ئۆسلۆ-نۆروێژ/ بەڕێوەچوونی ڕێ ورەسمی ڕۆژی کۆمەڵە


ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ٢ی ٢٠١٩ لەسەر بانگهێشت و ئامادەکاری کۆمیتەی کۆمەڵە لە وڵاتی نۆروێژ، رێوڕەسمێکی بە شکۆ بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە لە شارۆچکەی سترۆمێن لە نزیک ئۆسلۆ بەڕێوە چوو.

لەم ڕێورەسمەدا کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕێیانی کۆمەڵە و هەروەها نوێنەری کۆمەڵێک حیزب وڕێکخراوی سیاسی و کەسایەتی سەربەخۆ ئامادە بوون و پێکەوە ڕێزمان لە ٤٠ ساڵ خەباتی ئاشکراو وسەرجەم ٤٩ ساڵ تێکۆشانی کۆمەڵە گرت و یادی هاوڕێی دامەزرێنەر کاک حەمە حسێن کەریمی و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێبازی ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیمان کردەوە.

سەرەتا هاوڕێ فەرهاد مینبەری ئەندامی کومیتەی کۆمەڵە لەوڵاتی نۆروێژبە نوێنەرایەتی سەرجەم تەشکیلاتی نۆروێژ بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و مەبەست لەو ڕێو ڕەسمەی ڕاگەیاند.

دواتر هاوڕێیان موزەفەر ڕەوشەن و خالد مەجیدی مۆمی ٤٠ ساڵەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵەیان هەڵکرد.

ڕێ و ڕەسمەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێ حەمە حسێن کەریمی و سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە، پاشان سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمی کۆمەڵە دەستی پێکرد.

هاوڕێ ئیبراهیم کۆنەپۆشی ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی پەیامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان خوێندەوە و دواترهاوڕێ شوانە ڕەحمانی دیکلەمەی پەخشانێک بە ناوی پەیامی پێشمەرگەی کۆمەڵە هاوکات لەگەڵ کلیپێکی ویدۆیی لە سەر کۆمەڵە پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، دوابەدوای هاوڕێ شوانە هاوڕێی بەهار فاتمی سروودبێژی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە لەگەڵ هاوڕێیانی گرووپی سروود چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانەییان لە سروودەکانی کۆمەڵە پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

بەڕێز کاک محەمەد ئەسکەندەر بەرپرسی کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان پیامی پیرۆزبایی کومیتەی هاوکاری کە ٨ حیزبی لە چوار پارچەی کوردستانەوە لەخۆگرتوە، خوێندەوە. بەڕێز بەهار خاتوون ئەندامی کومیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی خوێندەوە. هاوڕێ جەلال هانیسی شاعیری ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە چەند پارچە پەخشان و شێعری پێشکەش بە ڕۆژی کۆمەڵە کرد.

هاوڕێ کاوە فەرشادفەڕ، بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کۆمەڵە لە نۆروێژ کە پێکهاتون لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی لاوان و کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵەی کولتووری نەوان و کومیتەی لایەنگرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێرلە نۆروێژ، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی ساڵۆنی مەراسم بە ئاڵای کۆمەڵە و دروشم و تراکتەکانی کۆمەڵە ڕازابۆوە مێزی کتێب کە هەندێک لە کتێب و بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی لە سەر دانرابوو لە بەردەست بەشداربواندا بوو.

هاوڕێیان فەردین سەڵەواتی و ئەسرین دەرسید وەک دوو بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە ناوە ناوە تراکت و بانگەوازەکانی کۆمەڵەیان پێشکەش بە ئامادەبوان ئەکرد،

بەشی دووهەمی ڕێو ڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی هونەری، هونەرمەندانی دەنگ خۆش بەڕێزان شۆڕش مەریوانی و مووسا مەریوانی و نیزام مەلا زادە بە هاوکاری موزیکژەنی لاو و بە ناو بانگ کاک پێشڕەو زەرداسەر ڕێ و رەسمەکەیان ڕازاندەوە.

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی کۆمەڵە تا درەنگانێک لە شەو درێژەی پێدراو دواتر لە ناو شادی و خۆشی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

بەشێکی بەرچاو لە حیزب و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان و بە ئامادەبوونیان و پێشكەش کردنی پەیامی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵ، یان بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی ڕێزیان لە یادی ٤٠ ساڵەی خەباتی ئاشکرا و ٤٩ ساڵەی خەباتی کۆمەڵە گرت. ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی وا بە بەشداری مەراسمەکە بوون بریتی بوون لە:

ڕۆژهەڵات:

حیزبی دیموکراتی کوردستان

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

پارتی سەربەستی کوردستان

پارتی ئازادیی کوردستان

باشوور:

یەکێتی نیشتمانی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەی ناوچەی نۆروێژ

ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان

پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەی ڕێکخراوی ئۆسلۆ

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان

باکوور:

پارتی دیموکراتی کوردستان باکوور

ڕۆژائاوا:

.ڕەوەندا کوردین سوریا لە نەرویج

.دیدارا کوردی لە نەرویج

هەر وەها کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە نۆروێژ کە نوێنەرایەتی ٨ حیزبی سیاسی سەر بە چوار پارچەی کوردستان ئەکات.

بە ناوی کومیتەی کۆمەڵە لە وڵاتی نۆروێژەوە، پڕ بە دڵ سوپاسی هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییانەوکەسایەتییە سەر بەخۆیانە ئەکەین کە ڕاستەو خۆ یان بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی شان بە شانی ئەندامان و دۆستانی کۆمەڵە لە وڵاتی نۆروێژ ڕێزیان بە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە گرت.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی نۆروێژ


ئه‌م بابه‌ته 589 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:23:11/02/2019