پەیامی هاوخەمی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی بۆ مەرگی دایە ئامینە ڕۆستەمی

هەر ئێستا ئاگادار بووم کە بەداخەوە دایە ئامینی رۆستەمی، دایکی شەهیدی گەورەی کۆمەڵە کاک عەتای رۆستەمی و هاوسەری حاجی ئەمین بەگی رۆستەمی، ماڵاوایی لە ژیان کردوە. خاتوو ئامینە ژنێکی زۆر میهرەبان و باسەفا و خۆشەویستی هەموان و دایکێکی هەتا بڵێی چاک و پاک بوو . ئەویش یەکێک بوو لە دایکە جەرگ سووتاوەکانی کوردستان کە ڕۆڵەی هەڵکەوتووی وەک عەتای لە دەست دابوو.

کاک عەتا ئەندامی دێرین و کادری سەردەمی رێکخستنی نهێنی کۆمەڵە و دواتر تێکۆشەری خەباتە جەماوەرییەکانی کۆمەڵە ودوای ئەویش پێشمەرگەی بەتوانای ریزەکانی شۆڕش بوو. کاک عەتا کادرێکی زۆر تێگەیشتوو، سیاسی، ڕۆشنبیر و ئەهلی خوێندنەوە و لەهەمان کاتدا تێکۆشەرێکی مەیدانی خەبات و هەڵسووڕانی جەماوەری و پێشمەرگایەتی بوو. لە بیرم ناچێتەوە کە پائیزی ساڵی ٦۱ی هەتاوی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیان لە گەشتێکی دور و درێژدا گەیشتینە تووەسووران و لەوێ چاوم بە کاک عەتا کەوت و کۆبوونەوە و قسە و باسمان کرد، بەبێ ئەوەی بزانم ئەوە ئاخرین دیداری من و ئەو  رەفیقە لەمێژینەیەم دەبێت. کاک عەتا لە پێشمەرگایەتیدا بەتەنیا نەبوو و دایە ئامین کچێک و کوڕێکیشی پێشکەش بە کۆمەڵە کردبوو: دەلیلە خانم و کاک ناسریش پێشمەرگەی تێکۆشەری ریزەکانی شۆڕش بوون و هەر لێرەوە پڕ بەدڵ سەرەخۆشیان لێدەکەم و پرسە و هاوخەمی خۆم پێشکەش بە هەموو بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری رۆستەمی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.

ئه‌م بابه‌ته 294 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:23:12/06/2020