ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات سپاسنامەیەکی بڵاوکردەوە

هاونیشتمانە بەڕێزەكان، خەڵكی خەباتگێڕی کوردستانی ڕۆژهەڵات...
لە لایەن ناوەندی هاوكاری حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێرانەوە، بە دڵ سپاسی هەموو لایەك دەكەین كە لە ئاستێكی بەرزی نەتەوایەتیدا بە دەم بانگەوازی ئێمەوە هاتن و  ئەمساڵیش بەشكۆوە، مەراسیمی چوارشەممەسووری و جەژنی پیرۆزی نەورۆزتان، بەڕێوە برد. سەرەرای  ئەوەی ڕژیم هەوڵی دا ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز بە دەوڵەتی بكرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
ئێمە وەكوو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای جەژنە پیرۆزە بە بۆنەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی كوردی، ئەوە وەبیر دێنینەوە كە یەكدەنگی و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان و پاڵپشتی كردنی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی دەتوانێت وەك باسكێكی بەهێزی نەتەوەیی بە گژ رژیمی داگیركەری ماف و ئازادییەكانماندا بچێتەوە و هاوكات لە هەموو ئەگەرێكی سەخت و دژواردا وەكوو ئیرادەی تاك و كۆمەڵگای كوردی، هەموو كات بۆ پرسی نەتەوە و پاراستنی بەرگری لە چارەنووسی نەتەوەی كورد، لە مەیدان ئامادە بێت.
هەر وەك دەزانین سەرەڕای نەهامەتییەكانی نەتەوەكەمان لە باشوور و ڕۆژئاوای نیشتمانمان و كارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی كرماشان و كوشتار و ئێعدامی رۆژانەی لاوان و كاسبكارانی كورد، لە لایەن رژێمی دژە مرۆڤایەتی كۆماری ئیسلامی، بەرەو پیری نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی چووین و جەژنی نەوڕۆزیش لە ئاستێكی سەراسەری و نەتەوەیی لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانی کوردستانی ڕۆژهەڵات،  بە جل و بەرگی كوردی و جامانەو هەوری و گوڵی سوور، كە داوای ئێمە بوو بەڕێوە چوو. نەورۆز  ویرای رەهەندی كلتووری و بۆنەییكی شادی، هێما و سیمبولی خۆراگری و رۆژی بەگژداچوونەوەی زاڵم و ستەمكارە و خەڵكی وشیاری كوردستانی ئێران زۆر بە جوانی ئەو پەیامەیان بە گویی دەسەڵاتی ملهوری ئێران دا هەلێنایەوە.
حكوومەتی ئێران وەك سیاسەتی هەمیشەیی ویستی بە ئامرازی سەركووت و ترساندن و تۆقاندن، بەرەوڕووی خەڵك ببێتەوە، بەڵام خەڵكی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چەندین شوێن، بۆ نموونە شارەدێی نێ لە مەریوان بەرەوڕوویان بوونەوە و بە هەستێكی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی جەژنی نەورۆزیان كردەوە.
ئێمە، جارێكیتر پیرۆزبایی لە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین و پەیمان لە گەڵ یەك دەبەستین كە لە هەموو دەرفەتێك بۆ یەكدەنگی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بۆ خاك و خەڵكی كوردستان كەڵك وەرگرین.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات
۳/۱/۱۳۹۷

ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:46:23/03/2018