نەخۆشی کرۆنا لە کێبەرکێی دەسەڵات و خەڵکدا

عەبدوڵڵا موهتەدی

نەخۆشی کۆرۆنا بووەتە گرنگترین هەواڵی جیهان و ڕەنگە هەفتە و مانگەکانی داهاتووش هەر وا بمێنێتەوە.هەرچەند پێ دەچێت ئەم نەخۆشییە لە چین تا ڕادەیەک کۆنتڕۆڵ کراو بێ، بەڵام لە وڵاتانی دیکەی وەک کۆرەی جنووبی و ئیتالیا و ئێران بە تایبەتی کاریگەری وێرانکەری هەیە. پێ دەچێت کە ئەم دوو وڵاتە (ئیتالیا و کورەی جنووبی) بە لەبەرچاوگرتنی ژێرخانە بەهێزە تەندروستی و خزمەتکوزاری پزیشکی و دەوڵەتی بەرپرس بتوانن سەرەنجام ئەم نەخۆشییە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام سەبارەت بە ئێران هەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن ئەم نەخۆشییە ڕەهەندی کارەساتبار بە خۆیەوە بگرێت. 
ئێستا دەرکەوتووە کە لە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانەوە بەرپرسانی پزیشکی و سیاسی ئێران دەیانزانی کە نەخۆشی کۆرۆنا هاتووەتە ناو ئێرانەوە، بەڵام لە خەڵکیان شاردەوە. ئەم شاردنەوەیە و تەنانەت حاشا لێکردنە بە ئەگەری زۆرەوە بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری زۆرتر لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان و بە تایبەی هەڵبژاردنەکانی ٢ی ڕەشەممە بووە. ئەم کەمتەرخەمییە بە ئەنقەستە و خستنە مەترسی گیانی دەیان میلیۆن کەس، شان لە شانی جینوساید دەدات و نەبوونی سەڵاحییەت و شایستەیی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتی ئێرانی بەشێوەیەکی سەرسامهێنەر پیشان دا. 
بڵاو بوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا و قوربانییەکانیشی بە ئێران سنووردار نابێتەوە، بەڵام ئەمە لە ئێرانە کە سیاسەتی بە ئەنقەست دەسەڵات و ڕوانگە ئیدئۆلۆژیکییەکان بووەتە هۆی پەرەسەندنی کۆنتڕۆڵ نەکراوی ئەم نەخۆشییە و بڕیار بۆ درۆ کردن و چەواشەکردنی خەڵکیش لە بەرزترین ئاستی ناوەندەکانی بڕیار دەردەکرێت. ئەگەرێکی بە‌هێزە کە باقی وڵاتانی دیکەش بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی تەندروستی گونجاو و دەرمان و چارەسەری خێرا کەمتەرخەمیان کردبێت و یان بیکەن، بەڵام تەنیا وڵاتێک کە ئەم کەمتەرخەمییە کوشەندەیەی نەک لە بەر هەڵەی پزیشکی و تەکنیکی بەڵکوو وەک بڕیارێکی سیاسی لە بەرزترین ئاستی ناوەندی بڕیار دەرکرابێت، ئەمە کۆماری ئیسلامییە. کێ لە جیهاندا ئامادەیە ئاوا دوژمنکارانە پیلان بۆ تراژیدییەکی گەورەی نیشتمانی بۆ خەڵکەکەی خۆی دابڕێژێت و نابەرپرسانە یاری بە گیان و ژیانی میلیۆنان کەس بکات؟!
بەرپرسانی ئیسلامی ئێران چاوداوەڕوو و بێ شەرمانە باس لەوە دەکەن کۆماری ئیسلامی شەفافترین وڵاتە لە بواری ڕاگەیاندن لە سەر نەخۆشی کۆرۆنا. کەسانێک کە لە دابین کردنی کەل و پەلی خۆپارێزی و تەنانەت بۆ پێرسۆنێلی پزیشکی و داو و دەرمانی وڵاتەکەی دەستەوەستانن و هێشتاش ناتوانن دەستکێش و دەمامک و کەل و پەلی سەرەتایی خۆپارێزی بۆ خەڵک و دەرمانخانە و ناوەندە تەندروستییەکان دابین بکەن، لە خۆفش کردنەوە و پێشنیاری یارمەتی دان بە چین غافڵ نەبوون و هەزەلییانە بە زمانی چینی ئەم پێشنیارانە دەدەن. ئەوان کە لە پشت ئەستوورترین بازنەی خۆپاریزی و کەرەنتین خۆیان حەشار داوە، بێ گوێ دان بە قوربانی بوونی ڕۆژانەی خەڵک و نیگەرانییەکانیان، ڕایانگەیاندووە کە ئەم نەخۆشییە زۆریش گرینگ نییە و هەر ئەوندە بەسە خەڵک بە داواکاری لە ئیمامان و بە تایبەتی خوێندنی دۆعای سەحیفەی سەجادییە لەم نەخۆشییە دەرباز بن. لە کاتێکدا ئەم ڤیرووسە خەریک بوو هەموو ئێرانی دەتەنییەوە و زۆرێک لە پزیشک و پێرسۆنێلی دەرمانی دەیانزانی و دەیان وت دەبێت بە خێرایی هەموو هەوڵە پێشگیرییەکان و لەوانە بڕیاری کەرەنتین کردن و هەڵوەشاندنەوەی کۆڕ و کۆبوونەوە بدرێت، سەوداگەرانی دین بۆ ماوەیەکی درێژ خۆیان لە ئەنجامی ئەم هەوڵە پێویستانەیان دەدزییەوە و «سەرۆک کۆمار»ی وڵاتەکە ڕایدەگەیاند کە «داخستنی وڵات» پیلانی ئەمریکا و ئیستکباری جیهانییە. فەماندەکانی سپای پاسدارانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەیان زۆر بە ئاسانی بە «شەڕی بیۆلۆژیکی» ئەمریکا دەناساند، بەرپرسانی ئایینی ڕایان دەگەیاند کە فلیزی زەریحی حەزرەتی مەعسوومە لە بەرامبەر ئەم ڤیرووسی کڕۆنایە قاییمە و ژێردەستەکانیان کەوتنە لستنەوەی ئەو زەریحانە. دەستنیشان کردنی ئەوەی کە بێژەرانی ئەم درۆیانە خۆیان باوەڕیان بەوانەی وا دەیڵێن هەبوو و یان تەنیا بۆ دام و دەزگای خورافە و کۆنەپەرستی مێژووی ڕووحانییەتە بۆ گەوجاندنی خەڵک و بەلاڕێ دا بردنی ڕاستی ئەم کارەیان دەکرد، زەحمەتە، چوونکا لە ڕاستیدا نەزانین و دوژمنکارییان هاوسەنگن. ئەم نەخۆشییە بووە هۆی ئەوەی کە هەموو عەیب و عارەکانی کۆماری ئیسلامی دەست لە دەستی یەک بنێن و تراژیدییایەکی مرۆیی بۆخەڵک ئێران بخولقێنن. گەندەڵی و دزی بەربڵاو لە بەرزترین ئاست، ناڕاستگۆیی و ناشەفافی، درۆی بە ئەنقەست و چەواشەکارانە لە لای بەرزترین بەرپرسانی ئەو ڕژیمەوە، ناکارامەیی، بێ توانایی و لێنەوەشاوەیی، نابەرپرسایەتی، پشتگوێ خستن و کەمتەرخەمی بەرامبەر بە ژیان و سڵامەتی و ئاسایشی میلیۆنان کەس لە شارۆمەندان، شپرزی و بێ بەرنامەیی و نەزانکاری، خورافەپەرستی و پێشگیری لە بەڕیوەچوونی دروستی ڕێکارە دروست و زانستییەکان. بەڵێ، نەخۆشی کڕۆنا هەموو ئەم «تایبەتمەندی»ـیانەی کۆماری ئیسلامی لە خاڵێکدا کۆ کردەوە و بەبەرچاوی هەمووانەوە لەقاوی دا. 
بەڵام ئێستا کە ئاوێتەیەک لە نەزانین و دوژمنکاری بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە لە ئێران، ئەم نەخۆشییە دەتوانێت هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەوانە خودی دەسەڵاتیش بخاتە ژێرکاریگەرییەوە و پاشهاتی گرنگی بەدواوە بێت کە هێشتا بە مێشکی ئێمەش ناگات. بەهەر حاڵ ئەمە دۆخێکە کە تووشی بووین. دەبێ چی بکەین؟
ئەلف؛ بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەم نەخۆشییە بە جیددی وەربگرین. خەڵک، بنەماڵەکان، تاکەکان دەبێ خۆیان ئاگایان لە خۆیان بێت. ڕێنماییە تەندروستییەکان بە وردی جێ بە جێ بکەن، لە سەردانە ناپێویستەکان خۆ ببوێرن، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و لەوانە لە نوێژی هەینییەکان، قوتابخانە و زانستگاکان بەشداری نەکەن. پێشنیار دەکەم ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ بەڕێوە نەچن. بەتایبەتی ئامۆژگاری دەکەم کە لە کوردستان «ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران» داوا لە خەڵک بکەن کە ئەمساڵ هیچ جۆرە ڕێ و ڕەسم و کۆبوونەوەیەک بەڕێوە نەبەن. خەڵکی ئێران دەستەویەخەی یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ژیانیانن. بوون و ئاسایش و سڵامەتی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن و ئەمەیان کردووەتە ئەولەوییەتی یەکەمی خۆیان. ئێمەش دەبێ ئەولەوییەتمان بێت. هەڵسووکەوتی بەرپرسانە، زانستییانە و دڵسۆزانە دەبێت ڕێنمایی کرداری ئێمە بێت. پەنیک و کردەی ناژیرانەی لە ڕووی ترسەوە یارمەتی کەس ناکات. 
ب؛ لەم دۆخەدا دەبێ هاوپشتی ڕۆحی و کرداری نێوان خەڵک بەهێز بکرێت. دەبێت داهێنان و هەوڵە جەماوەرییە زانستی و دروستەکان بۆ یارمەتی بە یەکدی، یارمەتی دان بە بنەماڵە کەم داهاتەکان، خەڵکانی پەک کەوتوو و بەتەمەنەکان هان بدرێن و ڕێک بخرێن. هەندێک لەم کارانە هەر ئێستا لە لایەن خەڵک و چالاکانی کۆمەڵایەتی و پزیشکی ئەنجام دەدرێن. 
ج؛ لە ئاستێکی دیکەدا دەبێ بەر لە هەر شتێک ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە و ڕەهەندەکانی تاوانباری و کەمتەرخەمییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو مەترسییەی کە لە ڕووی بڕیارە هەڵانەی کە بۆ خەڵکی خۆی و خەڵکی هەموو جیهانی پێک هێناوە، بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بناسێنرێت. جیهان دەبێ بزانێت کە ڕەهەندەکانی پەرستاندنی نەخۆشی کڕۆنا لە ئێران زۆر زیاترە لەمانە، ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی ناڕاستن، سیاسەتەکانی هەڵەن و کارامەیی بۆ بەرەنگاری ئەم قەیرانە زۆر لاوازە. دەبێت کۆماری ئیسلامی بە قبووڵی یارمەتییە سەربەخۆکانی کۆمەڵگای جیهانی و ڕێگە پێدان بە چوونە ژوورەوەی پێرسۆنێلی پزیشکی و پسپۆڕی بۆ ئێران ناچار بکرێت. ئەمریکا بوجەیەکی مەزنی بۆ بەرەنگاری کڕۆنا لە وڵاتە یەکگرتووەکان و یارمەتی بە باقی وڵاتانی دیکەی پەسند کردووە و پێشنیاری بە ئێرانیش کردووە بۆ یارمەتی و ڕەنگە تەنیا وڵاتێک بێت کە دەتوانێت بە ئاستێکی بەرز و چارەنووس ساز بۆ کۆنتڕۆڵی ئەم نەخۆشییە و پێشگیری لە بوونی بە کارەساتێک لە ئێران، یارمەتی دەر بێت. دەبێت بێ توانایی و داوەشاوەیی کۆماری ئیسلامی لە پێشگیری لە کارەساتێکی مرۆیی ببرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بە تایبەتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەبێت هەوڵ بدات باسی کڕۆنا لە ئێران، بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و خوازیاری یارمەتی سەربەخۆی نێونەتەوەیی بێت. کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی نییە خەڵکی وڵاتەکەی و سڵامەتی و گیانی میلیۆنان کەس لە شارۆمەندانی خۆی بکاتە بارمتەی سیاسەتە دژە جیهانی، دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئەمریکای خۆی بکات و ئێرانیش بکاتە ناوەندی هەناردەکردنی ئەم نەخۆشییە بۆ باقی ناوچە جیاجیاکانی جیهان. دەبێت هەوڵ بدرێت کۆمەڵگای جیهانی ئەم مەترسییە بناسێت و لەو بارەیەوە هەنگاوی پێویست هەڵبگرێت. دەبێت ناوەندێکی نێونەتەوەیی خاوەن سەڵاحییەت بۆ یارمەتییە پزیشکییە سەربەخۆکان بۆ خەڵک ئێران پێک بێت. کە دەڵێم «سەربەخۆ» و «خاوەن سەڵاحییەتی نێونەتەوەیی» مەبەستم ئەوەیە کە چوونکا بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەبوونی سەڵاحییەت و ناکارامەیی خۆیان لەم کارەدا نیشان داوە. ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگای پزیشکی و دەرمانی ئێران، بۆ هاوکاری لەگەڵیان و لە ڕێگەی ئەوانەوە کارەکانی خۆی بەرەوپێش بەرێت هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵی خێرایی ئەم نەخۆشییە و دەربازکردنی خەڵکی ئێران لە کارەساتێکی گەورە چڕ بکاتەوە. 
ئەم نەخۆشییە نەدەستکردی و دروست کراوی ئەم ڕژیمە نییە و نە لە ئێرانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام لێ نەوەشاوەیی، ناکارامەیی و گەندەڵی بەربڵاوی ڕژیمە دەسەڵاتدارەکەی بەربەستی چارەسەری شایستە و گونجاوی ئەم قەیرانەیە. ئەم نەخۆشییە تا ئێستا داوێنی خەڵکی کردووە و پێ دەچێت ڕەهەندی گەورەتریش بەخۆیەوە ببینێت و هەموو کۆمەڵگا بە سیاسەت و ئابووری و ژیان و هەموو لانەکانییەوە بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئەوەی ئێمە پێویستمان پێیەتی هەستی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی، چاودێری وردی خێزانی و تاکەکەسییە، بەهێزکردنی هاوپشتی نێوان خەڵک و ڕێکخستنی داهێنانە دروستە جەماوەرییەکانە بۆ یارمەتی یەکتر، هاوکات لەگەڵ ناسینی خیانەتە گەورە و نەبەخشراوەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگای جیهانی لە بێ توانایی دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژیمە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەم تراژیدییە و قەناعەت پێهێنانیان بە ئەنجامی هەوڵی سەربەخۆی مرۆڤ دۆستانە، گوشاری ناوخۆیی و نێونەتەوەیی بۆ سەر ئەم ڕژیمە بۆ ڕەچاوکردنی سیاسەتی تەندروستی و ناچار کردنی بە قبووڵی یارمەتییە سەربەخۆ نێونەتەوەییەکانە.
ئەمانە دەبێت لە سەروی هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دا بێت. بە دڵنیاییەوە ڕژیمیک کە بە ناکارامەیی و نەزانکاری و قازانجپەرستی و دوژمنکاری ئەم بەڵایەی بە سەر خەڵک هێناوە، خۆی نابێت لە سەر پێ بمێنێتەوە و لەم قەیرانە دەرباز بێت. ئەو خاڵەی کە لە دۆخی ئێستادا ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقییەکانمان لەگەڵ کاری سیاسیمان پێوەند و موتربە دەکاتەوە، بە بڕوای من ئەمانەن.
*ئەم وتارە لە فارسییەوە وەرگيڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردی


ئه‌م بابه‌ته 451 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:30:31/03/2020