شەشەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

پێشنیوەڕۆی پێنج شەممە ١٠ی مانگی مای(٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧) لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، شەشەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕیوە چوو.
 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەیئەتەكانی هەر یەك لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئیران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان، لە بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، كۆ بوونەوە. دەستووری كاری  ئەم كۆبوونەوەیە كە شەشەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكان بوو كۆمەڵێك پرسی گرتبووە خۆ.
كۆبوونەوە، دوای پەسندی دەستووری كار،  چووە سەر یەكەم بڕگە لە دەستووری كاری خۆی كە تایبەت بوو بە تێكۆشان و چالاكیی یەك مانگی رابردووی ناوەند. لەم بەشە دا بەرپرسی دەورەیی ناوەند، قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، وێڕای  ئاماژە بە هەڵوێستەكان و تێكۆشان و هەنگاوەكانی ئەم دەورەیە، ڕاو سەرنجی لایەنەكانی لە پێوەندی لە گەڵ مانگرتنی ئێعترازیی شارەكانی بانە، مەریوان، پاوە، جوانڕۆ و هتد، بە تایبەتی مانگرتنی درێژماوە و خۆڕاگرانەی خەڵكی بانە وەرگرت. تێكڕای بەشداران وێرای پێداگرتنەوە لە سەر هەڵوێستی ناوەند بریتی لە پشتیوانی لە مانگرتنەكان و داخوازە ڕەواكانیان، ئەم حەرەكەتە مەدەنییەیان هەم لە ڕووی ئیرادەی مافخوازانە و پشوودرێژیی خۆڕاگرانەی خەڵك، هەم لە باری ڕەوایی داخوازەكان، هەر وەها لە روانگەی پشتیوانی و هاوپیوەندیی خەڵكی ڕۆژهەڵات لەو مانگرتنە بەرز نرخاند. ناوەندی هاوكاری دووپاتیشی كردەوە كە پشتیوانی ئەم حەرەكەتەیە چ لە شكڵ و شێوەی ئێستای دا، چ لە ڕێگای كەلكوەرگرتن لە شێوازەكانی دیكەی گوشارهێنان بۆ دامو دەزگانی دەسەڵات بە مەبەستی قبووڵكردنی داوا رەواكانیان.
لە بڕگەیەكی دیكە لەم كۆبوونەوەیەدا، لایەنەكانی ناوەندی هاوكاری بە ئامانجی پەلهاویشتنی هاوكاریی نیوان حیزبەكان بۆ دەرەوەی وڵات ، میكانیزمەكانی هاوكاریی نوێنەرایەتی و كۆمیتەكانی دەرەوەی ولاتی خۆیان هێنایە بەر باس و پاش راوێژی بە سوود، لە سەر میكانیزمی هاوكارییەكان وبەدواداچوونی هەوڵە هاوبەشەكان، بڕیار و راسپاردەی پێویستیان پەسند كرد.
لە بەشێكی دیكەی شەشەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاری‌دا، قسە لە سەر خالە بە هێز و لاوازەكانی چەند لۆگۆیەك كرا كە وەكوو لۆگۆی ئەم ناوەندە پێشنیار كرابوون. بەشدارانی كۆبوونەوە، وێڕای دەربڕینی سپاس و پیزانینی خۆیان بۆ ئەو هونەرمەند و گرافیستانەی بە ناردنی لۆگۆ پێشنیارییەكان ، یا بە بە شداری لە هەڵسەنگاندنیاندا هاوكاریی ناوەندیان كردبوو، ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی پێویستیان بۆ بەئاكام گەیاندنی ئەم كارە، دایە بەرپرسی دەورەی داهاتووی ناوەندی هاوكاری. لەم بەشەدا،  هەر وەها كۆمەڵە خاڵێك لە بارەی كاروباری میدیایی ناوەند وبە مەبەستی بواررەخساندن بۆ پیوەندیی پشتیوانان و هۆگرانی ناوەند بەم ئۆرگانیزاسیۆنە، پەسند كران.
 كۆبوونەوەی ئەمجارە كاتێكی گونجاویشی بۆ باس لە دوو بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە ئامانجەكان و پێڕەوی  نێوخۆی ناوەند تەرخان كرد. ناوەندی هاوكاری لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆی دا، دوای دەوڵەمەند كردنی بەڵگە نامەی پێڕەوی نیوخۆ بە پێشنیار و سەرنج و تێبینیی ئامادەبووان، ئەم بەڵگەنامەیەی پەسند كرد. پەسند كردنی بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە ئامانجە گشتییەكانیشی بەستەوە بە دیالۆگ و بیروراگۆڕینەوەی زیاتر لە سەر ئامانج و پرەنسیبە هاوبەشەكان و شێوازی فۆرمۆڵەكردنیان.
دوایین بڕگە لە دەستووری كاری شەشەمین كۆبوونەوەی ناوەند، باس لە نێوەرۆكی كۆبەندی سمیناری ئەو ناوەندە لە بارەی تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان دا بوو كە ڕۆژی ٣٠ ئاوریلی رابردوو بەڕێوەچوو. لەم بەشەش‌دا، دوای پۆلێنكردنی خاڵ و ئەركە هاوبەشەكان بەپێی ئەولەوییەت كە لە سمینار‌دا تەئكیدیان لە سەر كرابوو، هەر كام لە حیزبەكانی پێكهێنەری ناوەندی هاوكاری، بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنیان ئەركدار كران. كۆبوونەوە لە نێو پێداگریی هەموو لایەنەكان لە سەر یەكگرتوویی و هاوخەباتی و، ئامادەیی نواندنیان بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لە جێبەجیكردنی ئەرك و بەرپرسایەتیی هاوبەشدا، كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا.

ئه‌م بابه‌ته 143 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:38:12/05/2018