هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی؛ گرنگی پێدان بە پرسی ژنان لە کوردستان، بە هاتنە سەر شانۆیی سیاسی کۆمەڵەوە دەست پێ دەکات!




«ژنێکی کوردی سوننە مەزهەبی کرێکار»، لە چوار لاوە بە پێی یاسا، لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ستەمی لێ دەکرێت.



ڕۆژی ٨ی مارس لای ئازادیخوازان و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی مافخوازی مرۆڤ یەکێک لە ڕۆژە گرینگەکانە. 
ڕۆژی هەشتی مارس وەبیرهێنەرەوەی خەباتی دەیان ساڵەی ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی بەرابەری تەڵەبە کە بۆ بە دیهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان کە تێیدا ژنان و پیاوان پێکەوە لە ژێر سێبەری هەڵکردنی دەسەڵاتێکی دادپەروەر بحەسێنەوە و ئەم ڕۆژە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لەم تایبەتمەندییە بێ بەش نییە. 
کۆمەڵەی شۆشگێڕ هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە باوەرمەندی هێز و توانای ژن پێشەنگی ڕێکخستنی بزووتنەوەی ژنان بووە و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات بۆ ئازادی ژن و چەسباندنی مافەکانی ژن خەباتی کردووە، بۆ خستنەڕووی ڕووانگەی کۆمەڵە سەبارەت بە ٨ی مارس و ڕۆژی جیهانی ژن و پلان و بەرنامەکانی ئەم حیزبە بەرامبەر بە بێ مافییەکانی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتەوە وت و وێژێکمان ئەنجام داوە لەگەڵ هاوڕێ «ئەردەڵان فەرەجی» ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کە لێرەدا دەقی ئەو وت و وێژە دەخوێننەوە.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات_هاوڕێ ئەردەڵان بەخێر بێن و سپاس بۆ ئامادە بوونتان لەم وت و وێژە لەگەڵمان.
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی_ زۆر سپاس سەرگوڵ خانم. منیش بەخێرهاتنتان دەکەم، سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ ئێوە و بۆ خوێنەران و لە خزمەتتاندام.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات_ هاوڕێ «ئەردەڵان» کۆمەڵە مێژوویەکی پڕشەنگداری هەیە لە زەمینەی پرسی ژندا و لە ئێستاشدا خاوەندارییەتی لەو پرسە دەکات. کۆمەڵە دەربارەی ٨ی مارس چۆن بیر دەکاتەوە و چ گرینگییەکی لاو ئەو حیزبە هەیە.
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی _ سەرەتا ئەوە بلێم کە کۆمەڵە ٨ی مارس بە ڕۆژیکی گرنگ و مێژووی دەزانێت و ڕێز لەم ڕۆژە دەگرێت. ئاشکرایە کە پرسیی ژنان لە کوردستانی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ سەرەتای چالاکییەکانی کۆمەڵە وەک هێزێک کە لەسەر شانۆی سیاسی بزووتنەوەی کوردستان تەداعی دەبێتەوە. بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر مێژووی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەر دەکەوێت کە کۆمەڵە ڕەنگە بۆ ئەم حەرەکەتە ڕەچەشکێنانەی خۆی باجی زۆریشی دابێ و ڕەنگە ناو و ناتۆرەشی بەرکەوتبێ، بەڵام کۆمەڵە بە باوەرمەندی بە هێزی لەبن نەهاتووی ژنان کە لە سەتا پەنجای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێک دێنن، ڕێکی خستن. کۆمەڵە بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە بڕوایێکی وای بێ لە مابەینی خستنە ئەولەوییەتی کاری خۆی بۆ بە سەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ باقی بزووتنەوەکانی دیکە، یان کارکردن بۆ گەیشتن بەم مافە یان ئەو مافە، تەقەدووم و تەئەخورێکی (پاشخستن و پێشخستن) نەبووە و نییە. واتە بڵێی کە ئێستا دۆخێکی کۆمەڵگا ئامادەیی قبووڵی ئەم مافەی نییە، جارێ لێی دەگەڕێم، دواتر کە کۆمەڵگا ئامادەیی پەیدا کرد، ئەوسا پرسی ژنان دێنمەوە گۆڕێ. دیارە ئەم بۆچوونە لای هەندێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کەسایەتییەکانی کوردستان بوونی هەبوو و ڕەنگە هەش بێت، بەڵام کۆمەڵە بێ گوێدان بەم جۆرە بیرکردنەوەیە، پرسی ژنانی بە هەمان گرنگی و بایەخی باقی داواکاری و ئامانجەکانی خۆی جێگیر کردووە و ئەوە زیاتر لە نیو سەدەیە کە لە پێناویاندا تێ دەکۆشێت.  
کۆمەڵە پێی وابووە و پێی وایە کە ڕزگاری کۆمەڵگای کوردستان و سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردستان مسۆگەر نابێت لە کاتێکدا کە نیوەی کۆمەڵگاکەی هێشتا چەوساوە بێت و یان بە دەستی نیوەکەی دیکە بچەوسێندرێتەوە. هێشتا ناهوشیاربێ، بێ ماف بێ، بۆیە هاوتەریب، هاوئاراستە و شان بە شانی باقی ئەو بزووتنەوانەی کە کۆمەڵە  ڕێبەرییان دەکات پرسی ژنان ڕێبەری دەکات، پێشەنگایەتی دەکات، ڕێکی دەخات و کاری بۆ دەکات. مەبەستیشمە ئەوە بڵێم کە کۆمەڵە خۆی بە حیزبێکی بەرپرسی بزووتنەوەی کوردستان دەزانێت بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، بە مەسەلەی کرێکار و زەحمەتکێشیەوە بە ژنیەوە، بە منداڵیەوە بە مەسەلەی نەتەوایەتییەوە، بە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگا خۆی بەرپرسیار دەزانێت و بە مودیرییەتێکی عەقڵانی تێکۆشاوە و تێدەکۆشێ پرسەکانی کۆمەڵگا لێک موتربە بکات و لە ڕاستیشدا ناتەباییەکیان لەگەڵ نییە و نەک لەگەڵ یەکتر ناتەبا نین، بەڵکوو یارمەتی دەریش دەبن. دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێمۆکرات هاوتەریبە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان کە بزووتنەوەیەکی مافخوازانەیە، بزووتنەوەی نەتەوایەتی ناتەباییەکی نییە لەگەڵ بزووتنەوەی ژینگە پارێزی، بە پێچەوانە کوردستان کە ژینگەی کوردە، ئەرکە لە سەر هەر کوردێک بە باشترین شێوە پارێزگاری لێ بکات و ...  
لێرەدا پێم خۆشە جارێکی دیکە ئەوە بڵێمەوە کە پرسی وروژاندن، کار بۆ کردن و ڕێکخستنی بزووتنەوەی ژنان شانازییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵە. بە تایبەتی بۆ گەڕانەوە بۆ چل پەنجا ساڵ لەمەوبەر کە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان بە چەند بەرابەری ئێستا پیاوسالارانەتر بوون، هێنانە گۆڕێی پرسی ژنان، بوێری و جەسارەتێکی گەورە بوو کە کۆمەڵە ئەنجامی دا. کۆمەڵە بەم کارەی جیا لە تۆمار کردنی شانازییەکی گەورە بۆ خۆی، ئەم تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەیەشی بە بزووتنەوەی کوردستان بەخشی. بووە بۆیە لێرەدا سەری ڕێز و نەوەازش بۆ هەموو ژنانەی کە لەنێو کۆمەڵەدا گیانیان بەخت کرد و هەموو ئەو شەهیدانەی کە گیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە کە یەکێک لەوانە چەسباندنی کۆمەڵگایێکی یەکسان و دادپەروەر بووە لەنێوان هەموو تاکەکانیدادەموێنم.
 
ئاسۆی ڕۆژهەڵات_کاک ئەردەڵان هەروەک لە وتەکانتدا ئاماژەت بە هاوتەریبی و یان بە جۆرێک تێکهەڵکێش بوونی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوایەتی کرد و بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی کۆمەڵە لەوبارەوە. ئاسۆی و داهاتووی بزووتنەوەی ژنان چۆن دەبینن؟ بزووتنەوەی ژنان و یان واباشترە بڵێم ژنی کورد لە کوێی کۆی بزووتنەوەی کوردستاندا وەستاوە؟
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی_
وردبوونەوە لە سەر پێگە و شوێنی ژنی کورد لە بزووتنەوەی کوردستان، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. کۆمەڵگای کوردستان ناڵێم سەت لە سەت، بەڵام وەک زۆرینەی کۆمەڵگای جیهانی وایە، خاڵی هاوبەشی زۆرە لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی و بۆیە بەراورد کردنی خاڵی لە لوتف نییە. 
بۆ خۆتان دەزانن تایبەتمەندی «ژن» وایە کە هەر جۆرە پاشکەوتن و پێشکەوتنێک لە هەر کۆمەڵگایەک دا زیاتر و زووتر لە هەمووان بەر ئەوان دەکەوێت. بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لە مێژووی هاوچەرخدا ئەوە خۆ لە سەدەیەک دەدات کە دەستی پێکردووە، ناڵێم ژنی کورد لەو مێژووەدا ڕۆڵی نەبووە، بەڵام کۆنتر کەم بووە، بەڵام لە ماوەی لانی کەم چل ساڵی ڕابردوو بە ڕیخۆشکەری کۆمەڵە بوونی ژنی کورد لە بزووتنەوەی گشتی گەلی کورد بۆ مافەکانی زۆر بەرچاو بووە. ژنان لە ئاستی ڕەهبەری و سەرکردایەتی حیزبەکان دەرکەوتوون و بە دەیان و سەدان ژنی چالاک لە بوارە جیاجیاکانی خەباتی جەماوەری ئامادەییان هەیە. داخوازی و داواکارییەکانیان فوورموولەترە، ڕوونترە و گەشەسەندوو و پێشکەوتووانەترە. ژن ڕۆڵێکی پڕڕەنگتری نوواندووە، ئەگەرچی هێشتا بۆ ئەو یەکسانییە ئیدئالە مەودایەکی زۆرمان ماوە. 
لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم دا کە پیاوان سەرقاڵی شەڕ بوون، ژنان مەودایەکییان دەست کەوت بۆ دەرکەوتن و وەئەستۆ گرتنی ئەرک لە کۆمەڵگادا، لە بەرهەم هێناندا و ... پاش کۆتایی هاتنی شەڕ و چەند ساڵێکیش پاش شەڕ، پیاوان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو پێگە و ڕۆڵەی ژنان لە کۆمەڵگادا، لێیان بستێننەوە، بەڵام ژنان بەرەنگاریان بوونەوە و سەرەنجام توانیان لە زۆر بواردا خۆیان بچەسپێنن، ئەوەم بۆ چی بوو؟ بۆ ئەوەمە کە گەڕاندنەوە ژنێکی خەباتکاری پێگەیشتوو بۆ سەر شوێنی یەکەمی ئەستەم و زەحمەتە. ژنانی کورد پێشڕەوی زۆریان بووە و جارێکی دیکە گەڕاندنەوەیان بۆ سووچی ئاشپەزخانە و سپاردنی ئەرکی ماڵدار و منداڵداری وەک پێناسەیان ئەستەمە. 
ئاشکرایە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە  هەموو یاسا و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی، نەیتوانیوە بەر بە گەشەی دەروونی و تاڕادەیەکش دەرەکی ژنان بگرێت، بەڵام بەو نیزام و سیستمە دژە ژنە، بۆ ژنی کورد دۆخەکە زۆر ناهەموارترە. سەیر بکە ژنێکی، کوردی، سوننی مەزهەبی کرێکار، چەند هێندەی تاکەکانی کۆمەڵگا دەچەوسێتەوە. یەکەمجار بە هۆی ژن بوونییەوە (یاساکانی کۆماری ئیسلامی دژە ژنن)، بە پلەی دووەم کورد بوون کە کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەت دا دژی مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکان بووە و هەموو خەڵکی ئێران بە یەک نەتەوە دەزانێ و لەوپەڕی خۆیدا پێیان دەڵێت «قەوم» هەڵبەت بۆ بچووک کردنەوەی پانتایی ماف و داواکارییەکانیان، سێهەم لە ڕووی ئایینییەوە، کۆماری ئیسلامی دینی ڕەسمی هەیە و هەر کەس سەر بە ئایینی ئیسلامی و لە ئیسلامیش مەزهەبی «شیعە» و لە مەزهەبی شیعەشدا، شیعەی دوازدە ئیمامی و لە شیعەی دوازەئیمامیش باوەڕمەندانی ویلایەتی فەقێ، ئەمە لە ژنێکی کوردی خاوەن ئایینزای سوننی یان هەر ئایینێکی دیکە زۆر دوورە و چوارەمیش وەک کرێکارێک. خۆتان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی بە یاسا و بە عورف و ئیدئۆلۆژیک چەندە دژی کرێکار و مافەکانیەتی. 
بەڵام خاڵی جێی دڵخۆشی ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو ئەم زەبر و زەنگ و ئاستەنگ و بەربەستانە ژنان لە هەموو ئێران و بە تایبەتی ژنی کورد نەک خەبات نەوەستاون. لێرەدا ڕەنگە مەجالی خوێندنەوە و چاوخشاندن بە سەر مێژووی چل ساڵەی خەباتی ژنان لە ئێراندا نەبێت، بەڵام سەرەڕای دەسەڵاتداری ڕژیمێکی دیکتاتۆری دژە ژن، بزووتنەوەی ژنان پاش ئەو نوشستەی لە سەرەتای دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بەخۆیەوە بینی هەستاوەتەوە و ئەمڕۆکە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان سەرتاسەری ئێران و خۆشبەختانە ژنی کورد لە بە ئاکار، بە بیر بە داواکاری یەک هەنگاو لە باقی ژنانی دیکەی ئێران لە پێشەوەترە. 
بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی ئێران و بە تایبەتی تر ئیعتراز و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی لە ئێران، دەبینین کە ڕێژە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە سەفی پێشەوە ئەو خۆپیشاندانانە بوون و کوژرانیان و زیندانی بوونیان بە تۆمەتی بەشداری کردنیان لەو خۆپیشاندانە ئیعترازییانە سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە. ئەمە لە حاڵێکداەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی لە سەر کار بوونی هەموو هەوڵی ئەوە بووە لە ڕێگەی گۆڕینی نیزام و سیستمی پەروەردەیی، (آموزش و پرورش)، میدیا و ڕاگەیاندن (صدا و سیما) و دەشزانن کە میدیای ئازاد لە کۆماری ئیسلامی دا بوونی نییە و هەموو خەڵک بەناچار دەبێ بەردەنگی دەزگای تەبلیغی جمهوری ئیسلامی بێت، پاشان وەزارەتی ئیرشادی ئیسلامی بۆ پڕکردنەوە باقی کاتەکانی دیکەی تاکی ئێرانی پاش مەدرەسە و بەردەنگ بوونی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ... بتوانێت مێشکیان لە قاڵبی دڵخوازی خۆی بدات و سەرەنجام دەزگا ئەمنییەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵ و چاودێری کردنی خەڵک کە ئەگەر لە قاڵبەکەی ئەوان دەرچوون سەرکوتیان بکات. ئەم چوار دام و دەزگایە هاوتەریب لەگەڵ یەکتر بە خزمەتگیراون کە بتوانن بیروباوەڕ و ئیدئۆلۆژی جمهوری ئیسلامی لە کۆمەڵگادا نهادینە و دەروونی بکەنەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانە دەریخست کە هەموو ڕیسەکانی لێکردوونەتەوە بە خوری و ژنان پشکی شێریان لەو بەرەنگاری و ئاوەنگاردییە بەر دەکەوێت. من داهاتوو و ئاسۆیەکی گەش بۆ ژنانی ئێران و کوردستان دەبینم. بێ گومان پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی بوار بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی ژنان خۆش دەبێت و ژنانیش بەم وشیارییەوە لە سەنگەری پێشەوە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دان.  
بوونی ژنان لە خۆپیشاندانە ئیعترازییەکانی دوو ساڵی ڕابردوو پەیامێکی شەفاف و ڕاشکاوانەی تێدایە کە ئێرانێکی ئازاد وێنا ناکرێت ئەگەر ژنان شەریکی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە نەبن. لەگەڵ ئەوەش دا ئەو پێشەوتنانەی کە لە باری کلتوریەوە و لە بواری خوێندن و ئاکادێمییەوە هاتوونە گۆڕێ هوشیاریێکی زۆرتر لە کۆمەڵگادا بڵاو بۆتەوە و بە تەبعی ئەوەش کۆمەڵگای کوردستان هەر وەک عەرزم کردی بە بوونی حیزبێکی وەک کۆمەڵە پشتیوانەیەکی بەهێزی مەعریفی و فکری لە پشتە و داخوازی و موتالباتی بزووتنەوەی ژنانی کورد تەنانەت پێشکەوتنخوازانەترە لە باقی موتالباتی ژنان لە سەرتاسەری ئێران و هیوا و ئومێدێکی زۆر هەیە کە ئێمە شاهیدی گەشانەوە و شکۆفانەوەی هەر چی زۆرتری بزووتنەوەی ژنان بۆ چەسباندنی مافەکانی بین و لەو ناوەشدا کۆمەڵە و هەموو ئەو بەرابەری تەڵەبانە و هەموو ئەو ژنە یەکسانی خوازانەی ئومێدێکی زۆریان هەیە بۆ ئەوە کە لە دەورانی داهاتوودا ئێمەش شاهیدی تەحەقوق پەیدا کردنی مافەکانی ژنان و «چەسباندنی بە یاساوە، بە کلتور کردنی و چوونە نێو پەروەردە و نیزامی پەروەردەیی و سیستمی پەروەردەیی داهاتووی وڵاتە بۆیە ئەمن بەش بە حاڵی خۆم ئاسۆیەکی گەش و داهاتوویەکی گەس بۆ بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستانی ئێران دەخوازم.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات_ سپاس هاوڕێ ئەردەڵان. وەک دوا پرسیار لە ئێوە دەمەوی بپرسم  بەرنامە و سیاسەتی کۆمەڵە بەرامبەر بە پرسی ژنان و چارەسەری بێ مافییەکانی ژنان لە کوردستان چییە؟
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی_ 
بە دڵنیاییەوە! کۆمەڵە وەک ئاڵاهەڵگری پرسی مافەکانی ژنان، پێی وایە پرۆسەی جێخستن و چەسپاندنی مافەکانی ژنان پرۆسەیە و بۆ ئەو مەبەستە لە دوو قۆڵەوە لەو سەنگەرە بەرەو پێش دەچێت. کۆمەڵە پێی وایە هەنگاوی یەکەم دێمۆکراتیزە کردنی ئێران و یان هەر دەسەڵاتێکی خۆجێی لە کوردستان کە تێیدا مافەکانی مرۆڤ پەیڕەو بکرێت ڕێگەی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان هەموارتر دەکات. بە دڵنیاییەوە لە نیزامێکی دێمۆکراتیک دا هەموو مافەکانی مرۆڤ دابین نابێت، بەڵام بوار بۆ چالاکی ئازادانە لەو بارەیەوە خۆشتر و هەموارتر دەکات. ئەمە جیا لەوەیە کە لە سایەی دەسەڵاتێکی دێمۆکرات دا چاوەڕوان دەکرێت زۆرێک لە داواکارییەکانی ژنان لە یاسادا ڕەچاو بکرێت. 
ئەگەر کۆمەڵە دەسەڵاتی بە دەستەوە بێت، یەکەم هەنگاو لە ڕێگەی چەسپاندنی مافەکانی ژنان لە یاسادا و کار پێکردنی لە دەزگای دادپەروەری تێدەکۆشێت لە ڕێگەی ئاماراز و دام و دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتییەوە مافەکانی مرۆڤ و لە سەروو هەموویانەوە مافی ژنان بکات بە کولتوور و لەناو کۆمەڵگادا.  جێی ئاماژەیە کە سەرەنجام ڕەهەندێکی دێمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ هەم پرۆسەیە و هەمیش کولتوورییە. ئەمەم یەکەم. 
دووهەم شت کۆمەڵە پێی وایە بە هۆی ئەو زوڵم و چەوساندنەوە مێژووییە کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە ژناندا کراوە و کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵی ژنان داناوە و هەروەها لە سەر پیاوانیش، بۆ دامەزراندنی بناغەی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر کە تێیدا ژنان و پیاوان بە کولتوور و بە یاسا یەکسان، بن پێویستە ئەو چەوسانەوە و ستەمە دوور و درێژە (ئەگەر نەڵێن چەند هەزار ساڵە) بەڵام لانی کەم بە قەت تەمەنی کۆماری ئیسلامی «قەرەبوو» بکرێتەوە و ئەوەش لە ڕێگەی «هەڵاواردنی ئەرێنی»ـیئەوە. 
واتە بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو نابەرابەری و ناعەدالەتییەی کە بەرامبەر ە کۆمەڵگای ژنان کراوە، بە هەڵاواردن و ڕەخساندنی بوار و دابەزاندنی باڵای بەربەستەکان، بوار بۆ پەروەردە و هەڵکشانی ژنان خۆش بکات. 
بە کورتییەکەی لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ چەسپاندنی یاسا و دەسەڵاتێکی دێمۆکرات و قەرەبوو کردنەوە بۆ ژنان لە ڕێگەی «هەڵاواردنی ئەرێنی» دوو ڕێگە چارەن بۆ چەسپاندنی مافەکانی ژنان.  
بۆیە کۆمەڵە بیر لەوە دەکاتەوە بە تەنیا جێ خستنی کلتورێکی دێمۆکراتیک و ڕەچاو کردنی مافەکانی مرۆڤ ڕەنگە کافی نەبێ بۆ ئەوەی کە تۆ بتوانی ژنانیش شان بە شانی پیاوان بێنی سەر عەرسەی بەڕێوبەرایەتی و مودیرییەتی وڵات بۆیە، پێویستە قۆناغێک، کە نازانم ئێستا ماوەکەی چەندە و دەبێ چەند بێت، بەڵام لە ماوەیەکدا و لە توێی پرۆسەیەک بە پڕۆژەیەک ئەم تەبعیزە موسبەتە کاری پێ بکرێت بۆ  قەرەبووی ئەم زوڵم و ستەمەی کە لە چوارچێوەی نیزامێکی دژە ژن دا بەرامبەریان کراوە. 

ئاسۆی ڕۆژهەڵات_ سپاسی دووبارە بۆ بەشداریتان لەم وت و وێژەدا. 
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی_ بژین و هیوای سڵامەتی و تەندروستییەکی باشتان بۆ دەخوازم.


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:42:31/03/2020