ڕاگەیاندنی «شۆرای دیمۆکراسیخوازانی ئێران»دەربارەی؛
هێنانی هێزە بێگانە بەکرێگیراوەکان بۆ ئێران
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی، دوابەدوای ناڕەزایەتییە بەربڵاو و ڕەواکانی خەڵکی ناوچە لافاو بەرکەوتووەکان، بەرامبەر بە ناکارامەبوون و هەڵسووکەوتی نابەرپرسانەی بەرپرسان و پێشگرتن بە گەیاندنی یارمەتییەکان لە لایەن ڕژیمەوە، کە زۆرجار بووە بە هۆی تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی سپا، هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقی، حیزبوڵڵای لوبنان، فاتمیونی ئەفغانستان و زەینبیوونی پاکستانی... کە ناکرێت بە بێ ئیزنی وڵاتەکانیان بێت، هێنراونەتە ئێران بە مەبەستی سەرکوتی خەڵکی ناوچەلافاو لێدراوەکان.
شۆرای دیمۆکراسی خوازی ئێران ڕایدەگەیەنێت:
١-کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، پشتی بە هێزە دواکەوتوو، تاوانبار و تیرۆریستەکان بەستووە.
٢-ئەم ڕژیمە سەرکوتگەر و دیکتاتۆرە کە بەردەوام سیاسەتە وێرانگەرەکانی خۆی لە ڕێگای هێزەکانی سپا و بەکرێگیراوە ناوچەییەکان و یان بە شێوەی هاوبەش لەگەڵ بەکرێگیراوە بیانییەکان دەیبەنە پێش، لەم دۆخە قەیراناوییەی ئێستادا بە هێنانی نۆکەر و بەکرێگیراوە بیانییەکان، بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتی ئێرانی خستۆتە خزمەتی بێگانەکانەوە، کارێکی نایاسایی تر دژ بە خەڵکی ئێران ئەنجام دەدات.
٣-ڕژیمی دەسەڵاتدار بە گرتنەبەری تاکتیکی فریوکارانە و هێنانی بەکرێگیراوە بیانییەکان بە ناوی یارمەتی گەیاندن بە لافاولێدراوەکان، هەوڵی ئەوەیە هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرامبەر شەپۆلی تووڕەیی خەڵکدا پارێزراو بن و لە لایەکیتروە ئەوە بە دونیا بڵێت کە سپای پاسداران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ تەنیا نییە و ئەوان دەتوانن هەم لە ئێران و هەم لە ناوچەکە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕێگای دەوڵەت و هێزەکانی بەکرێگیراوی خۆیانەوە، بخەنە مەترسییەوە.
بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو خەڵکەی لەگەل مەرگ لە ململانێدان، لە مێژساڵە کە دوژمنانی ناوخۆیی واتە کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران و دوژمنە هاوبەشە دەرەکی کەئەو هێزە بێگانە بەکرێگیراوانەن کە رژیم بە کرێی گرتوون بە باشی دەناسن. خەڵک دەزانن کە سەرکوتگەرە بەکرێگیراوەکان بەمەبەستی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی ئەوان هێنراونەتە ناوچە لافاو لێدراوەکان، ئەو بەکرێگیراوانەی کە هیچکات ناتوانن ڕوخساری ناشیرین و چەپەڵی دوژمنانی سەرەکی خەڵک واتە حکوومەت و سپای پاسداران پاک بکەنەوە، بە پێچەوانە بوونی ئەم بەکرێگیراوانە دەبێت بە هۆی تووڕەیی زیاتری خەڵکی وەزاڵە هاتوو و ستەم لێکراوی ئێران.
شۆرای دیمۆکراسیخوازانی ئێران وێڕای پرۆتیستۆ کردنی هێنانی هێزە بێگانە و تیرۆریستەکان بۆ ناوخۆی وڵات، ئەو وڵات و هێزانەی کە یارمەتی کۆماری ئیسلامی دەدەن و هێزەکانیان بە شێوەی نامەشرووع و ڕێگەپێنەدراو بە مەبەستی کوشتنو ئەشکەنجەی خەڵکی ناڕازی دەخەنە خزمەتی خەڵکەوە، ئاگادار دەکاتەوە کە دەست لە کار و باری ناوخۆی ئێران وەر نەدەن و بەرامبەر بەو خەڵکەی کە بە دەست ئەم ڕژیمەوە وەزاڵە هاتوون و گیانیان گەیشتۆتە سەر لێویان، نەوەستنەوە.
_بەرەی دیمۆکراتیکی ئێران
_بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان
_بزووتنەوەی هاوپشتی ستەملێکراوانی عەداڵەتخواز
_حیزبی دیمۆکراتی کوردستان
_کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
_حیزبی تەزامونی دیمۆکراتیکی ئەهواز
_حیزبی یەکێتی بەختیاری لوڕستان و کەهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد (لوڕستانات)
_حیزبی خەڵکی بەڵووچستان
_ڕێکخراوی کەلتووری، سیاسی ئازەربایجان
_شۆرای هاوپەیامنی تورکمەن- ئێران
دەبیرخانەی شۆرای دیمۆکراسیخوازانی ئێران
٢٤ی ئاپریلی ٢٠١٩
ئهم بابهته 1754
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:13:07/05/2019