ئایا دۆخەکە هەروا دەمێنێتەوە؟

ئایا دۆخەکە هەروا دەمێنێتەوە؟

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی باشوور و ناوچەکە

 

ئەردەڵان فەرەجی

بە دوای بوون بە سەرۆک کۆماری دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا و بە تایبەتی بە دوای لێدوانە توندەکانی بەرامبەر بە ڕژیمی ئێران و ڕێکەوتنە ناوکییەکەی پێج زلهێزە جیهانییەکان و ئاڵمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە کەمپینی تەبلیغی بەر لە هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە، چاوەڕوان دەکرا هەڵوێستی جیددی و بنەڕەتی بەرامبەر بە دەور و ڕۆڵی ئێران لە پێوەندە ناوچەیی و جیهانییەکان لە لایەن ئەمریکاوە بێتە ئاراوە. سەرەنجام پاش چەند مانگ لە دەست بە کار بوونی ترامپ وەک سەرۆک کۆمار لەئەمریکا، ١٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ ئامادە نەبوو جارێکی دیکە دڵنیایی دەربارەی پاپەندنی ڕژیمی ئێران بەرامبەر بە ڕێکەوتنە ناوکییەکە پشت ڕاست بکاتەوە و لە ڕۆژی ٣١ی ئۆکتوبر (٩ی خەزەڵوەر) یاسای ناسراو بە "کاتسا" بخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

یاسای "کۆنترۆڵ کردنی دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگەی گەمارۆوە" (Countering America's Adversaries Through Sanctions Act) ناسراو بە کاتسا، ئاماژەیە بەو گەمارۆ نوێیانەی کۆنگرەی ئەمریکا کە لە کۆتاییەکانی ژوئییەی ئەمساڵ (٢٠١٧) دژی ئێران، ڕووسیە و کۆریای باکوور پەسند کرا و لە ڕۆژی ٢ی ئوت (١١ی گەلاوێژ) لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە واژۆ کرا.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەم پەسند کراوە ستراتێژی ناوچەیی ئەمریکا بۆ بەرەنگاری لەگەڵ "هەڕەشەکانی ئێران"، سەپاندنی گەمارۆی زۆرتر دژی بەرنامە موشەکییە بالێستیکییەکانی ئێران، سەپاندنی گەمارۆ بە سەر ناوەند حەقیقی و حقوقییەکانی پێوەندی دار لەگەڵ سپای پاسداران، سەپاندنی گەمارۆی زۆرتر دژی ناوەندنی حەقیقی و حقوقییەکانی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، سەپاندنی گەمارۆی چەک و چۆڵ، بەردەوامی گەمارۆکان دژی ئێران سەبارەت بە "پشتیوانی ئێران لە تیرۆریزم"، ڕاپۆرتی هەماهەنگی گەمارۆکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئۆرووپا و ڕاپۆرتی شارۆمەندانی ئەمریکایی دەستبەسەرکراو لە لایەن ئێرانەوە لەخۆ دەگرێت.

ئەم یاسایە سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەرکدار دەکات لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا، فەرماندە و دەست و پێوەندکانی سپای پاسداران و باسکی دەرەوەی سپای پاسداران واتە هێزی قودسیش وەک "پشتیوانی تیرۆریزم" لە پێڕستی لیستی گەمارۆ نوێکاندا بگونجێنێت. پاش هەموار کردنەوەی خاڵی ١٠٥ی ئەم یاسایە لە لایەن وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکاوە، لە ڕۆژی ٣١ی ئۆکتۆبر (٩ی خەزەڵوەر) بخرێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

بە سەرنجێکی وردتر لە ڕێکەوتی ئەم پرۆسەیە ئێمە شاهیدی دەست وەشاندن و دەست تێوەردانی زیاتری ئێران بە تایبەتی سپای پاسداران لە ناوچەکە دا بووین. شەوی ١٥ لە سەر ١٦ی ئۆکتۆبر (ڕێک دوو ڕۆژ پاش پشتڕاست نەکردنەوەی پابەندی ئێران بە "بەرجام" لە لایەن ترامپەوە و گەمارۆی نوێ لە سەر سپای پاسداران وەک دەزگایەکی داپلۆسێنەری مافی مرۆڤ و پشتیوانی تیرۆریزم) سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی لە ئۆپراسیۆنێکی پلان بۆ دارێژراو بە هاوکاری ئەرتەشی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر کوردستانی باشوور و شاری کەرکوکیان داگیر کرد و تا ناوچەی "پردێ" لە ٥٠ کیلۆمێتری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هاتن و لە زۆرێک لە ناوچە جێ ناکۆکەکانی هەرێمی کوردستانی باشوور و بەغدا چەندین کارەساتی مرۆییان دژی خەڵکی سڤیل و ئاسایی بە تایبەتی لە دوبز و خورماتوو و شەنگال خولقاند.

ئەم کارەی ئێران و سپای پاسداران نافەرمانی و جەمسەرسازییەک بوو بەرامبەر بە ئەمریکا و سیاسەت و ستراتێژی نوێکەی دژی ئێران.

بە چاوپۆشی لە وردەکاری ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستانی باشوور، بەڵام ڕۆڵی ئێران بۆ سەپاندنی هێژێمۆنی سیاسی خۆی لە ناوچەکە و بێ هێز کردنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەک دۆستێکی گرنگی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش ئاشکرایە. ئەم بەرفراوانکردنەی هێژێمۆنی سیاسی و سەربازییە و هەنگاونان بۆ تەواو کردنی پرۆسەی دروست کردنی هیلالی شیعە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەوتنە مەترسی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.

ستراتێژی نوێی ئەمریکا

ئەگەر لەماوەی ٨ ساڵی سەرۆک کۆماری باراک ئۆباما سیاسەتی هەڵکردن و جێ کردنەوەی ئێران و سازان لەگەڵ ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی بۆ کۆنترۆڵی کردنی ڕژیمی تاران بوو، بە پێچەوانەی سیاسەتی ڕاگەیەنراوی کۆشکی سپی بە دوای هاتنە سەرکاری ترامپ کە بریتییە لە کۆنترۆڵ کردنی ڕژیمی تاران لە ڕێگەی بڕینەوە یان کورت کردنەوەی دەستە ئوختاپووسییەکانی ئێران بۆ ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە. بریتییە لە بەربەست دانان لە بەردەم دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی و گەشەدان بە سیستمی موشەکی بالیستیکی دوورهاوێژ بە توانانی هەڵگرتنی کڵاوی ناوکی کە دەتوانی ئاسایشی ناوچەکە و هەموو جیهان بخاتە مەترسییەوەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی ئیدئۆلۆژیکی تۆتالیتێرە کە سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییەکانی خۆی ڕۆژانە و سیستماتیک پێشێل دەکات. سپای پاسداران وەک باسکی سەربازی و ئابووری ئێران کە کۆڵەکەی سەرەکی مانەوەی ئەم ڕژیمەیە دەکاتە ئامانجی گەمارۆ و لە کار خستن بەتایبەتی کە ئەو کاتەی کە لە سێ هۆکاری بەردەوامی ڕژیمی تاران کە بریتین لە: "سەرسامی و بە سەرسامی ڕاگرتنی خەڵک بەرامبەر بە ڕێبەر و کاریزما"کەیان نەماوە یان لە ئاستی کۆمەڵگادا زۆر لاواز بووە، "کڕینی خەڵک و موحتاج و بەنیاز ڕاگرتنی خەڵک بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک لە سیاسەتەکانی" و "بەکار هێنانی زۆر و ترساندنی خەڵک و ناچار کردنی خەڵک لە ترسی ئەنجامە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم بۆ خواست و سیاسەتەکانیان.

عەرەبستان و ئیسرائیل و سیاسەتی گۆڕینی ڕژیم لە ئێران

پاش ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٨) و هاتنە سەر کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئیدئۆلۆژی ئیسلامی شیعەوە سەرەتایی ناکۆکی و ئاژاوە بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی نزیک بە چوار دەیەی ڕابردوو بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە توند بوونەوەی ململانێی و بەریەک کەوتنی دوو مەزهەبی جیا لە ئیسلام واتە شێعە و سونی بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێرانەوە دەست پێدەکات. بە واتایەکی تر دوو جەمسەری کردنەوەی ئیسلامی سیاسی و بوار خۆشکردن بۆ بەریەک کەوتنی ڕێڕەوانی هەر کام لە دوو ئایینزایی شێعە و سونی لە دەورەی نوێ بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەست پێدەکات. ترامپیش لە وتارەکەی بۆ خستنە ڕووی ستراتێژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە بەرجام باسی لەوە کردووە کە "هەڵەبووە لە ساڵانی پێشووتر بۆ کەم کردنەوە گرژییەکان و بەریەک کەوتنەکانی دوو ئایینزای شێعە و سونی بە تەنیا دژایەتی ئیسلامی سیاسی سونە کراوە" واتە دەبێت لە دەورەی داهاتوودا چاوەڕێی بەگژداچوونەوەی ئیسلامی سیاسی شێعە بکرێت کە کۆماری ئیسلامی پێشەنگایەتی و نوێنەرایەتی دەکات، بین.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پاش هاتنە سەرکاری بە سیاسەتی ڕێگەی قودس لە کەربەلاوە دەگوزەرێت و بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و دیاری کردنی ڕۆژی قودس (دوایین هەینی مانگی ڕەمەزان) و ناوزەد کردنی ئیسرائیل وەک منداڵی زۆڵی ئەمریکا و دژایەتی "جوو" و یەهوود لە ژێر لەوای داکۆکی کردن لە فەلەستین بە لایەنگیری هێزە فەلەستینییەکانی "حەماس" لە بەرامبەر بزووتنەوە "فەتح" بەشێک لە جیهانی عەرەبی بەرامبەر بە خۆی موتەوەهیم کردبوو. بەڵام لە هەفتەکانی ڕابردوو ئێمە شاهیدی هاتنە ئارای هاوپەیمانییەتییەکی ستراتێژی نێوان حەماس و فەتح بووین کە ئەمە دەکرێت بە مانای بەربەست دانان بێت بۆ دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پرسی عەرەب و ئیسرائیل.

پێشوازی هەر دوو وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل لە ستراتێژی نوێی ئەمریکا و یان گوتاری "ڕژیم چێنج"ی ئەمریکا بە دوای جۆرێک لە هاوپەیمانییەتی ئیسرائیل و عەرەبستان لە ناوچەکە هاوتەریبی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لەگەڵ سیاسەتی عەرەبستان و ئیسرائیل بەدی دەکرێت.

لە ماوەی سەرۆک کۆماری باراک ئۆباما پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساردترین سەردەمانی پێوەندی ئەم دوو وڵاتە بوو. ئیسرائیل نەیارانی سەرسەختی بەرجام و ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەتی ئەمریکا بوو، بەتایبەتی کە هەموو کات کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهانی کردووە و ئەم ڕێکەوتنەش سازان لەگەڵ وڵاتێک بوو کە بوونی ئەو ڕژیمەی دەخستە مەترسی جیددییەوە. بەڵام ئەمڕۆکە و بەم سیاسەت و ستراتێژییە نوێیە ئەمریکاوە پێوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان سەرەکییەکەی لە ناوچەکە تا دێت گەرم و گوڕ و هاوتەریبتر دەبێت.

تێگەیشتنێکی گشتی

بەر لە ڕاگەیاندنی ستراتێژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران وا لێک دەدرایەوە کە ئەمریکا سپای پاسداران دەخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەروە (Foreign Terrorist Organizations) کە سەر بەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، بەڵام وای نەکرد. ئەم کارە دەیتوانی گەمارۆی زۆرتر و بەربەرینتر دژی کۆی گشتی سپای پاسداران بسەپێنێت و وەک ئەلقاعیدە و داعش بیانکاتە ئامانجێکی سەربازی لە سەرتاسەری جیهان، کارێکی لەو شێوەیە دەیتوانی هەموو هاوپەیمانە ئۆرووپاییەکانی واشینگتۆن بخاتە بەردەم ئەگەر و کێشەی زۆرەوە. جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران کاتێک باس لەو موشەکە دورهاوێژەکان بە بوردی ٢٠٠٠ کیلۆمێتری دەکات، جۆرێک دڵنیایی دانە بە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی ئەمریکا بۆ شەق خستنە نێوان ئەمریکا و ئۆرووپا لە گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوبەش دژی ئێران.

بەم حاڵەوە ترامپ بە پشت بەستن بە "یاسای بەرەنگار بوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگەی گەمارۆوە" (Countering America's Adversaries Through Sanctions Act) داوای لە وەزارەتی خەزانەداری کرد گەمارۆ بخاتە سەر سپای پاسداران. بە پێی یاسای کاتسا و بە تایبەتی فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی ١٣٢٢٤ – کە لە ڕاستی دا جۆرج بووشی کوڕ پاش هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتامبر دەریکرد- نووسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایەی دەرەکی وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا ناسراو بە ئۆفەک (OFAC) زۆر خێرا هاویشتییە لیستی "تیرۆریستە جیهانییە تایبەتەکان (Specially Designated Global Terrorists) و "نەتەوە تایبەتەکان" (Specially Designated Nationals). بەم واتایە کە یاسای نوێ سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دەکاتە "بەرپرسی ئاژاوەگێڕییە نێونەتەوەییەکان، پشتیوانی لە تیرۆری نێونەتەوەی و بەرنامەی موشەکی بالیستیک" و بەم شێوەیە گەمارۆی چڕوپڕ و گشتگیر دەخاتە سەر کەسایەتییە بیانییە پێوەندیدارەکانی سپاوە.

کارپێکردنی یاسای "کاتسا" بەمانای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە "بەرجام" (ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران و گرووپی وڵاتانی ١+٥)ـە و ئەمە دۆخێکی تەواو جیاواز دێنێتە ئاراوە.

بە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق و کوردستان ئاسۆی ستراتێژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بەو نافەرمانی و جەمسەرسازییەی ئێران لێڵ کردووە.

ئەوەی ئاشکرایە ئەمریکا بە دوای هێرشی داعش و تێکشان و پەرەم پەرەم بوونی ئەرتەشی عێراق، بە نۆژەن کردنەوەی ئەرتەشی عێراق و ڕاهێنانیان، هێشتا دەستی لە عێراق بەر نەداوە. هێشتا بە دوای دەرهاویشتنی عێراق لە بازنەی نفووز و حەوشەی چۆڵی ئێران بۆ تەران تەران و ڕمبازێنی سەربازی و سیاسی و ئابوورییە لە ڕێگەی هێشتنەوەی عیبادی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرامبەر مالکی و باڵی ئێران لە عێراق.

گۆڕینی هەڵوێستی یەکێتی ئۆرووپا بە تایبەتی فەڕانسە و ئاڵمان و بریتانیا بۆ ڕەخنە گرتنی ڕاشکاوانەتر لە موشەکەکانی ئێران و باس کردن لە چاکسازی یان هەموار کردنەوەی ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران و بەرجام هەندێک نیشانەن لە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە و دواجار بەرامبەر بە ئێران. جیا لەوەش لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا بەرامبەر بە هەڵوێسی کاک مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ درێژ نەکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی و بەرز نرخاندنی ئەو هەڵوێستەی کاک مەسعوود و لە هەمان کاتیشدا پێداگری لە پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتێکی بەهێز حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور (عێراق) و بە ناوهێنانی نچیروان بارزانی و قوباد تاڵبانی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم دەسەڵاتە دووپات کردۆتەوە. ئەمە بەو مانایە دێت کە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتێکی بەهێز لەو ناوچەیە بە لەمپەرێکی کاریگەر دەزانێت لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و دەست تێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکان و گۆڕانێکی بە ئەسپایی لە هەڵوێستی دوو هەفتە لەمەوبەری ئەمریکا بەرامبەر بە کوردستان.

 

 


ئه‌م بابه‌ته 634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:09:15/11/2017


زۆرترین خوێندراو