پێشمەرگەی کۆمەڵە و کوردستان

پێشمەرگەی کۆمەڵە و کوردستان

ئەردەڵان فەرەجی

دوایین ڕۆژی مانگی جۆزەردانی هەموو ساڵێک، ڕۆژێکی گرنگ و پڕ بەهایە لە مێژووی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بۆ کۆمەڵە. ڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێ سەعیدی موعینی، یەکەم پێشمەرگەی شەهیدی کۆمەڵە و ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە. مێژووی ٤١ ساڵەی ئەمدواییەی بزووتنەوەی کورد پڕن لەو دیمەن نایاب و دووپات نەبووانەی کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بە گیان و ڕۆحی خۆی بۆ پاراستنی خاک و خەڵک کوردستان خولقاندوویەتی.

هەر چەند لە سەر ڕەشادەت و فیداکاری و خۆنەویستی، بوێری و ئازایەتی و دەست و داوێن پاکی، داهێنەری و کۆڵنەدەری پێشمەرگەی کۆمەڵە بوترێ کەمە، بەڵام ئەوەی لەم دەرفەتە کورتەدا بەنیازم تیشکی بخەمە سەر، ئەرک و ڕاسپاردەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە لە سەردەمی ئێستای خەباتی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و قۆناغی داهاتووە.

پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک پارێزەری کوردستان گەلێک ئەرک و ڕاسپاردە گەورە و گرانی لە سەر شان بووە و هەیە و دەبێت.

نەوەی یەکەمی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە ڕوو سوورانە و سەربەرز لە بەردەم دادوەری مێژوو ئەرک و ڕاسپاردەکانی خۆیان بە جێ گەیاندووە و پێشکەش کردنی هەزاران شەهید و هەزاران کەم ئەندام و ماندوو بوون و ئارەق ڕشتنی دەیان هەزار کەسیتر سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.

ڕاگرتنی کوانووی شۆڕش و بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەم ساڵانی دواییدا سەرەڕای هەموو مەینەتی و نامیهرەبانییەکانی ڕۆژگار، بەشێکی دیکەی شانازییەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە و تا هەنووکەش بەردەوامە.

کۆمەڵە سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی ڕۆژگار، هەرگیز فێرگەی ئەکادیمیای پێشمەرگایەتی دانەخست و ئاوەدانی ئەم بەشە لە حیزبی کۆمەڵەدا شانازییەکی دیکەی ئەم مێژووەیە.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئاوسە بە گۆڕانکاری گەورەی جیددی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. هەموو لێکدانەوە و ئاماژەکان دەریدەخەن قۆناغی داهاتوو و لە مانگەکانی داهاتوو گەلێک ڕووداوی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکە، کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەخنە بەر سەختەڕێی بڕیاردانەوە.

پێشمەرگەکانی کوردستان بە گشتی و پێشمەرگەی کۆمەڵە بە تایبەتی ئەرک و ڕاسپاردەی یەکلایی کەرەوەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

لە پەسندکراوەکانی کۆنگرەی ١٥ی کۆمەڵەدا بە وردی و بە دروستی لە سەر ڕۆڵ و پێگەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە جەخت کراوەتەوە. هەر لەو پێناوەشدا و یەکێک لە ڕاسپاردەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات(کە بە هەوڵ و گوشاری کۆمەڵە پێکهات)، پرسی هاوئاهەنگی، یەکگرتوویی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە و چەندین جار هاوڕێ «عەبدوڵلا موهتەدی» لەوبارەیەوە ئامۆژگاری داوە.

پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەرکی قورستری لە چاو باقی پێشمەرگەکانی دیکەی کوردستان لە ئەستۆیە. پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک میراتگرانی قارەمانترین، ورە پۆڵاییترین، ڕەوشت بەرزترین ڕۆڵەکانی نیشتمان، گۆشکراوان و پەروەردەکراوانی مەکتەبێکی ئینساندۆست و ژیان دۆست پێویستە خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەن.

کەس گومانی لە ڕەوای خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران نییە و داواکارییەکانیشی هاوتەریبە لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، بەڵام داواکاری بە تەنیا گەرەنتی دەسخستنی ئەو مافانە ناکات. بوونی هێزێکی پێشمەرگەی ڕاهێنراو و تەیار یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بە سەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەکەمانە.

کۆمەڵگای کوردستان لە چاو باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران ئامادەترە بۆ ڕاپەڕین و خرۆشان و ئەم ئامادەییەش بە هۆی پۆلیرازە بوونی کۆمەڵگای کوردستانە کە تێیدا ئەحزابی ڕیشەداری مێژووی کاریگەری گەورەیان بووە لە ئەم پەروەردەیە و خەباتی پێشمەرگانە و هێزی پێشمەرگە پاڵپشت و گەرەنتیکاری هێزی جەماوەری کوردستان بووە و لە داهاتووشدا هەر وا دەبێت.

ڕاهێنراوی و تەیاری بوونی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک بەشێک لە لەشکری پارێزەری کوردستان یەکەم لە پرۆسەی ئازادکردنی کوردستان و دووهەمیش پاراستنی دەسکەوتەکانی بزووتنەوە ڕەواکەمان یەکلای کەرەوە دەبێت. ئەو دەسکەوتانەی کە زیاتر لە ٧٠، ٨٠ ساڵە کورد لە کوردستانی ئێران خەباتی بۆ دەکات.

ئەرکە لە سەر شانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەنگاوەکانیان بۆ هاوئاهەنگی و پێکهێنانی لەشکری هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چڕتر بکەنەوە و کەس بۆی نەبێ ناوی «پێشمەرگەی کوردستان» پاوان بکات.


ئه‌م بابه‌ته 558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:45:10/06/2020