ڕاگەیاندنی کۆتایی پلێنۆمی شەشەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە


هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پانزدەهەم

شەشەمین پلێنۆمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بەشدرای سەرجەم ئەندامانی کومیتەی ناوەندی بەرێوە چوو و دوای ٢ رۆژ کاری چڕ و پڕ سەرکەوتوانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

بۆ ئەم مەبەستە و بە پێێ نەریتی بەرێوەبردنی پلێنۆمەکان، لە یەک مانگ لەوە پێشەوە کومیتەی ناوەندیی لێژنەی ئامادەکاری پلێنۆمی دەست نیشان کرد ولێژنەکەش دەست بە کاری ئامادەکاری تەکنیکی و سیاسی پلێنۆمەکە کرد. بەشێک لەو ئامادەکاریە، بریتی بوون لە بەڕێوەبردنی سێ سمیناری سیاسی و تەشکیلاتی لە سەر پرسە سیاسی و تەشکیلاتیە گرینگەکانی ئەم دەورەیە.

بە دوای تەواوبوونی ئامادەکاریەکانی پێش پلێنۆم و دەستنیشان کردنی لە لایەن لیژنە ، پلێنۆمی شەشەم بە سروودی بانگەواز سروودی فەرمی کۆمەڵە و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد و گیانبەختکردوانی کۆمەڵە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. سەرەتا دەستووری کاری پلێنۆم خرایە بەردەنگ و بە تێکرای دەنگی بەشداربووان پەسەند کرا.

وەک یەکەمین خاڵی دەستوور، ڕاپۆرتی سیاسی لە لایەن سکرتێری گشتی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی پیشکەش کرا (دەقی وتەکانی هاورێ عەبدوڵا دواتر بڵاو دەکرێتەوە). دوای تەواو بوونی ڕاپۆڕتی سکرتێری گشتی خاڵە گرنگەکانی ڕاپۆرتەکە درانە بەر باس و پێشنیاری گوونجاوی لێ زیاد کرا و لە کۆتاییشدا بە کۆی دەنگی بەشددار بووان پەسەند کرا

.

گرینگترین تەوەرەکانی دەستووری پلێنۆمی شەشەم بریتی بوون لەو خاڵانەی خوارەوە:




١، پێداچوونەوە و تەکمیل کردنی سەنەدی ڕوانگە و هەڵوێستەکان کە لە کۆنگرەی ١٥ پێشکەش کرابوو، جێی ئاماژەیە کە سمینارێکیش بۆ تەکمیل و بەرۆژکردنەوەی پێش پلێنۆم لە لایەن هاورێ عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری گشتی پێشکەش کرابوو، لە پلێنۆمدا ئەم سەنەدە بە کۆی دەنگ لە لایەن هاورێیانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە پەسەند کرا.



٢. ئایین نامەی ناوخۆیی کومیتەی ناوەندی کە ئەو بەڵگەیەش لە کۆنگرەکانی پێشوو پەسەند کرابوو و بریاردرابوو کە پێداچوونەوەی پێدا بکرێ و بەرۆژبکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە لە بەشی ئامادەکاری پلێنۆم لە سمینارێکی جانبیدا لە لایەن هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕسی ئەندامی دەفتەری سیاسی پێشکەش کرا و خسترابووە بەر باس و لێکۆڵینەوە، لە پلێنۆمدا دوای هەڵسەنگاندن و تاووتوێ کردنی لە لایەن بەشداربووانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

٣. گەڵاڵەی پلەبەندی کادر لە کۆمەڵەدا، کە لە ماوەیەک لەوە پێشەوە لێژنەیەک کاری لەسەر کردبوو و لە سمینارێکی جانبی پلێنۆمیشدا لە لایەن هاورێ ئەبووبەکر مودەڕسیەوە پێشکەش کرابوو، لە پلێنۆمی شەشەمدا بڕیاری لەسەر درا کە بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر لە داهاتوودا بکەوێتەوە ئاجێندای کاری کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و بۆ ئەو مەبەستە لانیکەم سمینارێکی دیکەش بگیردرێ.



٤. کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە کە چەند داواکاریەکی پێشکەش بە پلێنۆم کردبوو، پرسەکەی درا بەر باس و داواکاریەکانیان لە لایەن پلێنۆمەوە پەسەند کرا.

بڕگەی کۆتایی پلێنۆمی شەشەم هەڵبژاردنی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بوو، کە لەم بەشەشدا هاورێیان ئەبووبەکر مودەڕسی، فارووق بابامیری، ساڵح شەریفی و عەبدوڵا ئازەربار وەک ئەندامانی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرانەوە.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١٢فێبریواری ٢٠٢١ی زایینی

٢٤ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی






ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:25:13/02/2021