دیداری نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و پارتی یەكیەتی كورد لە سووریا

وەفدێكی پارتی یەكیەتی كورد لە سووریا سەردانی سەركردایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانی كرد.
رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 1ی مانگی نوامبری 2018ی زایینی وەفدێكی پارتی یەكیەتی كورد لە سووریا بە سەرپەرەستی بەڕێز ئیبراهیم برۆ سكرتێری گشتی و وەفدی یاوەری كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان، سولەیمان ئوسو، وەیس شیخی، محەممەد خەیربەنكو و نەواف رەشید ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەم پارتە لە لایەن وەفدی كۆمەڵە كە پێكهاتبوون لە هاوڕێیان، ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسی، عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامی دەفتەری سیاسی، ئەردەڵان فەرەجی ئەندامی كومیتەی ناوەندی و سامان ریشەساحێب جێگری كومیتەی ناوەندی پێشوازییان لێكرا.
ئەم دیدارە چەندین تەوەری لە خۆ گرتبوو، سەرەتا لە لایەن وەفدی كۆمەڵە بەخێر هاتنی گەرمیان لێكرا. دواتر بەڕێز ئیبراهیم برۆ سكرتێری گشتی ئەو پارتە قسەوباسێكی لە سەر دۆخی گشتی سوریا و كوردستانی رۆژئاوا بە تایبەتی و  ئاستنەگەكانی خەبات لەم بەشەی كوردستان پێشكەش كرد.
دواتر هاوڕێ ساڵح شەریفی ئەندامی دفتەری سیاسی وێڕای بەرز نرخاندنی رۆڵی هێزە سیاسیەكانی كوردستانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا(  ENKS) ئاماژەی بە بەردەوامی خەبات لە سەر ویست و داخوازییە رەواكانی هەر كام لە بەشەكانی كوردستانی كرد.
ئاڵوگوڕەكان و دواپێشهاتە سیاسی و كۆمەڵایەتیە نێوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی ئەم كۆبوونەوەیە بوو كە هەر دو لا ئاڵ وگۆڕی بیروڕایان لە سەر كرد.
هەر وەها لە سەر پێكهێنانی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران وەفدی میوان خۆشحاڵی و  بەردەوامی كاری هاوبەشی هێزە سیاسیەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتیان دووپات كردەوە.
لەم دیدارە چەندین تەوەری دیكە هاتە بەر باس و لەكۆتاییدا هەر دو حیزب لە سەر بەردەوامی پەیوەندییەكان و دۆستایەتی دێرینی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و پارتی یەكیەتی كورد لە سووریا جەختیان كردەوە.

ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:39:05/11/2018