە ژێر ڕكیفی خۆی، كۆماری جینایەتكاری ئیسلامیی ڕەنگەو داعش لە ترسی بەرز تربوونەەی دەنگی ناڕەزایەتییەكان و ئەگەری بوون بە ڕاپەڕینێكی فراوانی خەڵكی، ھەر ڕۆژە جینایەتێكی نوێی لە ڕوانگەی خۆیەوە بۆ پێشگرتن، بەڕێوە دەبا و ڕێژەی لە سێدارەدان لە نێو زیندانەكان زیاتر دەكات و بەم كارە دیھەوێ ترس و دڵەراوكێ بخاتە نێو خەڵكی ئێران بە گشتی و كوردستانی ڕۆژھەڵات بە تایبەتی.
ئیعدام  و ھەڵسووكەوتە تووندئاژۆكانی ئەم دواییانەی كۆماری ئیسلامی، بە تایبەت لە سەر زیندانیانی سیاسیی كورد كۆمەڵێك پرسیاری گرینگی سەر لە نوێ خستە نێو مژارەوە، بۆچی ئیعدام؟ بۆ ناشیاوترین سزای لە بابەت مرۆڤ و كۆمەڵگا و ھتد… . ئایا بەم ھەموو ئیدیعای ئیسلام تەوەریەی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەڵسووكەوتە نامرۆڤانەیە و لە كۆتاییدا پەتی سێدارە، خەڵكی سڤیلی زۆر ھانداوە كە لایەنگری لە ویلایەتی فەقیە بكەن یا بە پێچەوانە بووەتە ھۆی دودڵیی كۆمەڵگا سەبارەت بە جێبەجی كردنی شەرعیەتی ئیسلام لە كۆمەڵگای ئێران.
چوونەسەرەوەی ڕێژەی بەرچاوی لە سێداردان بە بیانووی لابردن و نەمانی تاوان و جینایەت لە كۆمەڵگا، لەكاتێكدایە كە گەندەڵی لە شێوازی بەڕێوەبردنی سیستمی حاكمیەت، قەیرانی قووڵی ئابووری، گەندەڵیی دام و دەزگاكان، یاساگەلی بەكەمتر زانی و چەوساندنەوە و بێ دەنگیی زاڵ بە سەر كۆمەڵگا، لە ڕاستیدا ھۆكاری سەرەكیی چوونەسەرەوی ڕێژەی خراپكاری و تاوان و جینایەت و تووش بوون بە مادە سڕكەرەكانە لە ناوخۆی سیستمی دەسەڵاتدارێتیی كۆماری ئیسلامیدا.
١٤٠ وڵات لە كۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندامی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئیعدامیان لە لیستی سزاكان لابردووە یان ھەڵیانپساردووە. لە ئێران سزای لە سێدارەدان بە بێ ھیچ بەربەستێك و دەست بە جێ جێبەجێ دەكرێت و بە سەدان كەس لە ماوی ئەم یەكساڵەدا چوونەتە ژێر پەتی سێدارە بە بێ ئەوەیكە تاوانێكی ئەوتۆیان لە سەر بووبێ. ئەم كردەوەی ڕژیم ھیچ كاریگەرییەكی لە سەر ھاتنەخوارەوی ڕێژەی تاوانەكان لە كۆمەڵگادا نەبووە، ئاماری جینایەت بە وتەی خودی كاربەدەستانی حكومەتی نەك دانەبەزیوە بەڵكوو بە ھۆی تووندوتیژیی سەرەرۆیانەی دەسەڵاتدارانەوە بە شێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندووە.
كاتی ھەڵوەشاندنەوە و لابردنی سزای لە سێدارەدان لە سەرانسەری جیھاندا ھاتووە، بە تێپەڕبوونی كات ھۆكارەكانی نەمانی كەرەستەی ئیعدام حاشاھەڵنەگرتر دەبن. لە ھەموو شوێنێك ئەزموونەكان وایان پیشان داوە كە جێبەجێ كردنی حوكمی ئیعدام لە بەر چاوی خەڵكی سڤیل، كاریگەریی نیگەتیڤی ھەبووە لە سەر كەسایەتیی دەروونی و ئینسانیی شایەتحالان. تاكوو ئێستا لە ھێچ كوێی كۆمەڵگای جیھانی ئەوە نەبیندراوە كە حوكمی لە سێدارە دان یان كوشتن بتوانێت لە ئاستی تاوانەكان كەم بكاتەوە یاكوو تووندوتیژیی سیاسی دابەزێنێت، یا خەڵك لە داواكردنی داخوازیە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیەكانیان پاشگەز بكاتەوە. ئەم جۆر سزادانە واتە ئیعدام، لە وڵاتانی دیكتاتۆریدس زیاتر لە دژی چینی ھەژاری كۆمەڵگا یان كەمایەتیە نەتەوایەتیەكان بە كار دەھێنریت و زۆر جار دەبێتە كەرەستەیەك بۆ خزمەت كردنی سەركوتی سیاسی، بڕیارێكی كوتوپڕ و بێ ھاتنەوە (بازگشت) كە بە  زۆرە ملی یان ناچاری دەبێتە ھۆی مەرگی تاكەكان و بەم شێوەیە ماڤی بنەڕەتیی مرۆڤەكان زۆر بە ئاسانی پێشێل دەكرێت.
سزای مەرگ، كە بە ناوی ھەموو نەتەوەوە جێبەجێ دەكرێت، پێوەندیی بە ھەموو خەڵكی كۆمەڵگاوە ھەیە بۆیە ھەر شارۆمەندێك دەبێت لە چۆنایەتیی سزای مەرگ و لە چۆنیەتیی بە كارھێنانی ئاگادار بێت، دەبێت ئەوە بزانێت كە چ كاریگەری و دەرنجامێكی دەبێت و لە كۆتاییدا چلۆن دەبێتە ھۆی پێشێل كردنی مافەكانیان. سزای لە سێدارەدان كوشتنی بە مەبەست و ئەنقەستە (قتل عمد) كە دەوڵەت بەرنامەداڕێژدراو و زۆر سەرەڕۆیانە ئەنجامی دەدا، بێبەش كردن لە مافی ژیان، توندئامێزترین جۆری كردەوەی دەوڵەتە لە سەر ھەر تاكێك.

كۆتایی:
ڕامین حسێن پەناهی زیاتر لە 200 ڕۆژ لە ژوورە تاكە كەسیەكانی ئیتلاعاتی سنە و وەزارەتی ئیتلاعاتدا بوو و لە ڕێكەوتی 19ی بەفرانباری ئەمساڵ بۆ زیندانی سنە گواسترایەوە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە جەختیان لەوە كردوەتەوە كە لە ئیدارە ئیتلاعات بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجە كراوە و هەنووكەش گورچیلەكانی تووشی ئیلتیهاب بوون. ڕامین لە بواری جەستەییەوە لە بارودۆخێكی خراپدایە و تەنانەت لە گرتووخانەش هیچ چارەسەر پزیشكیی بۆ نەكراوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەفشین حسێن پەناهی، چالاكی مەدەنی و برای ڕامین حسێن پەناهی، ماوەیەك پێش بە تاوانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە دادگای شۆڕش بە 8 ساڵ و نیو زیندان حوكم درا و ئێستاكە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە قۆناغی مەحكومیەتی خۆی تێپەڕ دەكات. زۆبەیر حسێن پەناهیش، ئامۆزای ڕامین و ئەفشین حسێن پەناهی بە 6 ساڵ زیندانی حوكم دراوە و هەروەها ئەحمەد ئەمین پەناە، زاوای ئەم بنەماڵەیەش بە 5 ساڵ زیندان حوكم دراوە.
كۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئێعدام  لە دایك بوو، لەگەڵ ئێعدام گەورە بووە و ئێستاكەش وا هۆگری ئێعدام بووە مەحاڵە بتوانێت دەستی لێهەڵگرێت. بێ دەنگیی كۆمەڵگا لە ئاست ئەم ھەموو ئیعدامانە تاكەی دەبێت درێژەی ھەبێت و خەڵك بە جۆرێك سازشی لە گەڵ بكەن، ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەر كات دەكەوێتە باردۆخی لاوازی سیاسی– دەسەڵاتدارێتی و گوشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە چەكی ئیعدام زۆرتر كەڵك وەردەگرێت و بە گشتی ھەڵسوكەوتێكی جینایەتكارانە بەرامبەر بە خەڵك و كۆمەڵگا دەكات. جۆری ھەڵسوكەوتی كۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە تا سەر ئێسك خوێن مژ و دەڕندەیە، ھیچ جۆرە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەكی پێ قبووڵ ناكرێ، تەعامول كردن لەگەڵ ناڕەزاییان بۆی كارێكی ئەستەمە، مانەوەی تەنیا گرێدراوە بە لە ناوبردنی نەیاران و ڕەخنەگرانی و تەنانەت ئەگەر بۆی بكرێت كۆمەڵكوژییەك سەر لە نوێ دووپات دەكاتەوە. بە ھۆی لاواز بوونی لە كۆمەڵگای جیھانی و بێ توانایی لە جێبەجێ كردنی داخوازییەكانی خەڵكی، گوشار، سەركوت و ئیعدامەكان پەرە دەستێنن تا پێش بە ھەر جۆرە جووڵەیەكی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ناو خۆی وڵات بگرێت.
كۆماری ئاخوندیی ئێران ئەوەیان بە باشی ھەست پێكردووە كە ئەم شەپۆلەی سەركوت و ئەشكەنجە و دەست بەسەر كردن و ئیعدام ناتوانێت خەڵكی كۆمەڵگا چاو ترسێن بكات بە ھۆی ئەوەیكە ئەمڕۆكە لە گۆمەڵگای ئێران ڕژیم تووشی شەپۆلێكی گەورەی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەكی بەرینی جەماوەری بووە، چین و توێژەكانی كۆمەڵگا لە زانكۆكان، قوتابخانە و كارخانەكان ھەر ڕۆژە دەنگی گلەیی و گازەندەیان سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانیان بەرزتر دەبێتەوە. كۆماری ئیسلامی دەبێت ئەو ڕاستیە حاشاھەڵنەگرە قبوڵ بكات كە ناتوانێ چیدی لەمە زیاتر ھێرش بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و ئیعدامیان كاریگەریی ھەبێت لە سەر بزاڤی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان و ئەمە تێچووی زۆری دەبێت و خەڵكی كورد بە گشتی ئەم جینایەتانەی كۆماری سێدارەیان پێ ڕەوا نییە و دژكردەوەی خۆیان دەبێت.


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:25:07/02/2018


زۆرترین خوێندراو