راگەیاندنی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە بە بۆنەی ٢٥ نۆڤامبرەوە

ڕێكخراو و كەسایەتی و چالاكانی مافی ژنان
ژنانی پێشەنگ، پێشەنگەكانی ژنان
ژن سەرچاوەی ژیان، دوورگەی لەخۆبردوویی و خۆشەویستی، و هێمایەك لە ژیانەوەیە. جوانترین شێعرەكان، بە هەستترین نامیلكەكان، بەرزترین وشەكان و بەڕێزترین سیفەتەكانی مرۆڤایەتی، بۆ ژنان گوتراوە، بە دەمیانەوە پێدەكەنێ و لەبەر سینگیان دراوە. ژنان، جگە لە بەڕێوەبردنی كاروباری تایبەت بە خۆیان، زۆرجاران وەكوو كۆڵەكەیكی دەروونی و دەرەكی، پاڵپشت و پشتیوانی پیاوەكان بوون.
ژنان لە هەموو قۆناغەكانی ژیاندا، لەخۆبردووانە و سەركەوتووانە ڕۆڵیان گێڕاوە و قایمتر و بەرپرسانەتر لە پیاوان ئەركە كۆمەڵایەتییەكان ڕاپەڕاندووە. ژنان نەك تەنیا نیوەی كۆمەڵگا، بەڵكوو پارێزەری هاوسەنگی، ڕەمزی پێكەوەبوون و پێكەوەژیان، و ڕاهێنەری جیلی نوێن وەكوو سەرچاوگەی سەرمایەی مرۆیی لە داهاتوودا. ئەوان ڕوویەكی دیكەن لە كۆمەڵگا كە بە خۆشەویستی و ڕۆحی نەرمی ژنانەیان، زبرایەتی شەڕ، دەسەڵات، پاوان و تاوان و توندوتیژیان وەلاناوە.
بەڵام مەخابن، ئێستایشی لەگەڵ بێت، لە سەدەی ٢١دا، لە هەندێك كۆمەڵگائ دواكەوتوو، كولتووری چەقبەستوو یاكوو دەسەڵات و سیستەم و یاسای كۆنەپەرەست و پیاوسالارانە، هێشتاكە ژنان دەچەوسێنەوە، گیرۆدەی هەڵاواردنی ڕەگەزین یاكوو بەرەوڕووی ئازار و ئەشكەنجە و توندوتیژی دەبنەوە.
هەر بەم بۆنە و لەم پەیوەندییەدا، بە مەبەستی وەبیرهێنانەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردە بێ مانا و نا مرۆڤانەیەدا، ڕۆژی ٢٥ی نوامبری هەموو ساڵێك وەكوو ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناونراوە و لە یادی خووشكانی "میراباڵ"دا ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی ئەم جۆرە كردەوانە و خەسارەكانی دوای ئەوە زەق دەبێتەوە.
ئەگەرچی توندوتیژی لە دژی ژنان، دیاردەیەكی نوێ و بەرتەسك نییە و لە زۆریەك لە كۆمەڵگاكاندا لە ڕەواڵەت و شیوازی جۆراوجۆر ڕوو ئەدات بەڵام بە گشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە ئێران و كوردستان _كە شوێنی ژیان و حەوانەوە و مەبەستی ئێمەیە_ بەهۆی كولتووری زاڵی گۆڕدراو، ڕوانینی دوگم و ترادیسیوناڵ، كاریگەری و كارتێكەری نەرێنی شەرێعەت و ئائین و هەروەها دەسەڵاتی كۆنەپەرەستان و یاساگەلی دژە مرۆڤانەی وڵاتانی سەردەست، ئەم دیاردەیە زیاتر و زەقتر خۆدەنوێنێت.

ژنانی پێشڕەو و خەباتكار
ئێوە ڕێگایەكی دژوارتان لە بەرە و ئەركێكی قورستان لەسەر شان، ئەگەرچی ئێوەی خۆڕاگر كۆڵتان نەداوە بەڵام جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئێمەش وەكوو كۆمەڵە، یەكەم حیزب و ڕەوتی سیاسی-كۆمەڵایەتی بووین كە ئاڵای بەرابەری ژن و پیاومان هەڵگرت و ڕێگای بەرەنگاری لە مافە ڕەواكانتان و بەگژداچوونەوەی كولتوور و ڕێوڕەسمە دواكەوتووەكانمان گرتە بەر و هەتا ئەمڕۆش شێلگیرانە و سوورتر لەو مەیدانەدا خەباتمان كردووە.
ڕوانگەی ئێمە لە ئەساسدا بۆ پرسەكانی سەبارەت بە ژن و ئەو بەشە لە كۆمەڵگا، تێڕوانینێكی ئازاد، بێسنوور، بەرابەر و دادخوازانەیە و لەم بوارەشدا خۆمان بە هاوسەنگەری ڕاستەقینەی ئێوە دەزانین. ئەمە لە پێشوودا و ئێستاكەش نە وەك دروشم بەڵكوو بە كردەوە سەلمێندراوە. ژنانی نێو ڕیزەكانی كۆمەڵە وەكوو تاكێكی ئازاد هەڵسووڕانیان بووە، بەرپرسایەتی و فەرماندەییان لە ئەستۆ گرتووە و بۆ پارێزگاری لە خۆیان و مافەكانیان، هەروەها پاراستنی ئاو و خاك و بەها ئینسانییەكان، شانبەشانی پیاوان هەستاون و تەنانەت چەكیان لە شان كردووە.

ئازیزان و هاوسەنگەران
توندوتیژی لە دژی ژنان، ڕەهەندگەلی جۆراوجۆر و جیاواز لە خۆ دەگرێت كە هەركامەیان كاردانەوە و خەساری تایبەتی جەستەیی، جینسی، دەروونی و كەسایەتی لێدەكەوێتەوە. هەموو ئەم قەیرانانە پێویستیان بە ڕیشە یابی، خەسارناسی، لێكۆڵینەوە و بنبڕكردنی هۆكارەكانی سەرهەڵدانیەتی. ئاگاداركردنەوەی گشتیی، چاكسازی كولتووری، پەروەردەی درووست و ڕێگری یاسایی دەتوانێ پێش بەم دیاردە و خەسارەكانی دوای ئەوە بگرێت. لەم پێناوەشدا كۆمەڵە ئامادەیە تاكوو لە هەر چەشنە یارمەتی و پشتگیرییەك كۆتایی نەكات.

هاوڕێیانی بەڕێز
لەم سەردەمە نوێیەدا وەكوو قۆناغی تێپەڕبوون، هەروەها لە ئاسۆی گەیشتن بە ئارامی و سەقامگیری و دوای ئەوەش، لەپێناو گەشەسەندن و پێشكەوتن، حزوور و هەڵسووڕان و دەور و نەقشی ژنانی چالاك و پێشەنگ پێویستیێكی حاشاهەڵنەگرە. ژنان لە ئێرانی ئێستادا گەرم و گوڕتر لە جاران، لە هەموو ڕەهەند و بوارەكانی ژیان و خەباتدا چالاكی دەكەن و زۆرجار وەكوو ڕێنوێن و ڕێكخەر و بەڕێخەری خەڵك، لە بەرامبەر ڕژیمی تۆتالیتێر و كۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەوەستن. لە پاڵ داواكاری بۆ مافە تایبەتەكانیان، ناڕەزایەتییە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان سازمان ئەدەن. میحوەری زۆربەی ناڕەزایەتیەكان و لە ڕێزی پێشەوەی خۆپیشاندانەكانن، لە دەنگی هەموو چین و توێژەكان پاڵپشتی دەكەن، لە پشت بوڵێندگۆكانەوە نەترسانە وتار ئەدەن، بە دیوارەكاندا درووشم دەنووسن، لەچك و ڕووسەرییەكان دەكەنە هێمای دەنگهەڵبڕین و دەیان ڕێگای داهێنەرانەی دیكەیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هێناوەتە مەیدان.كۆی ئەمانە دەرخەر و نیشانەی زیندوویەتی و بووژانەوەی بزووتنەوەی ژنانە كە جیا لە پێداگری لەسەر خواستەكانی، بەرامبەر بە گۆڕانكاری و كێشە و پرسەكانی كۆمەڵگاش بێ دەنگ نییە و بێ هەڵوێست نابێت.

ژنانی چالاك و خۆڕاگر
جارێكی دیكە پەیامی ڕوون و ئاشكرامان دووپات دەكەینەوە، ئێمە وەكوو كۆمەڵە، پێكهاتوو لە ژنان و پیاوانی یەكسانیخواز، ئازادیخواز، عەداڵەتخواز و ڕچەشكێن، لەسەر ئەركی مرۆڤانە، بەرپرسایەتی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەمان هەروەها بەپێی فەرهەنگ و باوڕ و ئامانجەكانمان، هەموو هێز و وزەمان دەخەینە گەڕ لە پێناو پاڵپشتی و پشتگیری لە خەباتی ئێوە بۆ یەكسانی و گەیشتن بە مافەكانتان و بە هەموو توانا و ئیمكاناتەوە پاڵنەر و پشتیوانی ئێوەیەن. هەر وەكوو مێژوو، لە ئێستا و لە داهاتووشدا بەرامبەر بە توندوتیژی لە دژی ژنان، كولتووری دژەژن و ڕوانگەی دواكەوتووانە دەوەستینەوە. ماف و خواستی ژنان لە لووتكەی ئاڵای ئێمەدایە و بە گوڕی لە دەمارەكانی ڕێبازەكەماندا دەگەڕێت.
كۆمەڵە لە هەموو ژنانی چالاكی ئازادیخواز و یەكسانیخواز و عەداڵەتخواز داوا ئەكا، نەك هەر بە تەنیا بەبۆنەی گەیشتن بە مافەكانی خۆیان بەڵكوو شانبەشانی پیاوان بێنە مەیدانی خەبات و پانتایی ئەركەكانیان بەرینتر و ئاستەكەی بەرز كەنەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرەوپێشچوون و پێشكەوتنی كۆمەڵگا.
كۆمەڵگای ئێمە بەرەو گۆڕانێكی قووڵ دەروات، چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە كە بەرزترین و كاریگەرترین دەنگ و ڕەنگتان هەبێت و بەپێی سوننەتی كوردەواری گرینگترین ڕۆڵ بگێڕن لەم گۆڕانكاریانەدا.
ڕزگاربوونی هەر نەتەوە و كۆمەڵگایەك پێوسیتی بە ئازادبوونی ژنانە بۆ پەروەردەكردنی كچان و كوڕانی ئازادیخواز و سەربەست.

سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
25 نۆڤامبری 2018

ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:31:25/11/2018