دیداری نێوان نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ و ئەندامانی پەڕلەمانی سۆئێد

ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ژوئێنی ٢٠٢٠ی زایینی، وەفدێک بە نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ پێکهاتوو لە بەڕێزان "دڵنیا ڕەحیم زادە، جەمیلە حەسەنخاڵی و ناسر بلیدەیی" لەگەڵ ئامینە کاکەباوە، نوێنەری سۆسیالیستی سەربەخۆ لە پەڕلەمانی سۆئێد دیدار و چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.
لەم دانیشتنەدا، دوای پێشوازی گەرمی ئامینە کاکەباوە لە نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، دۆخی ئێستای ئێران، ناوچە پەراوێزخراوەکان، و بە گشتی مەشروعیەتی لەدەستچووی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران هاتەبەر باس و قسەی لێکرا.
پاشان لەسەر چەند پرسی گرینگی دیکە وەک: دۆخی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران باس و گفتوگۆ کرا کە لە کۆتایی دیدارەکەدا، پاش باسێکی دوورودرێژ لەسەر دۆخی کۆڵبەرانی سەرسنوور، ناوی ئەو کۆڵبەرانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر، کوژراو و بریندار کراون، وەک ڕاپۆرت، لە ڕێگای ئامینە کاکەباوە پێشکەشی پەڕلەمانی سۆئێد کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنەدا، قسە لەسەر دۆخی خوێندن لەسەردەمی کۆرۆنا لە ئێران کرا و هەردولا جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە یەکێک لە سەرەکیترین گرفتەکانی خوێندنی ئانلاین لە ئێران، هەژاری بنەماڵەکانە کە خوێندکاران لەم کەرەستەیەی خوێندنیش بێبەش دەکات و لەم حاڵەتەشدا ژنان زیاترین زیانیان بەردەکەوێت.
لە کۆتاییدا، ئامینە کاکەباوە لە پێشنیاری کۆنگرەی نەتەوەکان بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسێک لە پەڕلەمانی سۆئێد لەسەر "پرسی ژنان لە ئێران" پێشوازی کرد بەڵام بە هۆی دۆخی نالەباری ئێستا و مەترسی کۆرۆنا، کاتی ئەم کۆنفڕانسە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا و بەم شێوەیە وەفدی کۆنگرەی نەتەوەکان سپاسی ئامینە کاکەباوەی کرد بۆ چاوپێکەوتنەکە و بەم شێوەیە دیدارەکە کۆتایی هات.

ئه‌م بابه‌ته 309 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:19:12/06/2020