ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی، بەرابەر بە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە بۆ ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی نهێنی کۆمەڵە لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی پەخشانێک لە لایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە (هاوری سمکۆ بەنەفشی) و سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمی کۆمەڵە دەستی پێکرد.
پاشان بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئازیزی هاوڕێی ڕابەر و دامەزرێنەر کاک حەمەحسێن‌ کەریمی و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە چەند ساتێک بێ‌دەنگی ڕاگیرا.
دواتر پەیامی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا بڵاوکرایەوە.
پاش تەواوبوونی پەیامەکەی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان لە لایەن هاورێ کاکۆ عەلیار (ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە) پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان کە لە لایەن هاوڕێ جەمشید بەهرامیەوە بۆ ڕێوڕەسمەکە نێردرابوو لە لایەن هاورێ ئەردەڵان فەرەجی‌یەوە خوێندرایەوە.
پاشان، ڕاپۆرتێکی تەسویری کە لە پەروەردە و ڕاهێنان لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە ئامادە کرابوو لە لایەن ڕۆژهەڵات تی‌ڤیەوە بڵاوکرایەوە.
دواتر پەیامی تەشکیلاتی زاگرۆسی کۆمەڵە ڕوو بە چالاکانی ناوخۆی کوردستان لە لایەن هاوڕێ سمکۆ بەنەفشی پێشکەشکاری بەرنامەکە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کۆمەڵە لە لایەن هاوڕێ ئیدریس ئابجامە خوێندرایەوە.
بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەش تەرخان کرا بۆ شادی و خۆشی بەشداربووان و بەم شێوەیە ڕێوڕەسمەکە کۆتایی هات.

ئه‌م بابه‌ته 213 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:17:14/02/2018