یادی چل ساڵەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە بەرز ڕاگیرا

سلێمانی/ هەرێمی کوردستان
ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان ڕێ و ڕەسمی یادی چل ساڵەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە لە شاخەکانی قەرەداغ بە بەشداری ئەندامانی سەرکردایەتی و کادر و ئەندام و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و میدیاکاران بەرز ڕاگیرا.
ڕێ و ڕەسمی یادکردنەوەی چل ساڵەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە واتە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە بە سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و خولەکێکی بە بێ دەنگی وەستان بۆ یادی سەرجەم گیان بەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی پێکرد. 
دواتر هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە پەیامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندانی ڕۆژی کۆمەڵە و یادی چل ساڵەی خەباتی ئاشكرای کۆمەڵە پێشکەش کرد. 
لە پەیامەکەی کومیتەی ناوەندی کە لە لایەن هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربارەوە پێشکەش کرا باس لە دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆڵی کۆمەڵە لە ماوەی چل ساڵ خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد کرا. لە بەشێکی دیکەی پەیامی کومیتەی ناوەندی دا هاتبوو کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلێک قەیرانی چارهەڵنەگری ناوخۆیی و دەرەکی کرابوو کە ئاسۆی دواڕۆژی کۆماری ئیسلامی لێل و تار کردووە و بە هەمان ڕێژە ئاسۆی بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەستەبەر کردنی مافەکانی گەش و ڕووناکترە و لە پێناوەدا ئەرک و ڕاسپاردەکانی کۆمەڵە وەک یەکێک لە گرنگترین حیزبەکانی سەر شانۆی بزووتنەوەی سیاسی بزووتنەوەی کورد بە گشتی خرابوویە بەر باس. 
لە درێژەی وتارەکەیدا هاوڕێ عەبدوڵڵا پیرۆزبایی لە پۆلێک لە کچانی کوڕانی کوردستان کرد کە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست ببوون. 
ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە (زاگرۆس) بە بۆنەی چالاکییەکانی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لە ناوخۆ لە توێی وتارێکدا ماندوو نەبی و دەستخۆشییان لە هاوڕێیانی زاگرۆس ڕاگەیاند کە ئەم پەیامە لە لایەن هاوڕێ کۆماری ڕەش ەوە پێشکەش کرا.
هاوڕێ میلاد ڕەزایی سروودی هونەرمەندی لاوی ناوڕیزەکانی کۆمەڵە "سوورە سوار" لە وەسفی هاوڕێی ڕابەر کاک حەمە حسێن کەریمی وتراوە، پێشکەش بە بەشدار بووان کرد. 
لە درێژەی ڕێ و ڕەسمی یادکردنەوەی چل ساڵەی ئاشکرابوونی خەباتی نهێنی کۆمەڵە کۆمەڵێک لە کچان و کوڕانی ئازادیخواز کە لە ژێر پەلی شەهیدانی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی سازمان درابوون پاش تێپەڕ کردنی سەرکەوتووانەی دەورەی سیاسی نیزامی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە بە وەرگرتنی کارت و چەکەکانیان لە دەست هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان بەرپرسی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە بە ڕەسمی بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون. 
هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بە بۆنەی تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی دەورەی سیاسی نیزامی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە و ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە پەیامێکیان خوێندەوە. هەروەها پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی ئازادیخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە بەشی پەزیرشی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە چاوەڕوانی دەست پێکردنی دەورەی سیاسی نیزامییان پەیامێکی ڕوو لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە و بەشدار بووان پێشکەش کرد. 
بەشی دووەمی ڕێ و ڕەسمەکە تەرخان بوو بۆ پیرۆزبایی و بەخێرهێنانی هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە بۆ ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و شادی و هەڵپەڕکێ.
جێی ئاماژەیە کە کۆڕی بانگەواز و هونەرمەندانی ناو ڕێزەکانی کۆمەڵە بە پێشکەش کردنی دوو سروودی و شیعر و پەخشان ڕێ و ڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە لایەک کۆمەڵێک لە خوێندکاران و ڕووناکبیرانی کوردەوە دامەزرا، ئەم ڕێکخراوەیە پاش ٩ ساڵ خەباتی نهێنی و ژێرزەمینی لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دوای گیان بەختکردنی هاوڕێ حەمە حسێن کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە چالاکی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند.

ئه‌م بابه‌ته 1585 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:02:15/02/2019