چالاكیی تەبلیغیی بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان

بە بۆنەی هاتنی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵ ڕۆژی ئاشكرا بوونی خەباتی نهێنیی كۆمەڵە، تێكۆشەران و هەڵسووڕاوانی بەشی تەشكیلاتی نهێنیی كۆمەڵە (زاگرۆس) لە شار و شارۆچكەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات چالاكیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوەبرد و گەرم و گوڕتر لە ساڵانی ڕابردوو بەرەو پێشوازی ڕۆژی كۆمەڵەوە چوون.
تێكۆشەرانی سەنگەری شاری كۆمەڵە لە شارەكانی سەقز، سنە، بانە، بۆكان، مەریوان، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت، ورمێ، جوانڕۆ، پاوە، كرماشان، كامیاران، دیواندەرە، دێولان، ئیلام، تاران، كەرەج و سەوڵاوا، سەرەڕای زاڵ بوونی كەشێكی ئەمنیەتی تووند بە سەر ئەم شارانەدا بۆ چەندمین ڕۆژی بەردەوام دەستیان دایە چالاكیی بەربڵاوی تەبلیغی و بە بڵاوكردنەوەی تراكت، نووسینی درووشمی جۆراوجۆر لە پێشوازی ڕۆژی كۆمەڵە و چەسپاندنی تراكتی ٢٦ی ڕێبەندان بە درگای بنكەی ناوەندەكانی ڕژیم، هەڵكردنی ئاڵای سووری كۆمەڵە لە زۆربەی گەڕەك و كۆڵانەكان، كێو و بەرزایی شار و گوندەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێزیان لە هاتنی ٢٦ی ڕێبەندان و چەند دەیە خەباتی بێوچانی كۆمەڵە گرت.
هەر لە درێژەی چالاكی هاوڕێیانی كۆمەڵە لە ناوخۆی كوردستان، لە زۆربەی شارەكانی كوردستان، هاوڕێیانی ماندوو نەناسی كۆمەڵە بە بڵاوكردنەوەی وێنەی ڕێبەرانی گیانبەختكردوو (كاك فوئاد مستەفا سوڵتانی و كاك حەمە حسێن‌ كەریمی)، بڵاوكردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە لە ڕێگای دەزگای بڵاوكردنەوەی دەنگ، نوورباران كردنی ئاسمانی شارەكانی كوردستان لە شەوی ٢٦ی ڕێبەندان و دەیان شێوازی نوێی تەبلیغی، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی كاك حەمە حسێن‌كەریمی تازە كردەوە. چالاكیی بێ وێنەی هەڵسووڕاوانی كۆمەڵە لە شارەكانی كوردستان ترسی خستە دڵی نەیارانی كۆمەڵە و هێزەكانی ڕژیم شەو و ڕۆژ لە شەقام و كۆڵانی شارەكان دەسووڕانەوە بۆ ئەوەی پێش بە چالاكیی تێكۆشەرانی كۆمەڵە بگرن، بە شێوەیەك كە لە چەندین شاری كوردستان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە چالاكانی كۆمەڵە كرد، بەڵام هەموو ئەوانە نەیتوانی ورەی پۆڵایینی هەڵسووڕاوانی كۆمەڵە دابەزێنێ و پێش بە چالاكییەكانیان بگرێت.
هەر لێرەوە دەست خۆشی و ماندوو نەبوونی دەنێرین، بۆ تێكۆشەرانی چاونەترس و دوژمن بەزێنی سەنگەری شار و ڕێبوارانی ڕێگای كاك حەمە حسێن‌كەریمی و هەزاران ئەستێرەی پڕشنگداری كاروانی گیانبەختكردووانی كۆمەڵە؛ هەر بژین و بەردەوام بن لە خەباتی بێ وچانتان لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بۆ خەڵكی كوردستان و ڕێبازی سووری زەحمەتكێشان.

ئه‌م بابه‌ته 1155 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:16:11/03/2018