ڕاگەیاندنی سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی سەبارەت بە؛
هەڵمەتی تۆمەت و  بوختانی یەکەکانی سایبری کۆماری ئیسلامی لە دژی کۆمەڵە


لە یەک دوو مانگی ڕابردوودا شەپۆليک لە پڕووپاگەندەی سەرتاپا ناڕاست و ئاوێتەکراو بە کۆمەڵێک  تۆمەت و بوختان لە ماڵپەڕەکانی سەربە  دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕوو لە کۆمەڵە و کادرەکانی بڵاو بوویەوە، هاوکات چەند کەسی نەیار و هەلپەرەستیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوور لە هەر پرەنسیپێکی ئەخلاقی و سیاسی، هاوتەریب لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پەرەیان بەو تۆمەت و بوختانانەدا داوە و وەک ئامرازێک بۆ هێرش کردنە سەر کۆمەڵە و کادرەکانی بە کاریان هێناون. 
ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دنیای مەجازی و یەکە سایبریەکانییەوە هێرش دەکاتە سەر حیزبە کوردییەکان و بە تایبەت کۆمەڵە، جێگەی سەرسووڕمان، ئەو کەسانەن کە بەبێبوونی هیچ بەڵگە و زانیارییەک، تەنیا بۆ هێرش کردنە سەر کۆمەڵە کەڵک لە بڵاوکراوەی سایتەکانی کۆماری ئیسلامی وەردەگرن و  لە هێڕش کردنە سەر کۆمەڵە لە گەڵ دەزگا ئەمنییەتییەکانی هاودەنگ و هاوئاهەنگ دەبن. ئەو هەڵمەتە هەرچەند کاریگەرییەکی نەبووە لە سەر ڕیزی یەکگرتووی حیزبی کۆمەڵە، بەڵام لاینگران و دڵسۆزانی کۆمەڵەی لە ناوەوە یان خود لە دەرەوەی کوردستان تا ڕادەیەک نیگەران کردووە. هەر بۆیەش لە ڕيگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە هەموو دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان خاترجەم دەکەین کە هیچ شاڵاوێکی تۆمەت و بوختان، ڕیزەکانی کۆمەڵە لێکناترازێنێ و ڕێبەری کۆمەڵە بە پاڵپشتی ئەزموون و سارد و گەرم چەشتوویی دیفاع لە کەرامەت و کەسایەتی هاورێیان لە هەر ئاست و پلەیەک بێت بە ئەرکی خۆی و هەموو مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست دەزانێ.  
ڕوورەشی بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە کە هەلپەرستانە هەموو کات خۆیان مات داوە تا گیرگەیەک دەکەوێتە دەستیان و دەتوانن هێرشی پێ بکەنە سەر کۆمەڵە، ئەم کەسانە پێشتریش خۆیان و ئەو کارە قێزەونانەیان تاقی کردووەتەوە، نە ئەو کات سەرکەوتوو بوون و نە لە داهاتووش دەبن.

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
٢٩-٠٨-٢٠٢٠
٨-٠٦-١٣٩٩  

ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:40:03/09/2020