سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆڕی ماتمگێڕی بۆ هاوسەری مامۆستا عومەر شێخ مووس بەشداری کرد +وێنە

ستۆکهۆڵم\ ئاسۆی ڕۆژ؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە  ٢٣ی نوامبر لیژنەیەک لە نوێنەرانی کۆمەڵە و بە سەرپەرشتی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕێ و ڕەسمی ڕێزگرتن و  سەرەخۆشی لە ئاگنێتا شێخ مووس هاوسەری سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرینی کورد مامۆستا عومەر شێخ مووس بەشدارییان کرد.
کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی خاتوو ئاگنێتا لە هۆڵی شیستا ترێف لە ستۆکهۆڵمی سوئێد بەڕێوە چوو. ئەو کۆڕە ماتەمگێڕییە کە لە لایەن کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ڕێکخرابوو، کۆمەڵێک لە کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان تێدا بەشدار بوون. لە کۆڕەکەدا ژیاننامەی خاتوو ئاگنێتا خوێندرایەوە. 
لە بەشێکی کۆڕەکەدا بەڕێز کاک محەمەد موهتەدی سیاسەتمەداری دێرینی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دۆستی دێرینی مامۆستا عومەر شێخ مووس و ئاگنێتا وتەیەکی لە یادی خاتوو ئاگنێتا پێشکەش کرد. 
مامۆستا عومەر شێخ مووس کەسایەتی دیاری بزاڤی کورد خەڵکی عاموودەی کوردستانی ڕۆژاوایە و لە هەمان کاتدا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. 
ئاگنێتا خاتوونی هاوسەری یەکەم ژنە پێشمەرگەی بیانی بوو کە وێڕای مامۆستا عومەر شێخ مووس لە شاخەکانی کوردستان بەرگی پێشمەرگایەتی پۆشی. 
خاتوو ئاگنێتا ساڵی ١٩٤٣ لە ستۆکهۆڵمی سوئێد لە دایک بوو. ساڵی ١٩٦٨ لەگەڵ مامۆستا عومەر شێخ مووس ژیانی هاوبەشی پێک دێنێت. خاتوو ئاگنێتا یارمەتی دەرێکی بەهێز بوو لە ناساندنی دۆزی کورد بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بە تایبەتی سوئێد. بە هاوکاری مامۆستا عومەر شێخ مووس گەلێکی دەقی سیاسی و  شیعر و ئەدەبی کوردی ورگێڕاوەتەوە سەر زمانی سوئێدی و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گۆڤاری  پروشە بوو کە بە زمانی ئینگلیزی لە شاخ بڵاو چاپ دەبوویەوە.
خاتوو ئەگنێتا شێخ مووس ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ نوامبری ٢٠١٩ لە ستۆکهۆڵم لە تەمەنی ٧٧ ساڵی دا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئه‌م بابه‌ته 447 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:37:25/11/2019