ڕاپۆرتێك سەبارەت بە دۆخی زیندانیانی سیاسی لە كوردستان

یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی زیندانیانی سیاسی

ئا: ناسر خورشیدی

وێنەیەك دڵمی هەژاند، نەم دەتوانی بە جوانی چاوی لێبكەم بە ناچار لێی ورد بوومەوە كە دیتم حەپەسام و نەمدەزانی چی بكەم، ئەو وێنە ناخ هەژێنە وێنەی كەسێك بوو كە گورچیلەكانیشی لەناو زیندان دا لەدەس دابوو؛ وێنەی تێكۆشەرێكی دێرین و یەكێك لە ڕێبەرانی كرێكاری نەك هەر لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بەڵكوو لە هەموو ئێراندا. یەكێك لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی كرێكاری لە كوردستان و ئێران لە سەر تەختی نەخۆشخانە بوو، ماسكێكی ئۆكسیژێن بە دمییەوە و دەستی سێرۆمی پێوە بوو، بەڵام ناخۆشترین شت لەم وێنەیەدا ئەوە بوو كەلەبچەیەك بە لاقیەوە بەسترا بوو هەر كەسێك كە نەزانێ ئەو كێیە كە لەم بارودۆخە دایە، ڕنگە بیر بكاتەوە و بڵێ ئەو پیاوە چەن كەسی كوشتبێت؟ یاخود بڵێی دەستدرێژیی كردبێتە سەر چەن كەس كە وا كەلەبچەیان كردووە؟ ئەم وێنەیە، وتە بە نەرخەكەی كارڵ ماركسی وەبیر هێنامەوە كە دەڵێت: "كرێكاران هیچیان نیە لە دەستی بدەن جگە زنجیرەكانیان". ئەو وێنەیە، وێنەی كەسێك نییە جگە كاك "مەحموود ساڵحی"، یەكێك لە ڕێبەرە هەرە ناسراوەكانی كرێكارانی ئێران و بە تایبەت كوردستانی ڕۆژهەڵات.
"مەحموود ساڵەحی" ڕێبەرێكی پڕاگماتیست و باوەڕمەند بە یەكڕیزی و تەبایی نێوان كرێكارانە و هیچ كات لە بیر و خواستی ڕادیكالی خۆی لای نەداوە و هەموو كات وەك ڕێبەرێكی تێكۆشەر جوڵاوەتەوە.
"مەحموود ساڵەحی" لە دایك بووی ساڵی ۱۳۴۱ لە شاری سەقزە. سەرەتا لە ساڵی ۱۳۵۹هەتاوی بۆ یەكەم جار بە جورمی هاوكاری كردن لەگەڵ یەكێك لە ئەحزابی كوردی دەستبەسەر دەكرێت، كە ئەم گیران و ئازاد بوونە درێژەی دەبێت و تا ساڵی ٦۵، پێنج جار هەر بەو تاوانە دەستبەسەر دەكرێت. دوای ٨ ساڵ جارێكی دیكە بە تۆمەتی هاوكاریی لەگەڵ حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەر دەكرێتەوە، كاك مەحموود ساڵحی ئەو تۆمەتە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێ من هاوكاریم نەكردوون و ئەو حوكمەم پێ ڕەوا نییە. لە ساڵی ۱۳۷۷ هەتاویدا بۆ ماوەی دە مانگ و لە ساڵی ۱۳٨۵ بۆ ماوەی سێ ساڵ دەستبەسەر دەكرێت. پاشان لە ساڵی ۱۳۹۰ لە شاری كەرەج و چوار ساڵ دواتر لە ماڵی خۆی لە شاری سەقز دەستبەسەر كراوە. دواین دەستبەسەركردنی كاك مەحموود دەگەرێتەوە بۆ ٦ی خەزەڵوەری ۱۳۹٦ی هەتاوی. لە كاتێكدا دەستبەسەر كرا و نێردرا بۆ زیندان كە بە هۆی لە دەستدانی گورچیلەكانی دەبێت حەوتووی دوو جار دیالیز بكرێت. هەر بەم هۆیە لە نەخۆشخانەی شاری سەقز لە ٦ی خەزەڵوەردا بوو كە هێزە ئەمنیەتییەكان بە حوكمی دادستانی ئەو شارەوە دەستبەسەری دەكەن.
نەجیبە ساڵحزادە، هاوسەری ساڵحی و وتەبێژی كەمپێینی پاڵپشتی لە مەحموود ساڵحی بەم شێوەیە باس لە چۆنیەتی دەستبەسەر بوونەكەی دەكات: "لە نەخۆشخانە هاتینە دەرێ كە دیتمان چەن كەس لە هێزە ئەمنیەتییەكان بە حوكمێكەوە هاتن و گوتیان دەبێ مەحموود بەرین. هەرچی داوام كرد و گوتم باری تەندرووستیی باش نییە، بەیانی خۆمان دەیهێنین بەڵام كوتیان نابێت و ئێستا دەبێ بیبەین بۆ دادستانی و لە وێشەوە نێردرا بۆ زیندانی شاری سەقز".
لە كاك مەحموود ساڵحیم سەبارەت بە دەستبەسەر بوون و بارودۆخی ئێستای پرسی لە وەڵامدا كوتی: "لە ئێستادا باری تەندروستیم باشە و هەر وەك پێشتر لە حەوتوودا دوو جار دیالیز دەكرێم بەڵام دڵم زۆر باش نییە و ئێش و ئازارێكی زۆرم هەیە و دەبێ بۆ چارەسەركردنی یان بۆ تاران یان بۆ تەورێز بچم و من هەر ئەمساڵ دوو جار نەشتەگەری دڵم بۆ كراوە". لە درێژەدا دەڵێت: "كاتێك لە نەخۆشخانە دەهاتمەدەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری سەقزەوە دەستگیر و بە دەستووری دادستان بۆ زیندانی سەقز گوازرامەوە."
مەحموود ساڵحی دەڵێت: "لە گوڵانی ساڵی ۱۳۹۴دا بە هۆی پێڕانەگەیشتن و نەبوونی دەوا و دەرمانەكانم لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە، هەردووك گورچیلەم لە دەست داوە". شایانی باسە كە ئەو قسەیەی ساڵەحی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات یان دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیەوە ڕەت نەكراوەتەوە كە بڵێن نەخێر وا نەبووە. دەستبەسەر بوونی مەحموود ساڵحی، بوو بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن چالاكانی كرێكاری هەم لەناو خۆی وڵات و هەم لە دەرەوەی وڵات و هەموویان داوای ئازاد بوونیان دەكرد.
لەم پەیوەندیەدا لە لە كاك مەحموود ساڵحیم سەبارەت بە چۆنیەتی ئازاد بوونی پرسی و لە وەڵامدا گوتی: "بارودۆخی جەستە و نەخۆشیم بووە هۆی ئازاد كردنم  بەڵام با ئەوەش لە بیر نەكەین كە فشارەكانی دەرەوەی زیندان زیاتر هۆكار بوون بۆ ئازادیم". ساڵحی كە خۆی یەكێك لە دامەزرێنەرانی كومیتەیەك بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی كرێكاری لە ئێرانە و لە سەر تێكۆشان بۆ پێكهێنانی ئەم كومیتەیە، زیاتر لە سێ ساڵ حوكمی زیندانیان بە سەردا سەپێندراوە. دوای دەستبەسەربوونی، سازمانی لێبوردوویی بەخشینی نێونەتەوەیی لە بەیانامەیەكدا لە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی داوا دەكات كە: "بە زووترین كات دەبێ مەحموود ساڵحی ئازاد بكرێت، تا كاتی ئازاد بوونیشی دەبێت هەموو پێداویستییە پزشكییەكانی بۆ جێبەجێ بكرێت و ئازاد كردنیشی دەبێ بێ مەرج بێت".
هەروەها "شارۆن بارۆ" سەرۆكی كۆنفێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕێكخراوەی یەكگرتوویی كرێكاری لە ۱٦خەزەڵوەر، لە نامەیەكدا بۆ ڕێبەری كۆماری ئیسلامی نووسیبووی: "ئێمە زۆر نیگەرانی بارودۆخی ساڵحین و داوای ئازادكردنی بە زووترین كات لە ئێوە دەكەین هەروەها "بارۆ" لە درێژەی نامەكەیدا ڕەخنەی زۆر لە كۆماری ئیسلامی دەگرێت سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵسووكەوت كردن  لەگەڵ ڕێكخراوە كرێكارییەكان و چالاكانی كرێكاری و لە كۆتاییشدا دەنووسێت كە ساڵحی نابێ بگەڕێتەوە ناو زیندان و تەواوی ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی ناڕەوان و دەبێ لە سەری لاچێت."
حەوت ڕێكخراوەی كرێكاری لە "ئێران"‌دا لە تۆڕی ڕاگەیاندنێكی هاوبەشدا كەلەبچە لێدان لە لاقی ساڵحی، ئەویش لە سەر تەختی نەخۆشخانە، بە كردەوەیەكی نامرۆڤانە ناوزەد دەكەن. لە هەمان  بەیانامەیەدا هاتبوو: "دەبێ ساڵحی بە زووترین كات ئازاد بكرێت و هەر شتێك ڕووبدات بۆ ساڵەحی، بەرپرسی سەرەكیی ڕووداوكە بەرپرسانی سیستێمی داد و بەڕێوبەرانی ئەو سیستمە دەبن."
۵۳٦ كەس لە چالاكانی كرێكاری و فەرهەنگی و كۆمەڵاتییەتی لە "ئێران‌‌"دا لە ڕاگەیاندنێكی هاوبەشدا كە واژۆیان كردبوو نووسیبوویانە: "ئەوەی لەگەڵ ساڵحی دەكرێت نموونەیەك لە كردەوە دژی مرۆڤ و مافی مرۆڤە كه دەبێ ڕابگیرێت".
لە مەحموود ساڵحی ڕای خۆییم سەبارەت بەو داواكاری و ئەو بەیاننامانەی كرێكاران و ڕێخراوەكان و چالاكانی سیاسیم پرسی لە وڵامدا گوتی: "بە بڕوای من فشاری كرێكاران و ڕێكخراوەكان و چالاكانی سیاسیی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، كۆماری ئیسلامی ترساند و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەو قەناعەتە گەیاند كە ڕاگرتنی من بۆ ئەوان دەبێتە هەزینەیەكی یەكجار قورس. هەر بەم هۆیە حوكمی زیندانی من كە پێشتر ۹ ساڵ بوو و كە دوای ئەوەی من ئەو حوكمەم بە ناڕەوا زانی و داوای پێداچوونەوەی دۆسیەكەم كرد و دوای پێداچونەوە، بوو بە یەك ساڵ بەڵام هەر ئەم فشارانە بوو بە هۆكاری ئەوەی ئێستا من ئازاد كراوم و یەكساڵەكەش بوو بە سزای دارایی.
شایانی باسە كە بڵێم هەموو ئەم فشارە ناوخۆیی و دەرەكیانە بوو بە هۆكاری ئازادبوونی مەحموود ساڵحی و لە ڕۆژی ۲ی سەرماوەزدا جارێكی دیكە لە ناو زیندان هاتە دەر. كەسێك كە زیندان بۆ ئەو نامۆ نییە و ناشتوانێت پێشی پێ بگرێت و ئەمجارەش نەیتوانی پێشی پێ بگیرێت، بەڵام زیندان و كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە لە بەرانبەر ساڵحیدا بەزین.
كەم نین چالاكانی كرێكاری، مامۆستایان و... كە لە گۆشەی زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدان و دەسبەسەر كراون. بۆنموونە كەسێكی وەك "محەممەدی نەزەری" كە ۲۴ساڵ لە زیندان دایە، دوو جار مان گرت لە خواردن بۆ گەیشتن بەمافەكانی. جارێكی چل ڕۆژ بە لێوی دوراوەوە ئەمجارەش دوای تێپەر بوونی چوار ساڵ دیسان دەستی دایە مانگرتن و ئەم جارەیان ۹۹ ڕۆژی خایاند.
محەممەد نەزەری زیندانی سیاسیی كورد كە دەبێ بە پێی ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر یاسای سزای ئیسلامیی "ئێران"دا هاتووە (مادەی ۱۰ و ۱۳۴ی یاسای سزای ئیسلامی دەڵێت هەركەس كە گیرا لە هەر چەند لە حوكمەكانیدا كە بە سەریدا سەپاوە زیاترین حوكم چەندێك بێت دەبێ ئەوە بكێشێت و باقیی حوكمەكانی دیكەی لە سەر لادەچێت). بەپێی ئەم یاسایە كە لە ئەمساڵدا پەسەندكراوە، دەبێت نەزەری ۱۵ ساڵ لە ناو زینداندا ببوایە كە ئێستا ئەو ۲۴ ساڵی كێشاوە و تا ئێستاش ئازاد نەكراوە. ناوبراو لە ۲٦ی ڕەزبەردا لە كاتی هەشتا و یەكەمین ڕۆژی مانگرتنیدا نامەیەكی نووسی و ناردیە دەرەوەی زیندان كە لەو نامەیەدا نووسرابوو: "بێكەسترین زیندانی شار منم".
من كە ٨۱ ڕۆژی مانگرتن لە خواردنم تێپەڕ كردووە نە كەس هەیە گوێم لێبگرێ، نەكەس هەیە یارمەتیم بدات جگە ئێوە كەسم بۆ نەماوەتەوە".
ڕامین حسێن پەناهیش یەكێكی دیكەیە لەو زیندانییە كوردانەی كە چارەنووسی دوای زیاتر لە پێنج مانگ نادیارە. ڕامین حسێن پەناهی، كە لە ڕۆژی ۲ی پووشپەڕی ئەمساڵدا دەسبەسەر كراوە هێشتاش نەدراوە بە زیندانی گشتی و ئێستاش لە زیندانە تاكەكەسییەكانی  ئیتلاعاتی سپا دایە كە بەپێی مادەی 32ی یاسای بنەڕەتی و هەروەها مادەی 46ی یاسای ئایینی دادڕەسی نوێی كۆماری ئیسڵامی ئێران، پێویستە بە زووترین كات ئەو كەسەی كە گیراوە تا ۲۴ كاتژمێر دۆسیەكەی تەواو كۆكەنەوە و بینێرنە ژێردەستی دادستان و ناتوانن لەوە زیاتر ڕایبگرن. بۆ زیاتر ڕاگرتن و بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر گیراوەكە پێویستە بە دەستووری دادستان بنێرنە زیندان و دواتر لە سەر دۆسیەكەی كار بكەن بەڵام ئەوەی شایانی باسە و بەو جۆرەی لەم دوو یاسایەدا هاتووە كە دەبێت تۆمەتی گیراو بنووسرێ و بدرێتە دەستی  و بیخوێنێتەوە بەڵام كۆماری ئیسڵامی زیاتڕ لە پێنج مانگە بە پێشل كردنی یاساكانی خۆی ڕامینی لە ناو زیندانە تاكەكەسیەكان ڕاگرتووە.
لە كاك مەحموود ساڵحیم پرسی پێشنیاری ئێوە وەك یەكێك لە ڕێبەرە ناسراوەكانی كرێكاری سەبارەت بە سەرجەم گیراوانی كرێكاری و سیاسی چییە و دەبێ چی بكرێت بۆ ئەوانیش؟ لە وەڵام دا گوتی: "بە بڕوای من تا فشارەكان زۆر و زۆرتر بن كۆماری ئیسڵامی زیاتری فشار بۆ دێت و زەخت و فشار لە سەر سەرجەم زیندانیانی كرێكاری و سیاسی كەمتر دەبێتەوە".


ئه‌م بابه‌ته 30 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:27:07/12/2017