وتەكانی هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە گیان‌بەختكردووانی دەشتی وەلەژێر

دەقی وتەكانی هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە گیان‌بەختكردووانی دەشتی وەلەژێر (٣ی خەرمانان)، لە بارەگای ناوەندیی كۆمەڵە

میوانە بەڕێزەكان، كادر و ئەندام و پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و ئەندامانی سەركردایەتی، بەناوی كومیتەی ناوەندی و لەلایەن ئێوەوە، پرسە و سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی هەر دوو گیان‌بەخت‌كردووی نوێمان هاوڕێیان: ئەرسەلان جەوزاك و پەرویز عەبدی دەكەین و بەڵێن دەدەین تا دوا هەناسەمان درێژەدەری ڕێگای پیرۆز و ئامانجە بەرزەكانیان بین و تا بەسەركەوتن‌گەیاندنی ئامانجەكانیان هەدا نەدەین.
لێرە ژیان‌نامەی ئەو دوو هاوڕێیە خوێندرایەوە، بە بڕوای من خاڵێكی گرنگ كە دەكرێ سەرنجی بدەینێ ئەوەیە كە ئەم دوو تازە شەهیدبووەی ئێمە تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ تێپەڕ ناكات. لە كاتێكدا كە بزوتنەوەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات لانیكەم لە ۳۹ ساڵی ڕابردوودا سەركردایەتییەكەی لە دەرەوەی جوغرافیای سیاسیی كوردستان بووە. ئەمە تاقانە ئەزموونی بزووتنەوەیەكی نەتەوەییە لە هەموو مرۆڤایەتیدا بۆ ماوەی نزیكەی ٤۰ ساڵ میللەتێك، سەركردایەتیی بزووتنەوەكەی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی بكات، بەڵام هێشتا هێژێمۆنی ئەو بزووتنەوەیە، سەرەڕای هەموو هەوڵ و پیلانەكانی ڕژیمی داگیركەر بۆ پەراوێزخستنی سەركردایەتی ئەو بزووتنەوەیە، هێشتا هێژمۆنیی زاڵە و جەوانانێكی وەك ئەرسەلان و پەرویز دەبن بە پێشمەرگەیی و فیداكاری بۆ بكەن و سەرئەنجام گیانی بۆ بەخت كەن. ئەمە ڕەوایی بزوتنەوەی كورد، بزوتنەوەی ڕزگاری‌خوازانە و حەق‌خوازانەی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دەردەخات كە بۆماوەی ٤۰ ساڵ سەركردایەتییەكەی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی بێت بەڵام هێشتا هێژمۆنی و گوتارەكەی لە نێو كۆمەڵگادا زاڵ بێت و جەوانانێك كە تەنیا ۲۵ ساڵیانە عەناسوری فەعال و چالاكی ئەو بزوتنەوەیە بن. كەواتە، ئێمە لە هەڵبژاردنی ڕێگەكەماندا دەقیق و دروست بووین، و سەرەنجامیش سەركەوتن بۆ ئێمەیە؛ میلەتێك كە ئەرسەلان و پەرویزی بێت هەرگیز شكست ناخوات. سەركەوتن بۆ ئێمەیە كە چالاكانی بزوتنەوەیەكی حەق‌خوازانە و بەرهەقی میللەتەكەی خۆمانین كە بە دەیان ساڵە لە لایەن داگیركەرانەوە داگیركراوە. ئێمە سەربەرز و ڕووسوورین كە چالاكی ئەو بزوتنەوەین، بەڵام لە ئێمە سەربەرزتر و ڕووسوورتر ئەرسەلان و پەرویزن كە بە گیان و بە خوێنی خۆیان ڕێبەرایەتیی ئەو بزوتنەوەیە دەكەن و خوێنی بۆ دەدەن؛ سەربەرزتر و ڕووسوورتر لە ئێمە، بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەن، ئەو دایك و باوكانەن كە ڕۆڵەكانیان وا پەروەردە دەكەن كە گیانباز و گیان فیدای خەڵكەكە و میللەتەكەی خۆیان بن، ڕووسوورتر لە ئێمە ئەو تێكۆشەرانەن، ئەو خەباتكارانەن كە بەشێك لە جەستەی خۆیان پێشكەشی بزووتنەوەی میللەتەكەیان كردووە بۆ ڕزگاری و ئازادی و عەداڵەت. بێ‌گومان ئەو كاروانی گیانبازییەی ئەمڕۆ ئەرسەلان و پەرویز پێی پەیوەست بوون و ئێمە ئەمڕۆ بۆ ڕێزلێنان لە گیانبازییان لێرەین، بەوانەوە دەستی پێ‌نەكردووە و بەوانیشەوە كۆتایی نایەت. بەرلەوانیش شەهیدی وەكوو فوئاد موستەفاسوڵتانیی هەبووە كە لە مانگی خەرمانان، ساڵیادی ٤۰ ساڵەی گیان‌بەخت‌كردنی دەگرین و بەوانیشەوە كۆتایی نایەت و ئەو خەباتە و ئەو كاروانە بە هەزارانیتر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئێمە سەر دەكەوین و لە سەركەوتنیش نزیكین.
ڕەنگە لەم یادەدا جێگای تەحلیل و لێكدانەوەیەكی سیاسی نەبێ، بەڵام هەر ئەوندە دەڵێم هەمووان دەزانن كە كۆماری ئیسلامی لە سەرە مەرگی فەوتان و لەناوچوون دایە. لە سەرە وەختی ئەوەدایە كە ئەو پەڕانتێزە ڕەشە كە لەساڵی ۱۳۵۷وە بەناوی كۆماری ئیسلامی دەستی پێ‌كرد، ببەسترێ و بۆ هەمیشە بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە، هەر دوێنێ بوو ڕووحانی لە مەجلیس هاواری دەكرد و باسی لە خرۆشانی جەماوەری دەكرد كە داهاتوویان چەندە ڕەش و تاریكە و مەترسیی دەدا لەوەی كە خەڵك ڕادەپەڕن و دێن و هەموو دامودەزگای كۆماری ئیسلامی تێكەوە دەپێچنەوە و دەیخەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
ئێمە لە بەردەم ساتەوەختێكی مێژوویی و تاریخی داین، زۆر جێی داخە كە ئەمڕۆكە كاك ئەرسەلان و كاك پەرویز لەگەڵمان نین، بەڵام ئەركی ئێمە ئەوە دەبێت لە بەر بەیانی ڕزگاری و ئازادی و سەركەوتندا یادیان بكەینەوە. ڕاستە ئەو كاروانە بە گیانبازیی ئەوان دەستی پێ‌نەكردووە و بەوانیشەوە كۆتایی نایەت، بەڵام ئەوان ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی چەوساوانن كە هەتا شەو ڕەش و ڕەشتر بێت ئەوان هەر گەش و گەش‌ترن. لەم سەرەمەرگەی كۆماری كۆماری ئیسلامیدا ئەوان ئەستێرەن، ئەستێرەیەكی گەشاوەن. هەروەك گەورەكانمان وتوویانە:  "ئازادی" گەوهەرێكی گران بەهایە و باج و نرخی دەستەبەر كردنی ئەو ئازادییەش بەهایەكی گرانە، گیانبازی و فیداكارییە. ئێمە دەبێ گیانی بۆ بەخت بكەین، بەهای بەدەستهێنانی گەوهەری ئازادی، فیداكاری و خۆنەویستی و گیانبازیییە.
 لە ئەزموونی وڵاتان و بزوتنەوەی ڕزگاری‌خوازەكاندا بووە خەڵكانێك كە دژی میللەتەكەی خۆیان، دەستیان لەگەڵ داگیركەری وڵات و میللەتەكەی خۆیان تێكەڵ كردووە و دەستیان بەخوێنی ڕۆڵەكانی خۆیان سوور دەبێ، نە مێژوو، نە ویژدانی میللەتەكەیان لێیان خۆش نەبوون. لە بزووتنەوەی كوردیشدا هەر وایە و نە لە بزووتنەوەكە و نە لە كۆمەڵەشدا هەرگیز  ئەو خەڵكانەی كە دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەی خۆیان سوورە خۆش نابێ و خەیانەتەكەیان  فەرامۆش ناكات. هەروەك باسم كرد ئاسۆی ئێمە ڕوونە. هەرچەند دیارە كاك پەرویز لە هاوڕێیان و پێشمەرگەكانی نێوخۆی كوردستان و لە ڕێكخستنەكانی ناوخۆ بووە، كە هەروەك لە بەشێك لە ژیان‌نامەكەیدا هاتووە و من دەیناسم، ڕۆڵەیەكی جەسوور و بەجەرگ و لەخۆبردووی میللەتەكەمان بوو، بەڵام بەشێكی زۆرمان لێرە كاك ئەرسەلانمان دەناسی كە چەندە ڕەزا سووك، بەدەربەست، ئامادە بە خزمەت، خۆنەویست، لێهاتوو و ماندوونەناس بوو. میللەتێك كە ئەرسەلان و پەرویزی هەبێت هەرگیز سڵ ناكاتەوە لە خەبات، هەرگیز نابەزێ و هەرگیز ناتەزێ و سەركەوتن بێ‌گومان بۆمیللەتێكە كە ڕۆڵەی وەكوو ئەرسەلان و پەرویزی هەیە.
جارێكی‌تر لەلایەن ئێوە و لەلایەن سەركردایەتیی كۆمەڵەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاریان دەكەم،  بەڵێنیان پێ‌ دەدەین خوێنی ڕۆڵە خۆشەویستەكانیان بە فیڕۆ ناچێت، ڕێگا و ڕێبازیان بەر نادەین و بەڵێن دەدەین تا دواهەناسەمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانیان تێ‌بكۆشین. ئەی شەهیدان، ئێوە لەو ئەستێرە گەشانەی ئاسمانی چەوساوانن كە هەتا شەو ڕەش و ڕەشتر بێت، ئێوە هەر گەش و گەشترن.


ئه‌م بابه‌ته 946 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:53:15/09/2018