کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و پارتی سوسیالیستی کوردستان_ باکوور کۆبوونەوە

رۆژی پێنج شەممە، رێکەوتی 18ی ژانویەی2018 زاینیی هەیئەتێکی رێبەری پارتی سوسیالیستی کوردستان_ باکوور، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیان کرد لە شاری هەولێر. هەیئەتی کۆمەڵە بە سەرپەرەشتی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە، فارووق بابامیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و سامان ریشەساحێب جێگری پەیوەندییەکانی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە هەولێر و هەروەها هەیئەتی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە لایەن بەڕێز مەسعوود تەک سکرتێری گشتی و وەفدی یاوەری سەرپەرەشتی کراو پێشوازێکی گەرم و دۆستانەیان لە هەیئەتی پارتی سوسیالیستی کوردستانیان کرد. پاش بە خێرهێنانی هەیئەتی پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور لە لایەن وەفدی کۆمەڵە ، سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە باسە سیاسیەکانی تایبەت بە ئێران و ناوچەکە بە گشتی و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەر دابەشکراوە روانگە و لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنەکانی کۆمەڵەی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا بەیان کرد.

لە سەر ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە بە گشتی، ئەگەرەکان، نیگرانیەکان و دەرفەتەکان لەم ناوچەیە بۆ کورد هەر دولا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و بە تایبەتی سەبارەت بە ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات. دواتر بەڕێز مەسعوود تەک سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێرانی بە خاڵێکی پۆزەتیف وەسف کرد و خۆشحاڵی خۆی لە هەمبەر نزیک بوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەربڕی. لە کۆتاییدا لە سەر پەیوەندی و دۆستایەتی لە مێژینەیی کۆمەڵە و پارتی سوسیالیستی کوردستان جەخت کرایەوە.

ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:57:20/01/2018