مەهاباد؛ دایكی گیانبەختكردوویەكی كۆمەڵە ماڵئاوایی لە ژیان كرد

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، خاتوو سەیزادە حومەیرا سەید تەها، دایكی هاوڕێی گیانبەختكردوو عومەر ئەمین پوور، بە هۆی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و ماڵئاوایی لە ژیان كرد.


دایە سەیزادە، لەو دایكە شۆڕشگێڕانەی كوردستان بوو كە یەكێك لە ئازیزترین ڕۆڵەكانی پێشكەشی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان كرد؛ دڵ گەورەیی و ڕووخۆشی دایە سەیزادە ئەوی زیاتر كردبووە خۆشەویستی خەڵكی ناوچەكە؛ لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستانەوە خەڵك سەردانی ماڵەكەیانی لە وەتەمیش دەكرد و دایە سەیزادە بە قسەكانی ورەی پێ دەبەخشین.

هاوڕێ عومەر ئەمین پوور، هەڵسووڕاوی تەشكیلاتی كۆمەڵە و مامۆستای قوتابخانەكانی شاری مەهاباد، ساڵی ١٣٦٢، ویڕای ٥٨ كەسیتر لە لاوانی تێكۆشەری ئەم شارە، لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە ئیعدام كرا و بە كاروانی سووری گیانبەختكردووانی كۆمەڵە پەیوەست بوو.

بە ناوی كۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری دایە حومەیرا و بە تایبەت خاڵە ڕەحیم وەتەمیش دەكەین و خۆمان بە شەریكی خەم و پەژارەیان دەزانین.

ئه‌م بابه‌ته 269 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:08:19/06/2020