خەباتی خەڵكی كوردستان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی دیاریكردنی چارەنوسی خۆی هەروا بەردەوامە!

خەڵكی خەباتگێرێ كوردستان!
١٠ی خاكەلێوە، رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی موحەممەد، سەرۆك كۆماری كوردستان وسەدری قازی و حەمە حوسێـن خانی سەیفی قازی یە. ٧١ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ١٠ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، پێشەوا قازی موحەممەد، یەكەم سەركۆماری دەوڵەتی جمهوری كوردستان، لە چوارچرای شاری مەهاباد، ڕاست لەو جیگایەی  پێشەوا قازی، جمهوری كوردستانی لێ راگەیاندبوو، بە فەرمانی موحەممەد رەزاشای پەهلەوی، لەسێدارە دران و  گیانی پاكیان بەختی ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتیمانەكەیان كرد. چەند ڕۆژ دواتریش ژمارەیەكی دیكە لە ئەفسەرانی  سوپای میللی كوردستان و كاربەدەستانی دیكەی حكومەتی كۆماری كوردستان لە  ناوچەكانی سەقز و بۆكان لەداردران.
بەوجۆرە رێژیمی  حەمەرەزاشا، دوای ئەوەی كە لەئاكامی گەلەكۆمەكیەكی نێونەتەوەیی دا، توانیبووی  كۆماری كوردستان لەنێوببا، بەمەبەستی سەركوتكردنی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان، شەپۆلێكی بەرینی  ئیعدام و كوشتن و گرتن و ڕاونان و زەبروزەنگی لە كوردستاندا دەست پێكرد. كاربەدەستانی دەوڵەتی  تاران  پێیان وابوو بەو كارە دەتوانن بیری ئازدیخوازی لەنێو خەڵكی كوردستاندا  بۆ هەمیشە لە نێوبەرن. بەڵام هەروەك پێشەوا لەكاتی لە سێدارەدانیدا ڕوو بە داگیركەران ڕایگەیاند:"بەكوشتنی من  بیری كوردایەتی و ئازادیخوازی لە كوردستاندا نەك هەر لە بەین ناچێ، بەڵكو لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێ " ڕووداوەكانی دواتر ڕەوایی ئەو ووتە حەكیمانەی پێشەوایان سەلماند كە گەلی كورد نەك هەر دەستی لە خەبات و بەرخۆدان و ئامانجەكانی كۆماری كوردستان هەڵنەگرت، بەڵكو ئامانجەكانی كۆماری كوردستان بوون بە ئیلهام بەخشی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەی كورد لە سەرتاسەی ناوچەكەدا.  تەنانەت ئەو هەموو سەركوت و زەبروزەنگەش كە كۆماری  ئیسلامی وەك میراتگری بە حەقی ڕێژیمی شا، لەماوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا بە دژی گەلی كورد بەكاری هێناوە، بە خەباتی یەكگرتوانەی سیاسی و مەدەنی خەڵكی كوردستان وڵامی تووندی پی دراوەتەوە. ئەوەتا ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی كوردستان خەبات بۆ ڕزگاریی بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.
هەر بۆیە  ڕۆژی ١٠ی خاكە لێوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵكی كوردستاندا، ئەگەر لەلایەك وەك رۆژێكی تاڵ و ناخۆش دەناسرێ، لە لایەكی دیكەشەوە بە ڕۆژی پەیمان نوێكردنەوەو نیشاندانی یەكگرتوویی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانی بزووتنەوەی میللی دێموكراتیكی خەڵكی كوردستان دادەنرێ.
ئێستا پاش تێپەرینی  حەوت دەیە  بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هەڤاڵەكانیدا، دەبینین بزووتنەوەی كورد  بۆتە فاكتەرێكی بە هێزی خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و دێموكراسی لە ئێران و ناوچەكەدا. بیری نەتەوایەتی و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری كوردستاندا  بە باشترین و بەرزترین شێوە خۆی نیشاندەدا. ئەوڕۆ كۆمەڵگای كوردستان گۆڕاوە و بۆتە كۆمەلگایەكی فرە چەشن و پێشكەوتوو و پلۆڕاڵ و فرەحیزب. بەڵام هەموو  حیزب و رێكخراوە نیشتیمانی و دێموكراتیك و ئازادیخوازەكانی كوردستان سەرەڕای جیاوازی سیاسیی نێوانیان ڕێز لە كۆماری كوردستان و ئامانجەكانی دەگرن. ئەوە نیشاندەری ئەوەیە كە پێشەوا  و ئامانجەكانی كۆماری كوردستان، نەك هەر موڵكی حیزبێكی دیاری كروانین، بەڵك هێمای هاوبەشی كولتوری سیاسیی و ئازادیخوازانەی خەڵكی كوردستان و حیزبە خەباتگێرەكانی سەرگۆڕەپانی خەباتن لە كوردستان .  
پێشەوا قازی چ لە كاتی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستاندا و چ لەوەسیەتنامەكەیدا وەك ڕێبەرێكی میللی و دڵسۆزو شارەزا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ كە خەباتكارانی گەلی كورد پێویستە لە بەرامبەر دوژمنانی كوردستاندا پتە و یەكگرتوو و هاودەنگ بن و لە نێوخۆشیاندا و لە بەرامبەر یەكتردا لەسەریانە نەرم و دووربین وسینگ فراوان و بە تەحەممول بن.
هەر بۆیە ئێمە  ئەو حیزب و رێكخراوانەی لە چوارچێوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئیراندا لە دەوری یەك كۆبوینەتەوە،  ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی ١٠ی خاكە لێوەدا،  سەرەرای هەموو جیاوازیە حیزبی و سیاسیەكانمان،بۆ جارێكی دیكەش، لە پێناو بەرەوپێش بردنی ئامانجەكانی خەلكی كوردستاندا، پێكەوە پێ لەسەر هاوكاری و هاودەنگی و هاوخەباتی لە گەڵ یەكتر دادەگرینەوە. پەیمان لەگەڵ گیانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و ڕزگاری خەڵكی كوردستان  نوێ دەكەینەوە كە ئاڵای خەباتی ئەوان تا سەركەوتن بەرز و شەكاوە ڕادەگرین.
لەم دەرفەتە كەڵك وەردەگرین و داوا لە خەلكی كوردستان دەكەین هەرچی زیاتر لەدەوری ئامانجەكانی بزووتنەوەی كوردستان كۆببنەوەو خۆیان رێكبخەن و ریزەكانی تێكۆشان و سەنگەرەكانی بەربەرەكانی بەهیزتر بكەن. ئەو ڕووحیە خەباتگێرانەیەی ئێوە لە بۆنە جۆراوجۆرەكانی ئەو سالدا، وەك ڕوداوی بوومەلەرزەكەی كرماشان وپشتیوانی لە كۆڵبەران و یادكردنەوەی نەورۆز دا لەخۆتان نیشاندا، بۆ ئێمەش لە حیزب و رێكخراوە سیاسیەكانی خۆتاندا بۆتە هەوێنی یەكگرتوویی و هاوخەباتی زیاتر و مایەی دەرس لێوەرگرتن. ئێمە بە هیواو ئومێدێكی زۆرو ورەیەكی بەرزی خەباتگێرانەوە بەرەو ساڵێكی دیكە لە خەبات و بەربەرەكانی دەرۆین . لێرەشەوە بەو پەری بەرپرسایەتیەوە ڕادەگەیەنین كە گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و حیزب و رێكخراوە خەباتگێرەكانی ئامادەیی و توانا و زەرفیەتی ئەوە لە خۆیاندا دەبینن كە لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەكانی ئێران و ناوچەدا، وەك پارامیترێكی گەورەو كاریگەر و دێموكرات دەوری خۆیان بگێرن  و ئەزموونی سیاسی كۆماری كوردستان و بزووتنەوەی نوێی ئەو چوار دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەرەو پێشەوە بەرن.

سڵاو لە گیانی پاكی پێشەوا قازی و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و ڕزگاریی!
سلاو لە  ئامانجەكانی كۆماری كوردستان !
سڵاو لە خەڵكی خەباتگێڕی كوردستان !
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٨ی خاكەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی

ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:40:27/03/2018