پەیامی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە بە بۆنەی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

لە كاتێكدا ساڵەوەگەڕی ئەم رۆژە رێز  لێدەگرین كە بزووتنەوەی ژنان لە مانگەكانی رابردوودا بە كۆنەپەرستانەترین شێوازو زیاتر لە جاران، كەوتۆتە بەر شاڵاوی سەركوتی دەوڵەتەكەی روحانی. خوێندكارانی زانكۆ، چالاكانی مەدەنی، هەڵسوڕاوانی سیاسی‌و فەرهەنگی‌و رۆژنامەوانی، لە هەموولایەكەوە وەبەر تیغی سانسۆرو یاسای دواكەوتووانەی كۆماری ئیسلامی كەوتوون‌و هیچ  سنورێكی بێشەرمی نەماوە كە كارگێڕان‌و سەركوتگەرانی حكومەتی بە دژی بزووتنەوەی ژنان نەیان بەزاندبێ. پڕۆژەی ئەمنییەتی كۆمەڵایەتی كۆماری ئیسلامی لە ساڵی رابردوو، لە بنەڕەتدا بە دژی ژنان‌و  كچان  وەگەڕخراو گەوڕەترین سوكایەتی بە كەرامەت‌و  كەسایەتی ژنان‌و كچان لە سەر شەقامەكان لە مانگەكانی رابردوودا بەڕێوەچووە‌و ئێستاش بەردەوامە.
لە ماوی رابردوو و دوابەدوای سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی بەرفراوانی شارەكانی ئێران دژ بە حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران ، بزووتنەوەی ژنانیش وەكوو بەشێكی كاریگەر دیاردەیەكیان داهێنا دژ بە حیجابی زۆرە ملی بە و ناوی كچانی شەقامی شۆڕش ناوزەد كرا. حەرەكەتی ناڕەزایەتی كچانی شەقامی شۆڕش بوو بە یەكێك لە هێماكانی خۆراگری دژ بە حیجابی زۆرەملی و چەوساندنەوە.
پەرەسەندنی دیاردەی كچانی شەقامی شۆڕش ئەمجار جیاوازترە و ئەوان بە جەسورییەكی زۆر و بە لابردنی حیجاب و نافەرمانی مەدەنی دژ بە یەكێك لە هێما سەرەكییەكانی ئیدئۆلۆژی نیزامی كۆماری ئیسلامی راوەستانەوە.
لە كاتێكدا كۆنەپەڕەستی ئایینی بە پشت ئەستووری  یاساو  دەوڵەت‌و هێزی  نیزامی سەركوتگەر، هەیمەنەی دزێوی خۆی بەسەر هەموو تان‌و پۆی كۆمەڵگای ئێراندا سەپاندووەو ژیانی تایبەتی‌و تاكەكەسی  ژنان‌و كچانی ئێران لە ژێرچاوەدێری وردی ئەم چاوەدێرییە كۆمەڵایەتییە كەوتۆتە  بەر داپڵۆسین، لە كاتێكدا چەمكی زیندانی  سیاسی  بۆ  ژنان‌و كچانی ئازادیخواز جارێكی  دیكە چالاكی بزووتنەوەی ژنان  لە بوارە  جیاوازەكان، كەوتۆتە  ململانێیەكی گەورە  لەگەڵ حاكمییەت‌و كۆنەپەرەستی زاڵ بە سەر یاساكاندا.
ئەم وەخەبەرهاتنە كۆمەڵایەتییە گەورەیەی نیوەی كۆمەڵگا كە ساڵانێكی زۆرە لەژێر عەباو چادری رەشی داسەپاودا، مەجالی دەنگ هەڵبڕینیان پێ نەدەدا، نیشاندەری ئەو راستییەیە كە بزووتنەوەی حەقخوزانەو بەرابەریخوازانەی ژنان بۆ پێداگری لەسەر مافە رەواكانیان،  هەڵقوڵاوی  وشیاری‌و تێگەیشتنێكی  قووڵترە لە دونیای  سەردەم‌و چارەنووسی ژیان‌و لەبەرانبەر بێ عەداڵەتی‌و  ئاپارتایدی وێرانگەری جنسی بە دژی ئەم نیوەیەی كۆمەڵگا. ژنانی ئازادیخواز دەیان  ساڵە كە ناچارن لە دوو  ئاستی  سەرەكیدا لەنێو كۆمەڵگا خەبات‌و چالاكی لە  بوارە جیاوازەكاندا بەرەوپێش بەرن: یەكەم  یاسای كۆنەپەرەستانەی زاڵ‌و دەوڵەت‌و دووهەم، فەرهەنگی دواكەوتوانە ودژە  ژنی  پیاوسالاری نێو كۆمەڵگا. ئەمەش بە چەند قات خەباتی بزووتنەوەی  ژنانی  لە بوارە جیاوازەكاندا لەبەردەم كۆسپ‌و تەگەرەیكی زۆرتر داناوە‌و بزووتنەوەی ژنان  سەرسەختانەتر لە هەركاتێك لەم مێژووە بێڕەحمەدا، هەنگاوی كاریگەرتریان  هەڵێناوە.
لە كوردستان ژنان نەتەنیا لە  ژێر گەلێك ستەمی جیاوازی  وەك ستەمی چینایەتی‌و جنسی‌و  مەزهەبیدا  دەچەوسێنەوە، بەڵكو ئەوانیش وەك ئەندامانی نەتەوەیەكی بندەست و لە ژێرناوی كورد بوونیشدا بەرەوڕووی حاكمییەت دەبنەوە و دەبێ‌ هەزینەی  بۆ بدەن. زۆرێك لە ژنان‌و كچانی ئازادیخوازی كورد، هەر ئێستاش لە كارو خوێندن بێ بەش كراون‌و لە سیاچاڵەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە ژێر گوشار‌و  ئەشكەنجە‌و سوكایەتیین.
چەمكی ژن و زاڵ كردنی روانینی ئاینی بەسەر ئەو چەمكە، راگرتنی ئەو بەشە لە كۆمەڵگا لە ژیر كۆیلەتی و لەو رێگایەوە واتە لە رێگای كردنی ژنان بە شارۆمەندی پلە دوو، چەواشەكردنی پیاوان و زیندوو كردنەوەی دابونەریتی پیاوسالاری‌و هێنانی بەشێك لە پیاوان لە كۆمەڵگادا، وەك پشتیوانی ئەو رەسم¬و یاسا كۆنەپەرستانە، گەورەترین چەكی سیاسی - ئایدۆلۆژیكی كۆماری ئیسلامییە بۆ مانەوە لە ئێران. بۆیەش لە ئێران كێشەی ژن و خەبات بۆ یەكسانی و ئازادی ئەوان لەو كۆیلەتییە، ئەركی ژنان بە تەنیا نیە، گەرچی هێزی سەرەكی بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە بە ناچار هەر ئەوانن، بەڵام ئەوە پیاوان‌و هەموو ئەو كەسانەی بە راستی دەیانهەوێ‌ دیكتاتۆری ئایینی لە ئێران نەمێنێ‌. بە زانینی ئەو راستییە كە لە سەرەوە هات دەبێ‌ گەرم و گۆڕتر لە هەر كاتێكی¬تر بێنە مەیدانی خەباتی ژنان بۆ ئازادی. بە راستی دەتوانین بلێین خەبات بۆ یەكسانی ژنان لە ئێران راستەو خۆ خەباتە بۆ هەڵپێچانی دامودەزگای سەركەوتگەری ئایینی. دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران ئەوە زۆر باش دەزانێ‌ بۆیەش لە هەمبەر پرسی ژن ئاوا دمارگرژ و بێ‌ ئەملاولایە. تەنانەت ئیسلاحخوازانی ناو دەسەڵاتیش كە لە بنەرەتدا كۆماری ئیسلامیان گەرەكە، بە درێژایی حكوومەتی هەشت ساڵەیان لە ئێران كەمترین هەوڵیان دا بۆ چاكتر كردنی دۆخی ژنان لە ئێران و تەنانەت هێنانی پرسی ئەوان وەك بەشێك لە ئاجێندای ئیسلاحخوازی خۆیان. ئەگەر بلێین خەباتی ژنان بۆ ئازادی و یەكسانی لە ئێران گۆڕكەنی نیهایی دامودەزگای سەركوتگەرە زێدە ڕۆییمان نەكردوە.
كۆمەڵە یەكێك لەشانازی ولەهەمانكاتدا پێناسەكانی ئەوەیە كە یەكەم حیزبی كوردستان بووە كە نەك تەنیا داكۆكی لە مافی یەكسان وبەرابەری ژنان وپیاوان لە هەموو بوارە سیاسی وكۆمەڵایەتی وئابوورییەكان كردووە بەلكو بە كردەوەش بۆیەكەم جار ژنانی هێنایە ناوریزی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە ورێچكەی ئەم سەهۆل بەندانەی لە كۆمەڵگای پیاوسالار ونەریت پارێزی ئەوسەردەمانی كوردستان شكاند وبێ رارایی ودوو دڵی دیفاعی لە ئازادی ویەكسانی ومافی رَەوای ژنانی ستەم لێكراو كرد.ئەمروو لەكوردستان وەك كولتوورێكی جێكەوتوو داكۆكی لە یەكسانی ژن وپیاو وەبیر هێنەرەوەی كۆمەڵەو  فەرهەنگی پێشكەوتنخوازانەی ئە م حیزبە یە.لە ساڵەوەگەڕی رۆژی جیهانی ژن بەو بۆنەوە كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پیرۆزبایی دەكا لە ژنانی كوردستان‌و ئێران و رێز و پێزانینی خۆی، ئاراستەی ئەو ژنە تێكۆشەر و كۆڵنەدەرانە دەكات كە بوێرانە بەرهەڵستكاری سەركوت¬و زەبروزەنگی دامودەزگای سەركوتگەری كۆماری ئیسلامی بوونەوەو بە تەحەمولی زیندان و ئەشكەنجە، ئاڵای خەباتی ژنانی ئێران و كوردستانیان بۆ یەكسانی، هەروا بەرز و شكاوە راگرت. هەر وەها سڵاو و رێزی خۆمان بۆ هاورێیانی ژنی ناو رێزەكانی كۆمەڵە چ لە ناو هێزی پێشمەرگە، چ لە  رێكخستنەكانی نهێنی و یان لە تەشكیلاتی دەرەوەی وڵات دەنێرین كە سوننەتی شۆڕشگیرانەی هاوڕێیانی گیانبەختكردوی ژن لە كۆمەڵەیان، بە خەباتی خۆیان لە ناو ریزەكانی كۆمەڵە زیندوو رادەگرن و بە بێ‌ راڕایی درێژەدەری  ئەو رێگایەن.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە رێز دەگرین لە  یادی  ئەو ژن‌و كچە ئازادیخوازانەی بوێرانە گیانی خۆیان لە رێگەی  خەبات بۆ  یەكسانی مافەكانی ژنان  لە كۆمەڵگا بەخت كردو هیودارین، رۆژی  جیهانی ژن وەك هەمیشە، رەمزی كۆڵنەدان‌و تێكۆشان بێ‌ بۆ گەیشتن بە  ئازادی‌و رزگاری یەكجاری لە دەست  ستەم‌و چەوسانەوە.

پیرۆز 8مارس رۆژی جیهانی ژن
بروخێ رژیمی كۆنەپەرەست ودژە ژنی كۆماری ئیسلامی
بژی سوسیالیزم
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
8ی مارسی  2018 زاینیی
 18ی رەشەممەی 1396ی هەتاوی

ئه‌م بابه‌ته 1009 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:54:08/03/2018