ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپباران كردنی سنوورەكانی كوردستان و شەهید بوونی دوو پێشمەرگە

رۆژی سێ شەممە، رێكەوتی 26ی پووشپەری 1397 جارێكی تر رژیمی جینایەتكاری ئێران تۆپخانەكانی وەگەڕخست و ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و بەربزینی هەرێمی كوردستانی تۆپباران كرد. بەداخەوە لەو هێرشە نامرۆڤانەیە دا وێرای زیان گەیاندن بە سروشتی ئەو ناوچانە دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران شەهید بوون.
قەیرانە نێونەتەوەیی و ناوچەییەكان، بازنەی فشارەكانیان لەسەر نیزامی دیكتاتۆری ئێران تەسكتر كردووەتەوە و سیاسەتی  كورت كردنەوەی دەستی ترۆریستپەروەر و ئاژاوەگیڕانەی  كۆماری ئیسلامی لە وڵاتان  پەیرەو دەكرێ‌ و نەك تەنیا لە یەمەن و سوریا رژیم تووشی شكستی گەورە هاتووە بەڵكو لە وڵاتی عێراقیش سەرەڕای هەموو سەرمایەدانانەكانی، پێگەی لەرزۆك بووە و  هەر لە ئێستا دا دروشمی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە باشووری عێراق،  رووی لە  دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیە و داوای چوونەدەرەوەی ئەو رژیمە و نەمانی هەیمەنەی دەكەن.
لەوەها حالەتێكدا كە خەڵكی وڵاتی عێراق داوای نەمانی كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دەكەن و ئەو پەیامە دەسەڵاتدارانی تارانی نیگەران كردووە  و هاوكات بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەو سنوورە ،  رژیمی ئاخوندی بۆ كەم كردنەوەی فشارەكان لەسەر خۆی و هاوكات ناردنی پەیامی  هەڕەشەئامێز بۆ هەرێمی كوردستان دەستی داوەتەوە خولێكی نوێ لە تۆپباران و بەزاندنی یاسا نێونەتەوەییەكان و پێشێل كردنی سەروەریی  سیاسی وڵاتی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان.  
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێرای ناردنی پرسە و سەرەخۆشی بۆ خەڵكی كوردستان بە بۆنەی شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان، تۆپبارانی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكووم دەكات و داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و خەڵكی بە شەرەفی هەرێمی كوردستان دەكات لە هەمبەر ئەو یاساشكێنی و سنووربەزاندنانەی رژیمی جینایەتكاری  ئێران كە بووەتە هۆی نائەمنی و شێوانی ژیانی خەڵكی ئەو دەڤەرە  بێدەنگ نەبن و پێش بە درێژە كێشانی ئەو رەوشە مەترسیدارە بگرن.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی  ئێران
17/7/2018

ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:39:18/07/2018