پێشمەرگەیەكی دێرینی كۆمەڵە لە بۆكان ماڵئاوایی لە ژیان كرد

بەداخەوە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی خەرمانان، کاک محەمەد ساڵح کەدخودا شێرە، پێشمەرگەی دێرین و فیداکاری کۆمەڵە، چەند کاتژمێر پاش ئازادکردنی لە زیندان، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەمەد ساڵح کە لە دایکبووی گوندی تیکانتەپەی سەر بە شاری بۆکانە، لەو پێشمەرگە فیداکارانەی کۆمەڵە بوو کە لە ساڵەکانی دەیەی شەستی هەتاوی لە زۆرێک لە شەڕ و عەمەلیاتەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە دژی بەکرێگیراوانی ڕژیم بەشداری کردووە و ڕۆڵی بەرچاوی بووە.
پاش داگیرکردنی شارەکانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە چووە ڕیزی هەڵسووڕاوانی تەشکیلات نهێنی کۆمەڵە لەو شارە و درێژەی بە چالاکییەکانیدا.
کاک محەمەد ساڵح، ساڵەکانی دەیەی هەشتا لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە کۆمەڵە دەستبەسەر و سزای ٨ ساڵ زیندانی بە سەرداسەپا.
ناوبراو پاش ئازادبوونی لە زیندان جارێکیتر لە لایەن دامودەزگاکانی ڕژیمەوە دەستگیر کرایەوە و بۆ جاری دووهەم، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەرداسەپا.
بە ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

ئه‌م بابه‌ته 527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:04:07/09/2018