لێکدانەوە بارودۆخی ئێستای ئێران لە وت و وێژێک لەگەڵ هاوڕێ «عەبدوڵلا موهتەدی»

سازدانی؛ سالار ئاشناگەرو


ئێوارێی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی مەی، ڕادیۆ کورد تریبووناڵ لە وڵاتی سوئێد، وت و وێژێکی تایبەتی لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەربارەی دوایین بارودۆخی ئێران و لێکدانەوە و شڕۆڤەی ئەو دۆخە، سێناریۆ و ئەگەرەکان، قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی، خەڵک و سەردەمی کۆرۆنا و پۆست کۆرۆنا، یەکگرتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەرکی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان و چەندین تەوەرەی تر، ناوەرۆکی وت و وێژەکە بوون کە لە لایەن هاوڕێ سالار ئاشناگەرەوە بەڕێوە چوو. 
ئاسۆی ڕۆژهەڵات دەقی وت و وێژەکەی ڕادیۆ کورد تریبووناڵی لەم ژمارەیەی خۆیدا وەک پاشکۆی ژمارە ١٧٦ چاپ و بڵاو کردەوە.
ئەوەی لە درێژەدا دەیخوێنەوە دەقی وت و وێژەکەیە.



گوێگرانی خۆشەویست و بینەرانی هێژا ئەم کاتەتان باش، لە بەرنامەی ئەمرۆدا وتوو وێژێکی تایبەتمان هەیە. ئێران بە دۆخ و سەردەمێکی قەیراناوییدا تێپەڕ دەبێت. قەیرانە قووڵ، ئاڵۆز و چارهەڵنەگرەکان دەست و پێیان تەنیوە و دەربازبوون لێی زەحمەتە. کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی، نەمانی مەشرووعییەتی دەسەڵاتە سیاسییەکەی، کوژرانی قاسمی سولەیمان لە سەر ئیقتدارەکەی لە ناوچەکە، گەمارۆکان و سێناریۆی گۆڕانکارییەکان و ڕۆڵی کورد لەم دۆخەدا و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت کورد خۆی بۆ ئامادە بکات. دەربارەی ئەو پرسانە و چەند تەوەرێکی دیکە وتووێژێکمان ساز داوە لەگەڵ بەڕێز کاک عەبدوڵڵای موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. هەر وەک هەمیشە دەنگی ئێمە لە سەر شەپۆلی ئێف ئێم نەوەد و یەک و شەش دەهۆمی مێدیا ئێس لە ستۆکهۆلم دەبیسن و بە هۆی فەیس بووکیشەوە دەتوانن تەسویری ئێمە ببینن.
RKT_ کاک عەبدوڵڵا سڵاو و ڕێزی ئێمەتان پێشکەش و سپاس کە کاتی خۆتان بە ئێمە بەخشی و لەم بەرنامەیەدا لەگەڵمانن.
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ سپاس بۆ ئێوە و ماندوو نەبوونی دەکەم لە جەنابت و هەموو کارمەندان و سڵاوی گەرمم هەیە بۆ هەموو بینەران و بیسەرانی بەرنامەکەتان.

RKT_-سپاس، با راستەو خۆ من بچمە سەر پرسیارەکان کە ڕەنگە پرسیاری زۆر کەس بێت. بە لێکدانەوەی سەرجەمی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران و هەروەها قەیرانەکانی حاکەمییەت لەگەڵ چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکی و کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی، دوای کۆڕۆنا و پۆست کۆرۆنا چۆن دەبینن و چ پێش بینیی و چاوەروانییەکی بۆ دەکرێ؟
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ کاک سالار پێشبینی کردنی ئاڵۆگۆرە سیاسییەکان بۆ هیچ کەس کارێکی ئاسان نییە و هیچ کەس ناتوانێ بە مسووگەری پێش بینی داهاتوو بکات. داهاتوو بەرهەمی ململانێ و تێکهەڵچوون و هاوکاری کۆمەڵێک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نێونەتەوەییە کە پێش بێنی هەموو ئەوانە ناکرێ و مێژوو تا ڕوو نەدا نازانی چ دەبێ، بەڵام بە هەر حاڵ دیاردەگەلێک هەیە لە ئێستای ئێران دا کە ئەمانە پێمان نیشان دەدەن ڕەنگ بێ ڕەوتی داهاتوو بەرەو کوێ بچێ، یەکەمیان ئەوەیە ئێران پێش هەموو شتێک و بەر لەوەی کە تەحریم و سزا ئابوورییەکان کاریگەرییان بێ، گەورەترین کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران، ئیقتسادی رانتخۆر و گەندەڵ و بێ سەرەوبەرەی ئێرانە و ئەو مافیای ئابوورییە کە لە ئێران لەسەر کارە هی سپای پاسداران، هی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هی دنیایەکی ڕەشی ئابووری کە زۆریش لە سیما و دمووچاوەکانی ڕەنگە ڕوون نەبن ئەوانەن کە بەندەرکانیان هەیە، ئەوانەن کە هەناردە و هاوردەی ئێران بەڕێوە دەبەن، ئەوانەن کە دەستیان بەسەر نەوت دا گرتووە، ئەوانەن کە بەو داهاتە و بەو دەستبردنە نێو داهاتی عموومییەوە لە ڕاستی دا هەم بەرژەوەندی شەخسی خۆیان دابین دەکەن و هەم ئەو سیاسەتانەی ئێران لە ناوچەکە دا، لە جیهان بەڕێوە دەبەن.ئەمرۆ گەورەترین گرفتی ئابووری ئێران ئەوەیە بۆیەش بە بێ ئاڵوگۆرێکی سیاسی ئێران ناتوانێ رێفۆرمێکی ئابووری ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ لە خۆی دا پێک بێنێ، بەڵام کە ئەمە بوو بە شوێن ئەمە دا دیارە سزا ئابوورییەکانیش کاریگەری زۆر گەورەیان هەبووە بە سەر ئێران دا، کۆرۆنا تەقازای نەوتی لە بازاری جیهانی کەم کردەوە و ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە نرخی نەوت کەم بوویەوە. واتە بێجگە لە سزا ئابوورییەکان، شکانی نرخی نەوتیش کاریگەری گەورەی بووە و بەگوێرەی ئەو ئامارەی من خوێندمەتەوە کە مۆنیتۆ کراوە لە لایەن کۆمپانییە گەورەکان لە دنیاوە شتێک لە نێوان ٧٠ هەزار تا٢٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا ئێستا هەناردەی ئێرانە لە یەک ملیۆن و نیوی کە پێشتر هەبوو. دیارە چەندە فەرقێکی گەورەیان هەیە و ئەویش بەو نرخە کەمە لەبەر   ئەوە بودجەی دەولەت خاڵییە ئەوە بەو مەعنا نییە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پووڵ و پارەی نەماوە یا زەخیرەی ئەرزی نەماوە نا، ئەوان هەیانە و جارێ بەشیان دەکا، بەڵام لە بودجەی دەوڵەت دا نییە کە بتوانێ موچەکانی پێ بدات کە بتوانێ بەرنامەی ئاوەدانی و عومرانی پێوە بەڕێوە بەرێ، کە بتوانێ بەرەنگاری نەخۆشی کۆرۆنا بێتەوە. ئەگەر خەڵکی قەرەنتینە بکا و ئەوانەی قەرەنتینە کراون بتوانێ یارانەی ئابووریان بداتێ بنەماڵەکان بەڕێوە بچن، نەخێر بۆ ئەوانە هیچ پوڵێک تەرخان ناکات، بەڵام لە سندووقی زەخیرەی ئەرزی دا هەم هەیانە و هەم لە زۆر سندووقی نەهێنی دا کە دەسەڵاتەکەی بە دەست خامەنەیی و بەیتی ڕەهبەرییە هێشتا جارێ سندووقی ئەوان خاڵی نەبووە، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین،بەڵام دەوڵەت کە دەپەرژێتە سەر وەزعیە خەڵکی ئەو بەراستی دەستی بەتاڵە ئەمە وەزعی ئابوورییەکەیەتی کە لە ئێران دا هەیە دیارە کە وەزعی سیاسی و ئەوانەشی کە ئەگەر لێکدەینەوە ناڕەزایەتی ئێران لەو پەڕی خۆی دابوو، دەزانین دوو شەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتی لە مانگەکانی ڕابردووی دا بەڕێوە چوو نەخۆشی، بەڵام نەخۆشی کۆڕۆنا خەڵکی بردەوە ماڵێ ئەوش من بەوەی دانانێم کە خەڵک لە بیریان چووەتەوە یا ناڕەزایەتییان نەماوە یان لە سەردەمێکی  دیکە دا دێنەوە سەر شەقام بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین. هەر ئێستا وردە وردە دیار دەکات کە ڕەنگ بێ جارێکی دیکە ئێمە لەگەڵ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دەربڕین لە شێوەی خۆ پێشاندانە گەورەکان ڕووبەڕوو بین، بەڵام دیارە ئەو نەخۆشییە خەڵکی ترساندووە و تا ئەو نەخۆشییە بەسەر دەچێ پێشبینییەکەی ئاسان نییە، بەڵام وا پێش بینی دەکرێ بە دوای نەخۆشی کۆرۆنا ڕەنگ بێ ئەو سەفەر خەڵک بپەرژێنە سەر گرفتە سەرەکییەکانیان کە نەخۆشی کۆرۆنا پەردەیەکی بەسەر کێشابوو ڕەنگ بێ وابێ. دیارە شتی دیکەش هەیە نامەوێ زۆر لەسەری بڕۆم ئەویش قەیرانە نێونەتەوەییەکانی ئێرانە، سیاسەتی خاریجیێتی و زۆر شتی دیکە، بۆیە بەسەرجەم قەیرانەکانی ئێران چارەسەر نەبوون و گرفتەکانی ڕایی نەبوون، قووڵتر بوونەوە و بەرەو چارەسەر نەرۆیشتوون. بۆیە پێش بینی سەرهەڵدان و هەستانێکی جەماوەری جا بە شکلی مان گرتن بێ خۆپێشاندان بێ، تێک هەڵچوون بێ هەر چۆنێک بێ لە مانگەکانی داهاتوو دا زۆرە، کەم نییە. 
RKT_ کاک عەبدوڵڵا پاش کوژرانی قاسمی سولەیمانی، وا دەردەکەوێت کە دەست تێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کەمی کردوو و ڕوو لە کزییە،   لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. لە ڕوانگەی ئێوەوە کۆماری ئیسلامی ئەو بۆشاییەی چۆن پڕ دەکاتەوە ئایا حکومەتی ئێران لەو سیاسەت و ئاکارەی بەردەوام دەبێت یان شێوازێکی دیکە دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی هێژێمۆنی خۆی لە ناوچەکەدا؟

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئەوەی کە باستان کرد زۆر راستە یانی تەنگانەیەک، تەنگژەیەک بەسەر سیاسەتی خاریجی ئێراندا هاتووە و ئەوەش ڕەنگە سێ هۆکاری گەورەی بێ یەکیان ئەوەیە کە سزا ئابوورییەکان و بە تایبەتی هەرزان بوونی نرخی نەوت ئیمکان و دەسەڵاتی ئێرانی بۆ دابین کردنی ماڵی هێزە نیابەتییەکانی لە هەموو ناوچە کەمتر کردووەتەوە بە تایبەتی حیزبوڵڵا ناتوانێ ئەو یارمەتییە ماڵییانەی جاران بە لێشاو لە ئێران وەریدەگرت وەریان گرێ. ئێران بەڕاستی خەریکی دروست کردنی ئیمپراتوریێکی گەورە بوو جا ڕەنگە بتوانین بڵێین ئیمپراتوریێکی بۆش بوو، مقەوایی بوو هەر چی ناوی دەنێی و لە ناوچەش دا بەڕاستی خەریکی خۆ بڵاو کردنەوە و پەل هاویشتن بوو لە هەموو جێیک و دیار بوو ئەو پەل هاویشتنە ناتوانێ تا سەر بێ، مێژوو نیشانی داوە شێواندنی جوغرافیای ناوچەیەکی گەورەی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێمە مانانی تێدا دەژین، شێواندنی جوغرافیای و سیاسەتی و تەوازونی هێز بە بێ ریسکی گەورە و بە بێ خەتەری شەڕی گەورە مومکین نییە و ئێران لە ڕێگەی شەڕی بچووک بچووکەوە و بە نیابەتییەکانەوە خەریک بوو چارەسەری دەکرد کز بوونی یەک جار زۆری ماڵی ئێران، دارایی ئێران، بەڵێ ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەریان، ناتوانێ وەک جاران بەخێویان کات، ناتوانێ وەک جاران پڕ چەکیان کات و هەموو ئەو شتانە. دووهەمینیان ئەوەیە کە خۆی خەڵکی ئەو ناوچانە لە لوبنان و لە عێراق بە تایبەتی نیشانیان دا کە لە سیاسەتی ئێران ناڕازین و بە تایبەتی ئەم ناڕەزایەتییە کە هاتە سەر شەقامەکان نیشانیان دا کە بەشی زۆری شیعەکانن و ئەوە نییە بڵێی سونین یا کوردن یا خەڵکی قەومییەتێکی دیکەن نەخێر هەر لە خۆیان بوون هەر ئەو کەسانە بوون کە پێگەی تا دوێنەی ئێران بە ژمار دەهاتن، بەڵام ئەوانە لێی هەڵگەرانەوە و بۆیە لەگەڵ بەربەستێکی گەورە ئەم ئێمپراتووری سازییەی ئێران کە دەبوو لەگەڵ ئەو بەربەستانە ڕووبەڕوو بێت ئەوەش بەربەستێکی دیکە بوو. سێهەمینیان ئەوەیە ئەمریکا بە لێدانی قاسمی سولەیمانی هەموو هاوکێشەکە یا موعادلە سیاسییەکەی گۆڕی و بە بڕوای من زەربەیەکی کاریگەری بێ وێنەی لە ئێران دا کە ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە ئێران پێی وابوو لە ڕێگەی دخالەتی زۆر لە هەموو ناوچەکە کە هەر لە لووبنانەوە بگرە تا یەمەن تا عێراق تا سووریە تا ئەفغانستان کە دەستی تاڵەبانی گرتووە تا وڵاتانی کەناری خەلیجی فارس لە هەمووی ئەوانە بازدارەندەگیێکی بۆخۆی دروست کردووە مەعنای ئەوەیە، لە پێش دا دیارە ساڵانی ڕابردوو بەتەمای دروست کردنی چەکی ئەتۆمی بوو ئەو ئیمکانەیان لێ ستاندەوە دیارە بۆخۆشی ڕازی بوو، بەڵام بە یەک مەرج! بەو مەرجەی کە شتێکی دی بێتە جێی بازدارەندەگی کە بەقای ئێران تەزمین بکات کە مەعلووم بێ ئێران شەڕی چکۆڵە چکۆڵە دەکا، بەڵام تووشی شەڕی گەورە نابێت ئەوەی ئێران پێی دەڵێ «جەنگهای ناموتەقارێن» کە لە ڕاستیدا نێوی ڕەمزێکە بۆ عەمەلییاتی تێرۆریستی ئێران لە ناوچەکە، جەنگهای ناموتەقارێن مەعنای ئەوەیە کە ستراتێژی دیفاعی ئێرانە، بریتییە لەوەی کە شەڕی بچووک بچووکی نیابەتی بە دەخالەتی خۆی بکا بە بێ ئەوەی مەتەرسی ئەوەی بێتە سەر، کە شەڕی گەورەی بڕیاردەری بۆ بێتە پێش، نایەوێ شەڕی ئاوا گەورەی تووش بێت نە لەگەل ئیسرائیل نە لەگەڵ ئەمریکا نە لەگەڵ دنیای ڕۆژئاوا بە چی شەڕی چکۆڵە دەکات؟ و ناشهێڵێ تووشی شەڕی گەورە بێ؟ لە پێش دا دەیویست بە ئەتۆم بیکا ئەوە بازدارەندەگییەکەی بوو کە دوایە ئەوە نەما «ئۆباما» لێی قبووڵ کرد. ئەگەر لە بیرتان بێ زۆیشی بە ئیسرائیل و سعوودییەکان کوت کە جێگە بۆ ئێران بکەنەوە ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە و تەمەدوونێکی لە مێژینەیە و ئەویش جێگەی دەوێ ئەویش بەرژەوەندی هەیە، کێشەی لەگەڵ مەکەن و بەو نەوعە، نەوعێک گارانتی بەقای دا بە ئێران و ئیتمینانی دا بە ئێران کە هیچی لێ ناکات ئەو ئیتمینانە بوو کە ئێرانی کڕ کرد و دوای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی  چەندین دەخاڵەتی خۆی لە سووریە لە هەموو وڵاتان لە عێراق لە کوێ لە کوێ پەرە پێدا. بۆ؟ چون لە جیاتی ئەتۆم نفوزی مەنتەقەییەکەی کرد بە بازدارەندەگی.  ئێوە ئەگەر دقەت بکەن لە ئورووپا و ئەمریکا بچن ڕۆژنامەکان بخوێننەوە سیاسەتمەداران گۆفتمانی باو لە ئورووپا تا ئەم ئاخریانەش ڕەنگ بێ ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەوە بوو کاکە دەست بۆ ئێران مەبەن قەی ناکا، فڵان شتە دەکات قەی ناکا، قەی ناکا فیسار شتە دەکات، چوونکە ئەگەر بێت و شەڕی ئێران بکەین تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست یەک پارچە دەبێتە ئاگر. ئەم گۆفتمانە بوو کە بازدارەندەگی بۆ کۆماری ئیسلامی تەمیین دەکرد. یەعنی وای دەکرد کە کۆماری ئیسلامی شەڕە بچووک بچووک و نیابەتییەکانی بکات، پەل بهاوێژێ خۆی بڵاوکاتەوە، ئیمپراتوورییەکەی دروست کات بە بێ ئەوەی تووشی شەڕێکی پڕ چارەنووس ساز و گەورە و پڕ دامەنە بێ بە لێدانی قاسمی سولەیمانی ئەو بازدارەندەگییە ئەگەر ناڵێین بە تەواوەتی تەواو بووە، بەڵام زەربەیەکی گەورەی خواردووە بۆی هەیە جا تۆ حیسابی کە نە هێندە داهاتی وەکوو جاران هەیە کە بتوانێ نیابەتییەکانی دابین بکات لە بواری داراییەوە، ئەو زەربە قورسەشی خواردووە ناتوانێ وەکوو جاران پەل بهاوێژێ دەسەڵاتەکەی وەکوو جاران نەماوە جاران فەرماندەی سوپای قودس دەچوو کابینەی عێراق ئەو جەلەسەی کابینەی ئیدارە دەکرد هەر رەهبەرێکی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستی بدیبایە بیویستبایە دەیدیت بە فەوری و کاریگەری بەسەریانوەوە بوو، ئەوە تەواو بووە.
 شتێکی دیکەشی پێ ئیزافە بووە ئەویش ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەردەوام خەریکی کوتان و لێدانی هێزەکانی ئێرانە لە سوورییە. جێگەی پێ لێژ کردووە نەهاتۆتە دەرێ، چۆڵی نەکردووە، بەڵام زۆری گرفت بۆ خوڵقاندووە کە ئەوانە هەموو لەسەر یەک دانێ دوو نەتیجەی لێ دەبینی؛ یەکەم ئەوەیە بازدارەندەگی ئەتۆمییەکەی کە لە کیس چووبوو و دووهەمی ئەوەیە بازدارەنگی مەنتەقەیی و نفوزی مەنتەقەییەکەشی لە ژێر پرسیار دایە بۆیە لە سەرێکەوە ئێران خەریکە جارێکی دیکە دەچێتە گۆشەوە پاڵیان پێوەناوە بۆ گۆشە و پشتی بە دیوارەوەیە و ئەوە نیشان دەدات تەبعەن زەعیف بووە، بەڵام یەک شتی دیکە نیشان دەدا ئەگەری ئەوەی هەیە جارێکی دیکە ئێران بەرەو ئەتۆمی کردن بڕوا زۆرە. ئەو ماهوارە و سەتەلایەتەی کە دەینێرێ بۆ سەتەلایەتەکەی نییە ئەمریکاییەکان دەریانخست سەتەلایەتییەکە وێب کەمێکی پێوەیە لەوە زیاتر نییە ئەرزشی تەجەسووسی نییە بۆ چاودێری کردنی وەکوو سەتەلایتییە ڕاستەقینەکان، ئەهەمییەتەکەی لە موشەکەکەی دایە و چەندین جار تاقی کردووەتەوە و شکەستی خوارد، ئەم جارە سەرکەوت توانی بە موشەکێک شتێک بنێرێتەفەزا ئەو موشەکە موهیمە، نە ماهوارەکە. موشەکەکە بۆ ئەوەیە بتوانێ ئەگەر دروستی کرد کڵاوەی ئەتۆمی لەسەر دابنێ. بۆیە من پێموایە هەموو ڕەفتاری ئێران نیشان دەدات و عیلاجی دیکەشی نەماوەتەوە غەیری ئەوە جارێکی دیکە بەرەو ئەتۆمی بوون و بەرەو ماجەراجوویێکی گەورەی دیکە بچێ، چوون هەست دەکا چەکەکەی دیکەی خەریکە لە دەست دادەکەوێ کە بریتی بوو لە نفووزی مەنتەقەیی بۆ قودرەتی ماڵی بۆ پشتیوانی ئەو نفووز و دخالەتە و خەڵکیکی مەنتەقەکە کە پشتیوانیان لێ دەکرد نە خەڵکەکەی ماوە نە نفووز و دەسەڵاتەکەی وەک جاران ماوە نە ئیمکانی ماڵی ماوە، ئەو گوفتمانەیش وەک جاران ئەهەمییەتی نەماوە کە بڵێن ئێران مەنتەقەکەی بە ئاگر دەکێشێ بۆیە ئێران بە هەر نەوعێک بێ یا بە هەڕەشە یا بە راستی هەوڵ دەدا بەرەو ئەتۆم بچێ چونکا ڕیگەی دیکەی نەماوە. کە دەڵێم ڕێگری دیکەی نەماوە ئەڵبەتە ئەگەر حکوومەتەکەی جورێکی دیکە بایە ڕێگەی دیکە ئاشت بوونەوە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی بوو، گۆڕینی سیاسەتەکەی بوو، بەڵام ئەوە شتێک نییە. زەحمەتە تاکاتێک خامەنەیی مابێ، زەحمەتە بۆ دوای خامەنەییش ئاسان نییە پێشبینییەکەی بۆیە جگە لە وەزعی ناوخۆیی کە عەرزم کردن هیچی چاک نەبووە و خەرابتریش بووە، ئێران بەرەو قەیران، زیاد بوون و زێدە بوونی قەیرانی نێو نەتەوەیەکەشی دەچێتەوە ئەوە نەتیجەگیری منە. 

RKT_ هەروەک بۆ خۆتان باستان کرد ئێران پێ دەچێت چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەست پێ بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە خامەنەیی ماوەیەک لەمەوبەر باسی سولحی حەسەنی کرد و گۆڕینەوەی کەس و زیندانییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هاتە ئاراوە، ئەمانە دەتوانن چ مانایەکیان هەبێت؟ 
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئێران خۆی بۆ سازشێکی قارەمانانەی دیکە ئامادە دەکات من زۆر لەو بڕوایە دانیم، پێم وایە هیچ نییە و لەو قسانە جار جار دەیکەن و نیشانەیەک دیار نییە لە پاشەکشەی جمهوری ئیسلامی، پاشەکشە بەو مەعنا نیشانەیەک لە وەی ئێران ئامادە بێ بۆ وتوووێژ، ئێران خۆی ئامادە کردووە بۆ ڕۆژی ٣ی نوامبری ئەمساڵ، ٣ی مانگی ١١ی میلادی، پێموابێ ڕۆژی ٣یەکە ئەگەر بەهەڵە نەچووبم، کە ڕۆژی ئینتخاباتی ئەمریکایە، خۆی داناوە کە کۆرۆنا وای کردبێ قەیرانی ئابووری بە دوای کۆرۆنادا و رکودی ئیقتسادی و بێکاری، هەمووی ئەوانە وای کردبێ کە ترامپ نەیەتەوە سەر کار. خۆی بۆوە حازر کردووە. پێم وانییە لەو چەند مانگە دا بەرەو وتوووێژ بچێ وا دیار نییە. بەڵام دیسانیش ئەوان نهێنیکارن، درۆزنن، ئەهلی تەقییەن، وەکوو ورچەکە وایە کە ئەگەر هێلکەی کرد، کردی. نازانم ناتوانم سەتاسەت بڵێم بەڵام نیشانەکان وامان پێ ناڵێن. 
RKT_ئەو قەیرانانەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد لەوەها قەیران و بارودۆخێک دا خەڵکی کورد دەیهەوێ چ هەنگاوێک بنێ؟ ئایا ئەو «ناوەندی هاوکارییەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» کە دروست بووە وەک هەنگاوێکی باش کە هەمووش دەڵێن باشە، ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری داهاتوو؟ 
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ حەتمەن هەموو لایەنێک بیریان لێ کردووەتەوە، «ناوەندی»ـش وەکوو ناوەند دەبێ بیری لێ بکاتەوە. من ناچمە نێو وردەکارییەوە، بەڵام ئەوەندە دەڵیم ئێمە کۆمەڵێک تێروانین و بۆ چوونی تازە کە قەراریش وایە ببێتە گەڵاڵە ئەوەمان پێشنەهاد کردووە. لە نێو ناوەند دا و حەتمەن هەموو لایەنەکان بە دقەت پێشنەهادەکە تاوتوێ دەکەین، هی هەر کەس بێ تێی دەفکرین و هەڵی دەسەنگێنین. من وا دەزانم لە ئێستا و مانگەکانی داهاتوو وەختی ئەوەیە کە بەڕاستی ناوەند خۆی بۆ سەردەمێکی نوێ ئامادە بکات. جا ئایا ئەو سەردەمە درەنگتر یا زووتر دەبێ کەس نازانێ، بەڵام گونجاوە کە وا بکات، جێی خۆیەتی و پێویستە ئەو کارە بکرێ.
RKT__ دۆخی ئۆپۆزسیۆنی غەیری کورد چۆن دەبینن؟ ئایا غەیری کوردەکان ئەوانیش ئامادەییان بۆ ئەو ئەگەری هاتنە ئارای ئەو ئاڵوگۆڕانە هەیە؟ 
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئەوانیش هەوڵی خۆیان دەدەن جا چ لە نێو خۆ بێ چ لە دەرەوی وڵات بێ لایەنە زۆرەکان هەموو کەس هەست بە ئەگەری گۆڕانکاری دەکات. هەموو کەس دەڵێ ئیران بەرەو هەڵوەرینێک، بەرەو فرووپاشییەک و تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەچێت و ئەو قسە و پێش بینییانە لە هەموو لایەنێکەوە هەیە. قسەی یەک لایەن نییە، کەسیش نازانێ کەی و چۆن، بەڵام هەر کەسە خەریکە خۆی ئامادە دەکات من ئەو ئامادەگییە بەو مەعنا لە ئێستادا ئۆپۆزسیونی ئێرانی توانیبێتی متمانەی خەڵکی ئێرانی بە دەست هێنابێ و بتوانێ لە ئەگەری ئاڵوگۆڕ دا جێی جمهووری ئیسلامی بگرێتەوە، نا شتی وا ئامادە بوونی نییە، بەڵام من هەندێک هەوڵی موسبەت و چاک دەبینم و پێم وایە ئەوانە بۆ کوردیش دەتوانێت جێگەی سرنج بن، چون ئێمە ناتونین بە تەنها بە ئامانجەکانمان بگەین مەبەستم بە ئامانجی گۆڕانکاری لە ئاستی سەراسەری ئێران بگەین و ئەو شتە دەبێ بە دەستی هەمووان جێ بە جێ بکرێ. بۆیە گرینگتر لە هەمووان ئەو بزووتنەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و جەماوەرییانەن کە لە ناوخۆ ڕوو دەدەن. بۆیە حەقە ئێمە زۆر وریا بین بە نۆبەی خۆمان ئەگەر دەستی هاوکارییان بۆ ئێمە درێژ کرد دەستی هاوکارییان بۆ درێژ کەین.
جۆرێک بزووتنەوەی کوردستان لەگەڵ باقی بەشەکانی ئێران دیارە تایبەتمەندی خۆیان هەیە داخوازی تایبەتی خۆیان هەیە، زۆر جێگای یەک ناگرینەوە، بەڵام لە بواری خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ لا بردنی ئەو ڕژیمە لێرەدا لەگەڵ زۆرێکیان یەک دەگرینەوە.
RKT_ زۆرێک لە بینەرانی ئێمە ئێستا کامێنتیان نووسیوە سەبارەت بە ناوەند دەڵێن ناوەند دیارە شتێکی باشە بەڵام، زۆر ڕازی نین لە کارەکانی ئایا ئێوە ئەو کاپاسیتییەی تێدا دەبینن کە بەرینتر بێتەوە کاری باشتر بکات؟
هاوێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ من کارە باشەکەی بەوە دا دەبینم کە یەکەم زۆر کار هەیە کە ئێمە لە نێو خۆمان هێشتا نەمانکردووە، دەبێ ئێمە ئەولەوییەت دانێین بۆخۆمان. دەبێ بزانین ئەم قۆناغە کە ئەگەری گۆڕانکاری و ئەگەری داڕووخان هەیە، ئەگەری گۆڕانکارییە سیاسەتی و کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە زیاترە لە ئێران، لەم قۆناغەدا ئێمە چۆن کارێکی وا دەکەین کە بە شێوەیەکی هاوبەش بتوانین کاریگەری بەرچاومان بێ و لە ئەگەری ئاڵوگۆڕەکان دا ئێمە دەبێ بتوانین ئەمنییەتی کوردستان دابین کەین، ئاساییشی کوردستان دابین کەین بتوانین کورد وەکوو هەیکەلێکی یەکگرتوو نوێنەرایەتی بکەین. لە ئاستی جیهانی و لە ئاست تارانی داهاتوودا. دەبێ بتوانین نوێنەرایەتی کورد بکەین لە گۆڕانکانییەکان و لە دوای ئەوان، شتی وا بە بڕوای من مومکینە. ئەگەر بمانهەوێ بۆچی مومکین نییە؟! هیچ کوێی ئێران بە قەدر کوردستان ئامادەگی سیاسی تێدا نییە ئێمە هێزی  کافیمان نییە بۆ ئەوەی هەموو گۆڕانکارییەک پێک بێنین لە ئێران ئەوە هەموو کەس دەزانێ، بەڵام هیچ کوێ بەقەد کورد پۆلاریزە و سیاسی نییە و هیچ کوێش بە قەدر کورد ئەحزابی ڕیشەداری نییە. هیچ کوێ بەقەد کورد ئەهلی ڕێکخراو نییە و ئامادەگی ئەوەی نییە لە ٤٨ ساعەت دا هەزاران پێشمەرگە لە نێو خەڵک هەڵدەقووڵێن و ئامادەگی ڕاپەڕینن و هەستانی نییە. بۆیە ئەو ئامادەگییانە وجودی هەیە، بەڵام ئەوە دەبێ هەڵپێکرێ لەگەڵ ناوەند و لەگەڵ تێگەییشتنێکی نوێ لە ناوەند، دەبێ ئیرادەیێکی تازە لە ناوەند شکڵ بگرێ کە بە بڕوای من مومکینە.
RKT_ بیسەرانی ئێمە بە کامێنت بۆمان دەنووسن و دەڵێن ئێوە زۆر پێشتر باستان لە هێندێک پێشنیار کردبوو بە لایەنەکانی کوردستان، لەوانە پێک هێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگەی کوردستان، دیپلۆماسی هاوبەش، مێدیای هاوبەش ئایا هیچ نیزیک بوونەوەیەک لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پێشنیارانە هاتۆتە گۆڕێ؟ لە کاتێک دا هەر وەک ئێوە ئاماژەتان پێ کرد ڕەوتی ڕووداوەکان تووند و بە خێرایە و لەسەر کەس ڕاناوەستێ یا دەبێ چاوەروان بین کە ئەمە هێزەکان بەرژەوەندی خۆشیان و بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیش دەزانن.
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئەو هەنگاوانەی کە ناوەند هەڵی گرتووە باشن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک کافی نین و لە ئاستی پێویستییەکانی سەردەم دا نین، بۆیە ئەگەر ناوەند لێرە بەڕاستی ببێتە چەکی خەبات و جووڵانەوەی ڕاستەقینەی کورد کە ملیۆنها کەس بە حەرەکەت دەردەێنێ و دەیجووڵێنێ و نوێنەرایەتی بزووتنەوەیەکی ملیۆنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات پێویستی بە تەکانێکی تازە هەیە بەو حەرەکاتەی تا ئێستا کردوومانە هەر چەند زەمینە سازیێکی باش کراوە، بەڵام بەراستی کافی نییە.



RKT_ کاک عەبدوڵڵا لەو رۆژانە دا بە تایبەت لە فیسبووک و لە ئینستاگرام ژمارەیەک هەوڵیان داوە کە لاپەرەکانی کۆنی ڕابردوو هەڵدەنەوە و بە قەولێک «کای کۆن بە با کەن» یا برینە کۆنەکان بوکلێننەوە، ئەم شێوە دندووک لێدانە بە بێ زانیاری تەواو چ ئاکامێکی دەتوانێ لێ بکەوێتەوە و دەتوانێ بە چ مەبەستێکەوە کەڵکی لێ وەربگیرێ؟ لە لایەکی دیکەش باسێک هەیە لەوە کە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکان یا دەستکەوتەکانی پێشوو و ڕابردوو دەبێ بخرێتە بەر چاو، ئێوە لەو بابەتەوە چ بۆچوونێکتان هەیە؟ 
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ پێم وایە خەڵکی کوردستان وریا و وشیارن و تێگەیشتنی ئەوان لە ڕاستییەکان ئاگادار بوون لە مێژووی خەباتی سی، چل، پەنجا ساڵە و دوورتریش دەڕوا. ئەوە مافی ئەوانە، بەڵام بە مەرجێکی بۆ هەڵخراندن وچز وەشاندن نەبێ بۆ تێکدانی نێوانەکان و لێکترازانی حیزبەکان و لایەنەکان نەبێ، بەڵکوو مەبەستێکی دڵسۆزانە و یەکگرتوویانە، وەکوو جەنابت دەڵێی بۆ «دەرس لێ وەرگرتن» لە مێژووی ڕابردوو بێ. ئەو مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستان لە مێژە و بەڵام بە تایبەتی لەم چل ساڵ، چل و دوو ساڵی ڕابردوو دا زۆر زۆر شتی جێی شانازی هەیە و زۆر زۆر لاپەرەی پڕشەنگداری تێدایە زۆر دەرسی گەورەی تێدایە، بەڵام لە عەینی حاڵیش دا بێ کەم و کۆی نەبووە. من لێدوانێکی دڵسۆزانە لە وانە بە خراپ نابینم و بە ماف خەڵکی کوردی دەزانم، بەڵام ئەوەی جەنابت دەڵێی هەستم کرد زۆرتر مەبەست دندووک لێدانێکە بۆ کولانەوەی برینەکان، وەکوو باست کرد، من ئەو نەوعە نە بە مەسئولانە دەزانم و نە بە دڵسۆزانەی دەزانم و نە بە ڕێخۆشکەری خەباتی داهاتووشی دەزانم. ئەگەر بە من بێ وەکوو تەوسییەیەکی دڵسۆزانە و برایانە و دۆستانە من زۆر پێم وانییە... دەبێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر کەسێکیش کردی با هەموو کەس زوو پێی هەڵنەخرێ، زوو پێی هەڵنەچێ، زوو پشوومان سوار نەبێ بەو جورە شتانە و نەکەوینە شەڕە دندووکەی یەکتری. کەسێک بە هەر مەبەستێکەوە بیهەوێ گێڕە شێوێنی بکات ناتوانین پێشی هەموو کەس بگرین، بەڵام خۆ دەتوانین پێشی خۆمان بگرین، کە بەنزین بەم جۆرە ئاورانە دانەکەین، بەڵام ئەگەر کەسێک بە 
شێوەیەکی زانستییانە ویستی لێکۆڵینەوەیەکی چاک پێشکەش بکات ئەمن پێموایە ناکرێ پێشی پێ بگرین و حەقە سرنجی بدرێتێ. 
RKT_ کاک عەبدوڵڵا بە لەبەر چاو گرتنی هەموو قەیرانەکانی حکوومەت، قەیرانەکانی ئابووری، قەیرانە سیاسییەکان، مەشرووعییەت ڕژیم، قەیرانی ژینگە و بێ ئاوی، ئیختلافاتی ناوخۆیی حکوومەت چۆن دەبینن؟ ئایا بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئەوانیش هەستیان بە مەترسی داڕمانی حکوومەت کردووە. ئایا ئەم ئیختلافەیان وەلا دەنێن یا زۆرتر لێی دەترازێن؟ یان دەڵێن چوونکی لە کەشتییەک دان حەول دەدەن کە ئەو کەسانەی کە پێشتر مەمنووعۆلتەسویر بوون بیانهێننە گۆڕێ دیسان خۆیەک لێک بدەن و لێک نیزیک ببنەوە؟
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئەو مەمنووعولتەسویرە ڕەنگ بێ مەبەستتان «محەممەدی خاتەمی» و ئەو ڕەوتە بێ کە لە ئێران بە ناوی ئیسلاحخوازانی حکومەتی ناسراون، تێگەیشتنی من ئەوە نییە و ناتوانم سەد دەرسەد بڵێم و عەرزم کردی ئەوە لەو پێشبینییانەیە کە کەس نازانێ و بەڵام بە تێگەیشتنی من و لێکدانەوەی من ئیسلاحتەڵەبان نایەننەوە و کاریشیان پێ ناسپێرن و تەواو بوو ئەو دەورە ئەگەر بیکەن، فەرزی مەحاڵ، مەحاڵ نییە، ئەگەر شتێکی وا بکەن، ئەگەر ئەو ئیسلاحتەڵەبانە بێنەوە مەیدان من پێموایە خۆیان پێ ڕاناگرترێ، واتە ڕاگرتنی ئەو حکوومەتە بە شل کردنەوەی پێچ و مۆرەکان ناکرێ بە تووند کردنەوەی پێچ و مۆرەکان دەکرێ و بە زەبر و زەنگی زۆرتر نواندن دەکرێ و دەزانم ئیمکاناتییان بۆ زەبر و زەنگی زۆرتر نواندن ڕەنگ بێ بەقەدر جاران نەبێ، ترسیان زۆرتر بێ  مقاومەت و قبووڵ نەکەری خەڵک زیاتر بێ، وایە ئەوە گرفتی ئەوانە و ئەوە تا ئێستا هانی نەداون و بۆ جورێک سیاسەتی ئاشتیخوازانە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیان بە کار بێنن، پێم وانییە و من نابینم نیشانەیەک لەوەی کە بڵێی سیاسەتەکانیان لە بواری نێو خۆیی دا خەریکن دەگۆڕن. ئەوە من نایبینم و بە زەحمەتیشی دەزانم بە تایبەتی تا کاتێک خامەنەیی لە ئارا دابێ ئەو فەلسەفەکەی وایە کە دوژمنی خارجیت هەیە دوژمنی داخڵیت هەیە و بەرانبەر بە هیچیشیان نابێ «سازشێکی قارەمانانە»ی وەک ئەو دەڵێ لە ناعیلاجی دەبێ بکەی، بەڵام دەبێ هەر بۆت هەڵکەوت،  بچییەوە جێی خۆت و ئەو فەلسەفەی هەیە ئەگەر ئەو بڕوات پێم وانییە ئیسلاحتەڵەبان بێن، من پێم وایە سۆپای پاسداران هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لە ئێران پێیە، ئەو خەتانە دێن، ئەو جۆرانە دێن، ئەوانەی کە لە ئێران بە نێوی تووندڕەوەکان ناسراون ئاوانە زۆرتر دەستی باڵان کە هەشیانە ئەوەندەی دیکە دەستی باڵا پەیدا دەکەن. ئەگەر بیانهەوێ سازشێک بکەن من پێموایە سازشەکەیان لەگەڵ ئەمریکا دەبێ تا لەگەڵ میلەتەکەی خۆیان و بەڵام سازش لەگەڵ ئەمریکا ناڵێم غەیری مومکینە، ئەوەش ئەگەرێکە کە ناتوانی بە کوللی نادیدەی بگری، بەڵام ئەگەر بە فەڕز سازشێکی ئاوا بکرێ لەگەڵ ئەمریکا من زۆر زۆر بە پاشەکشەیەکی گەورەی دەزانم بۆ نیزامی جمهوری ئیسلامی. دوای ئەو خۆی بگرێتەوە وا بە ئاسانی دەکەوێتە سەرەو لێژییێک و هەر ئەوەشە خامەنەیی تا ئێستا هەر دووک پێی کردووەتە یەک کەوش و ناهێڵێ ئەو سازشە لەگەڵ ئەمریکا بکرێ، چونکا سازش لەگەڵ ئەمریکا مەعنای کۆمەڵێک پاشەکشەی ئەساسی هەیە، سازشی چی!؟ خۆ بە تەعاروفات ناچێتەوە پێشەوە هەر وەک ئەتۆمەکە وایە سازشی ئەتۆمییەکە لە جێیێکی دیکە بەڵێ! هێشتیان سیاسەتی مەنتەقەیی خۆی زۆرتر بەڕێوە بەرێ، بەڵام چەکی ئەتۆمییەکەیان لێ کەم کردەوە لە ئێستادا خەریکە خۆی نزیک دەکاتەوە لە چەکی ئەتۆمی، ئەوە بەحسێکی دیکەیە. بەڵام ئەگەر قەرار بێ سازشێک بکات لەگەڵ ئەمریکا دەبێ لەو موشەکە باڵستیکە دوور هاوێژەکان دەست هەڵگرێ، لە هەموو بەرنامەیەکی چەکی ئەتۆمی دەست هەڵگرێ، لە دەخالەت لە عێراق و سووریە و لوبنان و یەمەن و کوێ و کوێ دەست هەڵگری لە دوژمنایەتی ئیسرائیل دەست هەڵگرێ کە ئەوەندەی دیکەیان خەست و خۆڵ کردووەتەوە ئەو ساڵ لە دوژمنایەتی ئەمریکا و پێشل کردنی ئاڵایەکەی و  سووتاندنەکەی دەست هەڵگرێ. جا ئەگەر ئەوانە بکات جمهوری ئیسلامی وەکوو شاعیر دەڵێ دەبێتە «شیرێ بێ یاڵ و دۆم و شکەم»، هیچی لێ نامێنێتەوە. ئەگەر چی بە غەیری مومکینی نازانم بەڵام ئەوە قۆناغی پێش ڕووخان دەبینم لە ئێران.
RKT_ لەو باسە دا پرسیار ئەوەیە کە لە ئەگەری ئەوەدا کە ئەو پاشەکشەی کرد لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا، هەڵسووکەوتی لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی بە نەریتی جاران دەبێت یان دەبێت بە دەرفەتێک و کرانەوەیەک لە بواری سیاسی لە ناوخۆی وڵاتی ئێران. ئەزموونی پێشووتر پێمان دەڵێت کە هەر کات کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی سازا بێت و سازشێکی کردبێت، ڕووکارێکی توند و تیژی بەرامبەر بە خەڵکەکەی خۆی دەنوێنێت. ئیعدام کردنەکان و سەرکوتگەرییەکانی زیاتر دەکات. ڕای جەنابت لەم بارەیەوە چییە؟

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ جا ئەوەم عەرز دەکردی خۆ من ئەگەرەکەی زۆر کەم دەبینم، بەڵام ڕەتی ناکەمەوە و ئەو پاشەکشە خارجییە، بەڵام بەهەر حاڵ ناتوانی ڕەتی کەیەوە. بەڵام ئەگەر پاشەکشەی خارجی کرد لازم نییە پاشەکشەی ناوخۆیی بکات، خەڵک بۆخۆیان دێنە مەیدان، لازم ناکات. من پێم وانییە پاشەکشەیەکی ئەوتۆ بەرانبەر بە خەڵکەکەی خۆی بکات، بەڵام خەڵک ئاساری زەعف لە سیمای کۆماری ئیسلامی ئێران دا دەبینن ئەو پاشەکشەیە لە موقابیل ئەمریکادا پێوە دیار دەبێ، نیشانەی زەعف و بێچارەیی و بێ پەناهییەکەی دەبێ و خەڵك جمهوری ئیسلامییان ناخۆش دەوێ مەحتەلی فورسەتن دەیقۆزنەوە. ئەو فورسەتە لازم ناکات جمهوری ئیسلامی مەرحەمەتی بکات. خۆی تەوازونی هێز دەگۆڕێ پاشەکشەیێکی خاریجی ئاوا گەورە تەوازونی هێزی ناوخۆیی دەگۆڕێ و تەقویەتێکی ڕۆحی گەورە دەبێ بۆ خەڵک ئەوە تێگەیشتنی منە. 
RKT_ کۆمەڵێک لە بیسەران و بینەرانی ئێمە باس لەوە دەکەن کە لە وەها کاتێک دا کە حیزبەکانیش بە کۆمەڵەشەوە و حیزبەکانی دیکەش ئایا ئەو هەلە دەقۆزنەوە؟ ئەوان زۆر نیگەرانن کە لەو هەلەی کە هەیە ئایا حیزبەکان دەتوانن گوێ نەدەن قسەی ئەم و ئەو لە قسەو قسەلۆکی هێندێک کەس بە یەکگرتووییەکی زۆرترەوە هەلەکە بقۆزنەوە؟
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئەگەر نەیکەن بە وەزیفەی خۆیان ئاشنا نین. مەعلووم نییە فارس دەڵێ توپچە رو چهل و یک بار مواجب میدن کە یک روز توپ درکنە. ئەخە بۆیە موچە دەدەن، کەس موچەی نەداوە بە ئێمە، بەڵام مەقسوودم ئەوەیە یەک عومر تۆ خەبات دەکەی، یەک عومر ڕێکخستن دەکەی، یەک عومر کاری ڕاگەیاندن دەکەی، یەک عومر پێشمەرگە تەربییەت دەکەی، یەک عومر سازمانسازی دەکەی لە کوردستان بۆ ئەوەی کە بتوانی ڕۆژێک ئیستفادەی لێ بکەی. من هیوادارم بە باشترین شێوە بە یەکگرتوویی بە بەرنامەی چاک ئەو ئیستفادەیە بکەن. ئەگەر یەکگرتوویی نەبێ ئەو ڕۆژەی کە باسی دەکەین جا با هەر سێناریۆیەک بێتە پێشەوە ئەو ڕۆژەی کە دەبێ حیزبەکان بەو ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بنوێنن مەترسی گەورە ئەوەیە نایەکگرتوو بن لە جیاتی ئەوەی یەکتری بە هێزکەن یەکتری خۆنسا کەنەوە و ململانەی نێو خۆیان هەموو دەستکەوتێکی کورد بفەوتێنێ، ئەوە خەتەری گەورەیە! من پێم وایە دەبێ ئێمە ئەسڵ و پرەنسیب قبووڵ کەین هەموو حیزبەکان لەسەر ئەساسی ئەو پرەنسیبە، گەڵاڵەی موشەخەس داڕێژن. ئەویش ئەوەیە ئیدارەی موشتەرەکی کوردستان دەبێ بکرێ کە دەڵێم موشتەرەکیش فەقەت مەبەستم حیزبەکان نییە، بەڵێ حیزبەکان چوارچێوەیەک بە وجود دێنن، بەڵام خەڵکی پسپۆر و زانا و تێکۆشەری ناوخۆش کەڵک وەربگرێ.
لە دامەزراوە جەماوەری و مەدەنییەکان کەڵک وەربگرێ. لە کۆمەڵگەی مەدەنی کەڵک وەربگیرێ، بەڵام بەهەر حاڵ حیزبەکان دەتوانن ستوونی فەقەراتی بن ئەگەر بە یەکگرتوویی بیکەن. بەڵێ بە بڕوای من گەورەترین سوود وەردەگرن چونکا خۆوشیاری سیاسی و هێزی ڕێکخستن و ئامادەیی فیکری و سیاسی لە کوردستان ئەسڵەن کەم نییە. ئەگەر بۆخۆمان بە ململانەی ناووەخت و نابەجێگا و کەسە تەمەعی زۆرتری بێت بۆخۆی و لە نەتیجە دا ئامادە نەبێ شتێک فیدا بکات بۆ شتێکی گەورەتر، بۆ کۆمەڵگا بە دەست بێنێ ئەگەر ئەو ئامادەییانەمان نەبێ لە هەزار ئێرانیش بێ ئێمە ناتوانین چالاکی بقۆزینەوە. هەر چەند عەرزت دەکەم پۆتانسیەلەکەی بە تەواوی هەیە، غەدرێکی گەورەیە ئەگەر حیزبەکان ئەو کارانە نەکەن پرەنسیبەکەشی لە نەزەر منەوە ئەوەیە. بۆیە ئێمە دەڵێین دەبێ پێشدا بیر لە هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و سەرئەنجام لە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە بکرێتەوە. ئەو ڕۆژە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووی دێمۆکراسی دەبینێ ڕوی حکومەتی یاسا دەبینێ و دەتوانێ بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی نیشان بدات کە ئیستحقاقی بەڕێوە بردنی خۆی هەیە کە هێزی پێشمەرگەی هەموو کوردستان یەک بێ. نەک من بەتەنیا نێوی حیزبەکەی خۆم بنێم هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەی باقییەکەیان چی؟ نە هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ و هەمووی یەک قەوارە یەکگرتوو بێ حیزبەکان حیزبایەتی بکەن نفوزیان هەبێ لە هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێزی پێشمەرگە کوردستان بە عام دەپارێزێ. ئەمنییەتی هەموو خەڵکەکەی دەپارێزێ یاسا دەپارێزێ، پارلمان دەپارێزێ، خەڵک لەبەرابەر پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ دا دەپارێزێ، مافە دێمۆکراتیکەکانی دەپارێزێ ئەو جورەی کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دێموکرات ئەرتەش و هێزی چەکدارەکان دەکات. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و دێموکرات هەمووی خزمەتی گەورەیان کردووە، قوربانی زۆریان داوە دەبێ ڕێزیان لێ بگرن دەبێ لە سەر سەرمانیان دانێین، خەڵک لە سەر سەریان داناوە، بەڵام هەموو شتێک قۆناغێکی مێژوویی خۆی هەیە ئێمە دەبێ بڕۆین بەرەو هەماهەنگی، بەچی دەچین بەرەو هەماهەنگی؟ دەبێ ئەسڵی ئیدارەی موشتەرەک لە دەرەوەی ئەم قۆناغی تێپەرکارییە بێت، دەبێ ئەوە قبووڵ کەین جا ئیتر هەماهەنگی ئیداریمان هەبێ، هەماهەنگی ڕاگەیاندن و تەبلیغاتیمان  هەبێ، نوێنەرایەتی هاوبەشمان هەبێت بۆ تەعاموول لەگەڵ دەرەوەی خۆمان و ئەم هەماهەنگی هێزی پێشمەرگەمان هەبێ، ئەگەر ئەوانە بکەین هەموو ئێران بە ئێمە ناگۆڕێ، بەڵام کە ئێران لە گۆرانکاری نزیک بوو بتوانین دەستیان بۆ هاوکاری درێژکەین، ئەو جێیەی لە بەرژەوەندماندا بوو دەتوانین بەرگری بکەین، دەستی ڕەد لە سینەی ئەو کەسانە بدەین کە دیسان قازانج و مەسڵەحەتی بەرژەوەندی گەلی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تێدا بێت.
هەمووی ئەوانە مومکینە بە شەرتێک لەم یەکگرتووییەدا جیددی بین. ئەم یەکگرتووییە هەم خۆمان بیکەین هەم بیبەینە ناو کۆمەڵگاوە. بیبەینە نێو بەدەنەی کۆمەڵگای کوردستانی ئێران. ئەگەر ئەوە بکەین، تەنگانەش ئەگەر هات کەمتر زەرەر دەکەین. ئەگەر کرانەوەیەکیش بوو من پێم وایە دەتوانین زۆرترین قازانج بکەین. میلەتی کورد لە ڕووسووری لە مەیدان بێتە دەرێ بە تەنیا ناتوانین هەموو چارەنووسی ئێران دیاری بکەین. هەموو کەسیش دەزانێ موجبوور نین، لە جێی وایە بە تەعامووول و جێی واشە بە وەستانەوە، بەڵام لە هەر حاڵ دا لە گۆرانکارییەکانی داهاتوو چ شتێکی گەرەتر چ پشکێک نە زیادەخوازی بکەین، بەڵام پشکی شیاوی کوردستان ئێمە دەتوانین دەستبەسەر بکەین و ئەوە شانازیێکی گەورەیە نەسڵی ئێمە ئەوەندە بکات زۆرە، باقییەکەی دەبێ بە جێ بهێڵێ بۆ نەسڵی تازە.



RKT__ بینەرانی ئێمە دەنووسن لە قەیرانی کۆرۆنا دا خەڵک نیشانیان دا بە دەم یەکەوە دێن خۆی ئیدارە کردنی مەحەلات و گەرەکیان پێک هێناوە، یارمەتی یەکتریان داوە و چاوەڕێی حیزبەکانن کە یەکگرتوو بن ئەو جۆرەی کە ئێوە دەفەرموون...
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ بەڵێ بێ گۆمان خەڵك لە زۆر کات و شوێندا یەکگرتوو بوون، لە بوومەلەرزەکەی کرماشان، لە مانگرتنە گشتییەکان، لە ناڕەزایەتی بە ئیعدامی ڕامین و کەسانی دیکە، بە مووشەک بارانی بنکەی حیزبەکان، لە سەخت ترین شەرایەت دا ئەو یەکگرتوویەمان دیوە. لە بەرەنگاری کۆرۆنا دەست گرتووییەی یەکترییان کردووە، بەڵێ ئەوانەمان هەموو بینی و ئەوە نیشان دەدات، منیش لە قسەکانم دابوو کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایێکی ئامادەیە تا ڕادەیەکی زۆر و حیزبەکانیش بێکار دانەنیشتوون. قسەیەکیش بۆ دز بکەین، بەشێکی بەر چاوی ئەو ئامادەییە سیاسی و ڕۆحی و زێهنییەی کە کۆمەڵگای کوردستان دا هەیە بەرهەمی ئەو هەموو ڕەنج و قوربانی و تەبلیغاتی ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک و شار بە شار و هەر لە ڕادیۆ کۆنەکانی کە دەمانخستە کار و لە جەولەی پێشمەرگەوە تا ئێستا هەتا دوایە تەلەفزیۆن و دوایە بە بێ تەلەفزیۆنیش لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و ئەو هەموو پێشمەرگایەتییە ئەو هەموو ڕاگەیاندنە ئەو هەموو ڕێکخستنە ئەو هەموو قسەی چاک کردنانەوە، ئەوانە هەموو لە تەربییەت و پەروەردە کردنی کۆمەڵگادا دەستیان بووە. پێشکەوتوویی کۆمەڵگای کوردی کوردستان بەشێکیشێ دەگەڕێتەوە سەر زەحمەت و هەوڵ و تێکۆشانی، تێکۆشەرانی کوردستان، بۆیە ناتوانی تەنیا حیزبەکان تاوانبار بکەین، دەبێ کەم و کۆرییەکانیان دەست نیشان بکەین، دەبێ هانیان بەدەین. پێێان بڵێین ئەگەر ئەو یەکگرتوییە و هەستان بەو مەسئولییەتە مێژویی و نەتەوەییە نەبێ دەوری داهاتوو ئەو کاریگەرییەی پێویستەمان نابێ و زەرەدە دەکەین، بەڵام ناشبێ قەدر و نرخی ئەو هەموو زەحمەتەی حیزبەکان کە کۆمەڵگای کوردستانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ، نادیدە بگیرێت.
RKT_ بیسەرانمان ئیسراریان هەیە کە ئەو پرسیارە لە جەنابەت بکەم کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستای کورد و بزووتنەوەکەی و ئەوەی کە فێدێڕالیزمیان وەک ڕێگەچارە بۆ پرسی نەتەوەیی خۆیان هەڵبژاردووە، بەڵام ئۆپۆزیسۆنی غەیرە کورد دەترسێن کوردەکان لە ئێران جیا ببنەوە و دەیانەوێت لە جەنابت وەک یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبە کوردستانییەکانی کوردستانی ئێران ئەوە بپرسن کە کورد چۆن ئەم ترسە بڕەوێنێتەوە؟ 

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی_ ئەو چووار حیزبە کە لە ناوەند دا کۆبوونەتەوە بەرنامەیان فێدرالیزمە، مەعنای ئەوەی هەیە لە چووارچێوەی ئێران دا بە دوای مافەکانی خۆیان دا دەچن، دیارە ئەگەر کەسێکی دیکە جۆریکی دیکە کەمتری بوێ یا زۆرتری بوێ ئەو ڕەوتانە جێگای ڕێزن حەقی خۆیانە لە کوردستان دا کار بکەن، ڕێکخستن بکەن، سیاسەت بکەن و کەس حەقی نییە باسیان بکات. تا سەرئەنجام گەلی کورد بۆخۆی بڕیار دەدات، بەڵام هەر چەند فێدێڕالیزم ئێستا ناسراوترە و لایانگری زۆرترە لەچاو جاران لە ئێران دا، بەڵام کە لە من دەپرسی من ڕاستگۆیانە پێت بڵێم تا ئێستاشی لەگەڵ بێ فێدێڕالیزم وەکوو خۆی وەکوو چۆن من و تۆ دەیڵێین ئەوا مەقبووڵ نییە لە نێو هەموو ئۆپۆزسیۆن. هەر چەند دەیناسێن، بەڵام ئەی چی دەتوانین بکەین؟ ئێمە بۆخۆمان دەبێ لە لایەکەوە پێداگری بکەین و لە لایێکیشەوە بزانین لایەنی ئاواش هەیە کە بەشێکی زۆر لەو فێدێڕالیزمەی قبووڵ کردووە بە بێ ئەوەی ناوی فێدرالیزم بێ ... من پێم وایە ئەوەش هەنگاوێکی گەورەیە و شەرتیش نییە عەینی فێدێڕالیزمەکەی ئێمە بێ. ئەوانە مەحەلی گفتگۆی سبەی ڕۆژ و دیالۆگی سەراسەری سبەینێی ئێرانن و سبەی قسەی خۆمان دەکەین، بەڵام بێجگە لە ئەوانەی کە فێدێڕالیزم دەناسن و قبووڵی دەکەن هەیە کە دژیەتی، کە ئێمەش دژی دەوەستینەوە، هەیە ناوەڕۆکەکەی نە سەد لە سەد، بەڵام تا ڕادەیەکی بەر چاو قبووڵ دەکات. «شورای مودیرییەتی گوزار» لەوانەیە کە ئەو چەند شتەی قبووڵ کردووە؛ ئەسڵی ئۆرگانها و پارلمانهای مەحەلی قبووڵ کردووە و ئەسڵی خوێندن بە زمانی دایکی قبووڵ کردووە ئەوانە دوو بنەمای ئەسڵی و سەرەکی فێدێڕالیزمن لە ئێران کە تا ڕادەیەکی زۆر شتی قبووڵ کردووە. لێرە شتێک بڵێم، بیستم، بۆخۆم نەمخوێندۆتەوە، بیستم ئیزهاری نەزەر کراوە کە گۆیا ئێمە لەسەر ئوستانەکانی ئێران جا ئازەربایجانی چی یا چی بێ بەڵێنێکمان داوە، هیچ بەڵێنێکمان نەداوە ئەسنادی «شورای گوزار» هەیە نە وتوومانە ناوی بگۆڕن نە وتوومانە ناوی مەگۆڕن نە وتوومانە نابێ بگۆرێ نە کوتوومانە دەبێ بگۆڕدرێ! ئەسلەن ئەو مەوزووعە بابەتی قسە کردن نەبووە، ئەم سێ شتە ئەسڵییە خوێندن بە زمانی دایکی نەک خوێندنی زمانی دایک، کوردی وەک دەرسێک نا وەکوو زمانی پەروەردە لە هەموو کوردستان، دووهەم ئەسڵی عەدەمی تەمەرکوز زۆرترین عەدەمی تەمەرکوز کە زۆرترین ئیختیارات هی ماڵی فەرهەنگی و ئیداری و ئۆرگان ها و پارلمان ها و مەجالسی مەحەلی دایە ئەمن ئەوە بە پێشکەوتنێکی گەورە دەزانم، بەڵام ئەوە هەموو شتێک نییە. خۆ ئێمە دەست هەڵناگرین لە وەی داوامان کردووە، جارێ ئەوەندەمان بە دەست هێناوە. هەر لەو ڕۆژەشەوە کە ئەوە بە دەست هاتووە بەو مەعنا نییە ڕادەوەستین دوایە باسی فێدرالیزم دەکەین، دەنا خۆ لە باسی فێدێڕالیزمەکە بۆ یەک دەقەش کۆتا نەهاتووین، بۆ ئەوەی ئەو بانگە بە گوێی خەڵکی دادەدەین ئەو دەنگە بڵاو دەکەینەوە لە هەموو جێیێکی. بۆیە ئێمە دەبی تەشخیسی ئەوەشمان بێ لە کێ تا ڕادەیەک نزیک دەبینەوە لە کێش کەمتر نزیک دەبینەوە و لە کێ ئەسڵەن نزیک نابینەوە. ئێمە دەبێ دارای ورد بینی و ژیریێکی سیاسی ببین لە تەعاموول لەگەڵ لایەنەکانی غەیری کورد لە ئێران دا. جا ئەوە نەتەوەکانیشی تێدایە، فارسیشی تێدایە، خەڵکێکی تێدایە خۆی بە سەراسەری دەبینێ هەمووی ئەوانە. من پێم وایە ئێمە دەبێ بە دقەت و وردبینیێکی زۆرتر نە هەموویان بە یەک چاو قبووڵ کەین نە هەموویان بە یەک چاو ڕەد کەینەوە، هیچیانم پێ دروست نییە.
RKT__ کاک عەبدوڵڵا گەیشتووینە کۆتایی بەرنامەکەمان زۆرێک لە بینەرانمان هەیە دەڵێن کاک عەبدوڵڵامان وا بە ئاسانی دەست ناکەوێتەوە! بە داخەوە داوای لێبوردنیان لێ دەکەین، پێمان خۆشە ئەگەر لە کۆتاییدا پێتان خۆشە ئاماژەیەک بە شتێکی تایبەتی بکەن، ئەوە میکرۆفۆن لە ئیختیارتان دا هەیە، بیفەرموون!
هاوڕێ عەبدوڵلا موهتەدی_ نەخێر من هەر ئەوەندە دەڵێم هیوادارم توانیبێتم وڵامی هەموو پرسیارەکان بدەمەوە، ئەگەر نا، دایدەنێین بۆ وەختێکی دیکە و لە خزمەت دام ئامادەم، بەڵام پێم وایە زۆر گرینگە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەورێکی زۆر گەورە و ئەساسی دەبینن لەسەردەمی ئێمە دا و ئەم گۆڕانکارییە تەنیا هی کورد نییە، لە هەموو دنیا ئەم حاڵەتە هەیە هیوادارم بە فەرهەنگێکی بەرز بە هەست بە بەرپرسیایەتی کردن، نە بۆ عەزییەت کردن نە بۆ لێکترازاندنی ڕیزەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو لە پێناو مەسڵەحەت و بەرژەوەندی کورد، مەسڵەحەت و بەرژەوەندی دێموکراسی، مەسڵەحەت و بەرژەوەندی مافی مرۆڤ، مەسڵەحەتی یەکگرتوویی، مەسڵەحەتی تەبەقاتی و هەموو ئەو شتانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە گرینگەکان ئیستفادە بکەین. من پێم وایە ئەوە شيکێکی زۆر گەورەیە باشی بە کار بێنین، عەرزێکی دیکەم نییە.
RKT_ سپاست دەکەین کاک عەبدوڵڵای موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. سپاس بۆ ئێوە و بیسەران و بینەرانی خۆشەویست.  هەر وەک عەرزم کردن ئێمە نەمانتوانی هەموو پرسیارەکانی ئێوە لەگەڵ بەڕێز کاک عەبدوڵڵا بهێنینە گۆڕێ، بەڵام بە هیوای ئەوە کە کاتێکی وڵامی پرسیارەکانتان لە کاک عەبدوڵڵا وەربگرین.


ئه‌م بابه‌ته 823 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:07:06:11/06/2020