سمیناری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو

لە درێژەی چالاكی ناوەندی هاوكاری حیزبە كوردستانییەكان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨، ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی دەركردنی فەرمانی هێرش بۆ سەر كوردستان، سێمینارێكی تایبەتی لە هۆڵی ناوەندی بارەگای كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەڕێوە برد.
سێمینارەكە بە خولەكێك بە بێ دەنگی وەستان بۆ ڕێز لێنان لە یادی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد دەستی پێكرد. دواتر هاوڕێ سامان ڕیشەساحیب ئەندامی جێگری كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە پەیامی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژەوەی خوێندەوە.
دواتر سێمنیارەكە بە پێشكەشكاری هاوڕێ فەرزین كەرباسی ئەندامی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە دەستی پێكرد كە لە پێنج پەنێلدا بەڕێوە چوو. تەوەری پەنێلەكانی سێمینارەكە بریتی بوون لە:
_هۆكارەكان، دەرەنجامەكانی ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵك و شۆڕشێ كوردستانی ئێڕان كە لە لایەن بەڕێز محەمەد نەزیف قادری بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە پێشكەش كرا.
_نەبوونی گوتاری هاوبەشی حیزبەكان بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەشی نەتەوەیی بەرامبەر بە ڕژیم كە ئەم پەنێلەش لە لایەن بەڕێز هێمن بایەزیدپوور بە نوێنەرانەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە پێشكەش كرا.
_بەلەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی ئەوكاتە و ئەمڕۆی كوردستانی ئێران ئەگەری دوبارە بوونەوەی ڕووداوی وەها هەیە؟ و ڕێكاری بەرگیری لە دووپات بوونەوەی ئەم جۆر ڕووداوانە چییە؟ كە ئەم پەنێلە لە لایەن بەڕێز ئیسماعیل شەڕەفی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانەوە پێشكەش كرا.
_چۆنییەتی دەركردنی فەرمانی جیهاد و ڕەهەندەكانی بەردەوامی پێ بەخشینی كە لە لایەن بەڕێز كاك شۆڕش حاجییەوە بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی كوردستانەوە پێشكەش كرا.
_شێواز و ئامانجی بەرەنگاربوونەوە، هەیئەتی هاوبەشی كورد لەو سەردەمەدا و پرسی دان و ستان لە ئەمڕۆدا كە ئەم پەنێلەش لە لایەن بەڕێز كاك ساڵح شەریفی بە نوێنەرایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانەوە پێشكەش كرا.
دواتر پێشكەش كردنی تەوەر و ناوەرۆكی هەر كام لە پەنێلەكان لە لایەن باسكارەكانەوە كە بەگەرمی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازییان لێكرا، پشوویەك ڕاگەیەنرا و دواتر و دوابڕگەی سێمینارەكەش تەرخان كرابوو بۆ پرسیار و تێبینی و سرنجی بەشداربووان دەربارەی ناوەرۆكی ناوەرۆكی هەركام لە باسكارەكان بوو.
لەو بەشە لە سێمینارەكەش بەشدار بووان لە بە تێبینی و سرنج و پرسیارەكانیان باسەكانیان دەوڵەمەندتر كرد و هەر كام لە باسكارەكانیش پرسیارەكانی پەیوەست بە خۆیانەوە وڵام دایەوە و دواجار سێمینارەكە لە كەش و هەوایەكی گەرم و خۆمانییانە كۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 483 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:06:19/08/2018