هاوڕێ عەلی بەهمەنی؛ ئەگەرچی پێشووتر کوردستان پێشمەرگەی بوو، بەڵام ڕێکخستنی جەماوەر بە شێوەی ئەکادیمی و تەمرین پێکراو، یەکەم جار کۆمەڵە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایمەزراند!


سازدانی: هێرش ڕەهنەوەرد

لە سەروبەندی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ ٥٠ ساڵ خەباتی بێ وچان و تێکۆسانی بەردەوامی ئەم حیزبە لە سەر شانۆی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاسۆی ڕۆژهەڵات زنجیرە وت و ویژێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم حیزبە ئەنجام دا.


تەوەرەی وت و وێژ لەگەڵ هاوڕێ عەلی بەهمەنی خەباتی پێشمەرگانی و کاریگەری و دەسکەوت و ستراتیژی کۆمەڵە لەو بارەیەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دەقی وت و وێژی ئاسۆی ڕۆژهەڵاتە لەگەڵ هاوڕێ عەلی بەهمەنی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە. 



ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هاوڕێ عەلی خەباتی پێشمەرگانە یەکێک لەو بوارانەیە کە کۆمەڵە وەک شێوازێکی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان کەڵکی لێ وەرگرتووە. هۆکارە سەرەکییەکانی پەنا بردن بۆ ئەم شێوازە لە خەبات لە لایەن کۆمەڵەوە چی بوو؟

هاوڕێ عەلی بەهمەنی؛

ئەو کاتەی کۆمەڵە لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دامەزرا، باوەڕی سەرەکی ئەو حیزبە وشیاری بەخشی بە خەڵک و کاری ڕێکخستن لە ناو کۆمەڵگای کوردستان دا بوو، بەڵام بە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دا، کۆمەڵە بە دروست و بە ناسینی ناوەرۆک و نییەتی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی لە تاران، گەیشتە ئەو ئەنجامی کە ئەگەرچی لە هێرشی یەکەم بۆ سەر کوردستان شکستی خوارد، بەڵام درەنگ یان زوو پاش ڕێکخستنەوەی هێزی سەربازی ئێران، جارێکی دیکە هێرش دەکاتەوە و کۆمەڵە لە مابەینی هەڵبژاردنی ڕێگەی بەرەنگاری و مقاومەت و تەسلیم بوون و چۆک دادان، ڕێگای یەکەمی هەڵبژارد و چونکا هێرشەکەش بۆ سەر کوردستان سەربازی و چەکدارانە بوو، کۆمەڵە بڕیاری دا بە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دژی ئەو هێرش و داگیرکارییە بوەستێتەوە و وا بوو یەکەم ئەکادیمیا و فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە لە کۆتاییەکانی جۆزەردان و سەرەتای هاوینی ساڵی ١٣٥٨ دامەزرا. ئەگەرچی پێشووتر کوردستان پێشمەرگەی بوو، بەڵام ڕێکخستنی جەماوەر بە شێوەیە تەدریب دراو و تەمرین پێکراو، یەکەم جار کۆمەڵە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایمەزراند.

هۆکاری سەرەکی کەڵک وەرگرتنی کۆمەڵە لە خەبات و بەرەنگاری چەکدارانە و پێشمەرگانە، هێرشی ناڕەوا و سەرکوتی خوێناوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان.

ئێمە شەڕخواز نەبووین، داوای حەقی خۆمان دەکرد، داوای مافی سەرەتایی خۆمانمان دەکرد، بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعلامی کرد کە هێزە نیزامییەکانی لە ڕێگای زەوین، ئاسمان و دەریا بێتە کوردستان و پۆتینەکانیشیان نەکەنۆ، ئەمە لەحاڵێکدایە کە کوردستان ئەسڵەن دەریای نەبوو ئەمە فەرمانی خومەینی بوو، خومەینی بە ڕادەیەک لە سەر کوردستان زانیاری نەبوو کە تەنانەت لەسەر جوغڕافیاکەیشی هیچی نەدەزانی چ بگات بەوەی کە بزانێت ئێمە کافرین (لە دینی ئیسلامدا فەرمانی جیهاد دژی کوفر دەدرێت) یا شتێکی دیکە، لێرەدا مەبەستم ئەو تۆمەتانەیە کە دەیاندایە پاڵ ئێمەوە و نموونەگەلێکن کەهەموو کەس بیستویەتی. بۆیە بۆ مقاومەت و لەبەرابەر ئەو دوژمنە خوێن ڕێژانە و پاراستنی ئازادییەکانی کوردستان بڕیاری مقاومەت دراو و حیزبەکان مەجبوور بوون کە هێزی نیزامی هێزی پێشمەرگە دروست بکەن یەکێک لەوانە خودی بیرۆکەی کۆمەڵە بوو خودی کاک فواد لەسەر ئەم مەسەلەیە پێداگری کرد و کە بوونی هێزی پێشمەرگە لەم کاتەدا پێویست و زەرورە چوون هەستی بەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامی حەتمەن هوجوم دەکات هێرش دەکاتەوە سەر کوردستان، دەبێ هێزێک بێت بەرگری لەدەسکەوتەکانی خۆی بکات. هەر وایش بوو و کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستان لە»پاوە» و لە «سنە»وە و یەکێک لەنمونەکانی ئەوە بوو شەڕی ٢٤ڕۆژەی سنە بوو ٢٤ڕۆژ شەڕی مان و نەمانمان لەلایەن خەڵک و هێزی پێشمەرگە و لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا کرد. کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک ڕەحمی بە منداڵ، ژن و پیاو، لاو و پیر و بەهیچکەس نەدەکرد لەو شارەدا بەشەڕی هەوایی شەڕی زەمینی بەرببووە گیانی خەڵک.

ئێمە و لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش هەرگیز هێرشمان بۆ سەر بستێک خاکی ئەو دیوی کوردستان نەبرد، ئێمە تەنیا بەرگریمان لە خۆمان، لە ماف و ئازادی و داواکارییەکانمان دەکرد. دوژمن هێرشی کردبووە سەرمان، چمان بکردبایە؟! تەسلیم ببوویایەن یان مقاومەتمان بکردبایە؟! بێگومان میلەتێکی وشیار و تێگەیشتوو، هەرگیز تەسلیم نابێت.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ دەسکەوتەکانی خەباتی چەکداری کۆمەڵە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چی بووە؟

هاوڕێ عەلی بەهمەنی؛

سەرەتا ئەوە بڵێم کە کەڵک وەرگرتن و پەنا بردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ چەک، بە ناچار و تەنیا بۆ بەرگری لەخۆی بوو و بووە، بەڵام دەسکەوتەکانی

خەباتی چەکداری و پێشمەرگانە دەسکەوتی گرنگی بووە! دەسکەوت ئەوە نییە کە تۆ بڵێی پایەگایەکم گرتبێ جادەیەکم گرتبێ، چووبێتمە سەر قەرارگایەک، چوبێتمە سەر پادگانێک. ئەو ئەو خەباتە چەکدارییە سیاسەت، ئارمان و ئامانجەکانی تۆی پاراست. هێمانی تەسلیم و دەستەوەستانی لە خۆی نەنواند. سیمبولی بەرەنگاری و بەخشینی ڕۆحی ئازادیخوازی بە نەتەوەیەک بوو کە هێرش کرابووە سەر.

پێشمەرگە کوڕ و کچی ئەو خەڵکە بوو، لەگەڵ ئەوەش دا پردی پێوەندی نێوان خەڵک و سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بوو، پارێزەری گیان و ماڵ و غرووری نەتەوەیی میللەتێک بوو کە ناجوامیرانە و بێ ئینسافانە و ناعادڵان هێرشی کرابوویە سەر. هێزی پێشمەرگە و خەباتی چەکداری لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی لە یەک دەیەی سەرەتای پاش شۆڕشی گەلانی ئێران هێمای تەسلیم ناپەزیری گەلی کورد بووە دژی داگیرکاری.

ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە نەتدەتوانی سیاسەتەکانی خۆت بۆ خەڵک تەوزێح بدەی. لە سەردەمێک دا کە وەک ئێستا میدیا و سۆشیال میدیا باو نەبوو. ڕادیوویەکی وا، تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەیەکی ئەوتۆ نەبوو، تۆڕی ئەنتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبوو، پێشمەرگە پەیامنێر و پەیام ڕەسانی وشیاری و ئاگایی کۆمەڵگا بوو. جەماوەری بوونەوە و نهادینە بوونەوەی زۆرێک لەو دروشمانەی ئەمڕۆکە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە خاوەندارییەتی دەکات، لە ڕێگەی هێزی پێشمەرگەوە بوو. جیا لەوانەش هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێزی پشتیوان و دڵگەرمی بەخشی جەماوەر و خەڵکی کوردستانە کە هەموو کات لە لایەن خەڵکەوە پشتیوانی کراوە، حەشار دراوە، دەرمان کراوە، نان و پێخوێری بۆ دابین کراوە، واتە هێزێک لە خەڵکەوە و بۆ خەڵک بووە.

لەو سەردەمەی کە شارەکان و ناوچەکانی کوردستان بە دەستی پێشمەرگەوە بوو، بەڕێوەبەرانی وڵات بوون، لە زۆرێک لە پرسەکان هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی حاشا هەڵنەگری بوو، هەر لە مەسەلەی ئاغاکان و تەقسیمی زەوی و زارەکان پێشمەرگەی کۆمەڵە لایەنگری چینی هەژار و زەحمەتکێشی کوردستان بوو.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هاوڕێ عەلی، ڕێکخستنی ژنان لە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە چ دەور و کاریگەرییەکی بوو؟ بەتایبەتی کە کۆمەڵە یەکەم هێزی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو کە ژنانی چەکدار کردەوە و کردنی بە پێشمەرگە و لە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا ڕێکیخستن.

هاوڕێ عەلی بەهمەنی؛ بە خاڵێکی گرنگت ئاماژە کرد. ئەو کارە گەورەی کۆمەڵە کە ژنانی لە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ڕێکخست و چەکداری کردنەوە، یەکێک لەو شانازییانەیە کە میدالیاکەی کۆمەڵە لە سینگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات داوە و بۆ هەمیشە ئەم شانازییەی بۆ خۆی تۆمار کردووە.

ڕۆڵی پێشەنگایەتی و ڕچەشکێنی کۆمەڵە بۆ ئەم کارە ڕیسکیشی بوو، بوون تەنانەت لە ناو پێشمەرگەکانی کۆمەڵەش دا کە ڕەخنەیان لەو کارەی کۆمەڵە گرت و پێیان وابوو کە پێشمەرگایەتی بووەتە کارێکی ژنانە! چوونکا پێشووتر پێشمەرگایەتی پیشەیەکی پیاوانە بوو، بەڵام کۆمەڵە بە باوەڕمەندی و بیری پێشکەوتنخوازانە و بەرابەری خوازانە و باوەڕمەندی بە هێزی گەورەی ژنان، ئەم هەنگاوەی نا.

دەنگدانەوەی گەورەی بوو،

بزانە ئەوە بە پاڵپشتی کۆمەڵە بوو کە ژنانی کورد توانییان بچن لە مێعرابی مزگەوتەکان سوخونڕانی بکەن و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەن.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ حیزبی کۆمەڵە لە ئیستادا پلان و ستراتژی لە ڕاستای خەباتی چەکداریدا لە چ ئاراستەیەکدایە و چۆنە؟

کۆمەڵە هەمووکات وتوویەتی و ئیستاش دەڵێین ئێمە شەڕ خواز نین، بەڵام چەکیش دانانێین ئەوە لە سیاسەتی حیزبەکەمان هەیە ئێمە هەرکاتێک زەروور بێت کاری نیزامی دەکەین هەرکات زەروور نەبێ کاری نیزامی ناکەین. واتە بە پێی پێویستی بزووتنەوەکەمان خەباتی چەکداری وەک باقی پتانسییەلەکانی بزووتنەوەی کوردستان کەڵک وەردەگرین.

ئامانجی سەرەکی کۆمەڵە پێک هێنانی گۆڕانکارییەک لە سەر هێزی جەماوەر و خەڵکە و هێزی پێشمەرگەش وەک پشتیوانی ئەو خەباتە ڕەوایەی خەڵکی کوردستان بۆ بەهرەمەندی لە ماف و حەقەکانی خۆی دەمێنێتەوە.

ئەزموونی چل ساڵەی کۆمەڵە بۆ دەست بردن بۆ خەباتی پێشمەرگانە و خەباتی چەکداری بە پێی زەروورەتەکانی بزووتنەوەکەیە. هەڵبەت دۆخی ئەمڕۆی بزووتنەوەی کوردستان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو ساڵانە جیاوازترە، بەڵام هێزی پێشمەرگە وەک پشتیوانی لە بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان گەرم و گوڕتر و ئامادە و تەیارتر ، پۆشتە و پەرداختر و ئامادە و گیانبازتر لە جاران لە سەنگەر دایە.

هیچ کەس ناتوانێ نکۆڵی لە هێزی سەربازی و پێشمەرگانە بکات نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا، بەڵام هەر وەک ڕێبەرانی کۆمەڵە و ئێمە مانانیش دەیان ساڵە دەیڵینەوە، هێزی پێشمەرگە وەک بوارێکی خەباتی جەماوەری بزووتنەوەی کوردستان و بە پێی پێویستی و نیازی بزووتنەوەکە کارای دەکەین و دەیخەینە بواری جێ بەجێ کردنەوە.

ستراتیژی کۆمەڵە بەرامبەر بە خەباتی چەکداری و پێشمەرگانە بە پێی پێویستی سەردەم و نیازی بزووتنەوەکەیەتی. تێدەکۆشین تەمرین پێکراو، ڕاهاتوو، تۆکمە و پۆشتە و پەرداختری بکەیەن و ئەگەر ڕۆژێک قۆناغی خەبات و بزووتنەوەکەمان خواستی، هێزی پێشـمەرگەی کۆمەڵە گیان لە سەر دەست ئامادەی ئەنجامی ئەرک و ڕاسپاردەکانیەتی کە پارێزگاری کردنە لە مافی ژیان و داواکاری و دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە.

پێم خۆشە ئەوە بڵێم، ئەگەرچی ئێمە وەک گەلی کورد ئەوە چل ساڵە دەڵێین کۆماری ئیسلامی دژی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤە، تیرۆریستە، گەندەڵە، پێشێلکاری مافی کەمایەتییە ئایینی، نەتەوەیی و جنسییە، ئەمڕۆکە هاودەنگ و هاوڕامان زۆرە و هەموو ئێران و هەموو جیهان ئەم حەقیقەتە دەزانن. بە پێی هەموو لێکدانەوەکان، گۆڕان لە ئێران نزیکە، بێگومان هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و ئەمڕۆانەش بە هەوڵی ناوەندی هاوکاری بیر لە پێکهاتنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی هەموو کوردستان دەکرێت، لە گۆڕانکارییەکان و بۆ یەکلای بوونەوەی زۆر معادلە سیاسییەکان ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگرە.

هێزی پێشـمەرگە ئامادەیە و دەبێت خۆی زۆرتر و زۆرتر بۆ ئەو ڕۆژ و ئەو ئەگەرانە ئامادە بکات.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ هاوڕێ عەلی لە کۆتایی دا بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان و یادی ٥٠ ساڵەی دامەزارندنی حیزبی کۆمەڵە چ پەیامێکتان هەیە؟

هاوڕێ عەلی بەهمەنی؛ من بەبۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە و ساڵیادی ٥٠ سالەی دامەزراندنی کۆمەڵە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو گیانبازی و فیداکاری ئەو هەزاران هەزار کەس لە ژنان و پیاوان و کوڕان و کچانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگرم کە بۆ ئەو حیزبە خوێنیان داوە، بەشێک لە جەستەیان بۆ بەخشیوە، ئارەقەیان ڕشتووە و ماندوو نەناسانە ژیان و تەمەنیان بۆ ئەو ڕێبازە و ئەو بزووتنەوەیە بەخت کردووە. سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بنەماڵەی سەربەرز و ڕوو سووری بنەماڵەی شەهیدانی کۆمەڵە، لە زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر، لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و چینی هەژار و چەوساوەی کوردستان بەتایبەتی و هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە گشتی کە ڕۆژی کۆمەڵە ڕۆژی هەموویانە، لە ژنان کە نیوەی کۆمەڵگاکەمان پێك دێنن و کۆڵەکەیەکی بەهێزی کۆمەڵەن، لە هەموو پێشمەرگە دێرین و نوێکان و هەموو ئەو کەسانەی بۆ ساتێکیش شانیان وەبەر ئەرک و ڕاسپاردەی کۆمەڵە داوە. پیرۆزبایی لە ئێوەش دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم ڕۆژە گرنگ و مێژوویە لە سەر زێد و نیشتمان و لەگەڵ هەموو دڵسۆزانی کۆمەڵە و خەڵکی کوردستان جێژن بگرین.

هەر لێرەشەوە داواکارییەکم هەیە ڕوو لە کوڕان و کچانی تێکۆشەری کوردستان، وەرنە ناوڕێزی کۆمەڵەوە، کۆمەڵە حیزبی وەدیهێنانی خەون و ئاوات و ئارەزەووکانیانە، وەرن و کۆمەڵە بەهێز بکەن. بەهێزی کۆمەڵە گەرەنتی گەیشتن بە مافەکانیان مسۆگەرتر دەکات.



ئه‌م بابه‌ته 614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:24:13/03/2020