پەیامی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی بە بۆنەی مانگرتنە گشتییەكەی كوردستان

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە: مانگرتنی گشتی كوردستان، سەركەوتوانە بەڕێوەچوو.

بە پێی سەرجەم ئەو راپۆرت و وێنە و ڤیدیۆ دیكۆمێنتیانەی تا ئێستە بە دەستمان گەیشتوون، مانگرتنی گشتی شارەكانی كوردستان سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە. دوا بە دوای بانگەوازی گشتی لە كوردستان لە لایەن حیزبە سیاسیەكان و چالاكانی مەدەنییەوە بە ناڕەزایەتی بە ئیعدامی رامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مواردی و مووشەكباران كردنی هاوكاتی بنكە و مقەڕەكانی حیزبە كوردییەكان لە كوردستانی باشوور، خەڵكی كوردستان تێكڕا و یەكدەنگ بە هانای ئەم بانگەوازەوە هاتن.
بازڕای كاسبكارەكان، كرێكاران، قوتابیان، لاوان، دایكان و باوكان، هەموان دەستیان لە دەستی یەكتر ناو بە شێوەی یەكگرتووانە ئیرادە و هەستی یەكبوونی نەتەوەی كوردیان نیشان دا.
ئەوەی سەركەوتنی ئەم جووڵە مەزنە خەڵكیە زیاتر دەخاتە ڕوو، ئەوەیە كە ئۆرگانە سەركوتگەرەكانی رژیم لە رۆژانی رابردوودا هەموو هێزی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەر بە بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە بگرن، هێزە چەكدارەكان رژانە سەر شەقامەكان و شۆستەكانیان داگیركردن و هەڕەشەیان كرد، خەڵكیان دەستگیر كرد، دۆخی ئەمنیەتییان زاڵ كرد، بەڵام سەرئەنجام لە بەرامبەر ئیرادەی یەكگرتوو و لە شكست نەهاتووی خەڵكدا یارییەكەیان دۆڕان و بەچۆكدا هاتن.
نە ئیعدامی لاونمان و نە بۆمب دانان و نە مووشەكباران كردنی حیزبەكانمان و نە تیرۆری كەسایەتی و رێبەرانی سیاسی، هیچكامیان ئیرادی گەلی كورد دانابەزێنێ ، بە پێچەوانەوە دەبێت بە هۆی یەكبوون  و یەكیەتی زیاتریان و ئیرادی ئەوان پتەوتر و پۆڵایین تر دەكات.
رژێمی كۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە سەرانسەری ئێران هیچ رێگایەكی دەربازبوونی نییە. رووخانی ئەم رژیمە گەندەڵە حەتمیە و بە دڵنیاییەوە بەرگە ناگرێت. ئەوەی كە دوای ئەم رژیمە سیستەمێكی دیمۆكراتیك، پلۆڕاڵ و بە بێ هەرچەشنە هەڵاواردنێك بێتە سەر كار بەوەوە بەندە كە بەرەیەكی یەكگرتووی گەورەی دیمۆكراسیخوازی لە ئێران رێك بخرێت. یەكیەتی و هاوپەیمانی گەورە و هەمەگیری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە رەوتی مانگرتنە گشتییەكەی ئەمڕۆدا نموونەیەكی سەركەوتووانەی یەكیەتی و كاری هاوبەشە.

ئه‌م بابه‌ته 529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:27:12/09/2018