دایکی گیانبەختکردوویەکی کۆمەڵە لە مەریوان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی جۆزەردان، دایە ئامینە ڕۆستەمی، دایکی هاوڕێی گیانبەختکردوو "عەتا ڕۆستەمی"، بە هۆی نەخۆشی لە شاری مەریوان ماڵئاوایی لە ژیان کردووە. 

دایە ئامینە، لەو دایکە جگەرسووتاوانەی کوردستان بوو کە هیوا بە ڕزگاری نەتەوەکەی وایکردبوو ڕۆڵەی لێهاتوو و قارەمانی وەک شەهید عەتا پەروەردە بکات؛ دایە ئامینە هێمای خۆڕاگری و دڵ گەورەیی بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی تەنیا بۆ جارێک لە نزیکەوە بینیبوویان و دەیانناسی. 
هاوڕێی گیانبەختکردوو، عەتا ڕۆستەمی، فەرماندە و کادری بەتوانا و لێهاتووی کۆمەڵە، ساڵی ١٣٦١ی هەتاویی، لە شەڕێکی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەدژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گوندی توەسورانی ناوچەی مەریوان گیانی ئازیزی بەخت کرد، هاوڕێ عەتا یەکێک لە کادرە هەڵسووڕاوەکانی ناوچەی مەریوان بوو کە لە کۆچی مێژوویی مەریواندا لەگەڵ هاوڕێی ڕابەر، کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی دەور و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو؛ دوایین ئەرکی تەشکیلاتی هاوڕێ عەتا، ئەندامی کومیتەی ناوچەی مەریوان بوو.

بە ناوی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری دایە ئامینە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

ئه‌م بابه‌ته 287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:22:12/06/2020