نوێنەرایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دیمۆكراتی كوردستان كۆبوونەوە

رۆژی سێشەممە رێكەوتی 21ی نۆڤەمبەری 2017ی زایینی هەیئەتێكی پەیوەندییەكانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان كە پێكهاتبون لە بەڕێزان، ئیبراهیم زێویەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئامانج زیبایی كادری پەیوەندییەكان سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی كۆمەڵەیان كرد لە شاری هەولێر.
سەرەتا لە لایەن كۆمیسیۆنی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ كە بریتی بوون لە هاوڕێیان، ساڵح شەریفی بەرپرسی كۆمیسیۆنی پەیوەندییەكان و سامان ریشەساحێب جێگری پەیوەندییەكانی هەولێر پێشوازییان لێكرا.
لەو دیدارەدا كە لە كەش و هەوایەكی دۆستانەدا بەڕێوەچوو، چەندین بابەت و خاڵی گرینگ كەوتنە بەر باس و هەردولا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لە سەر كرد.
سەرتا هەر دو لا هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیانیان لە هەمبەر كارەساتی بۆمەلەرزەكەی ئەم دوایانەی كوردستانی رۆژهەڵات دەربڕی و ئەو هەستە نیشتمانی و مرۆڤایەتیەی خەڵكی كوردستانیان لە بابەت بە هاناچوون  و هاوكاری لێقەوماوان بەرز نرخاند.
هەردوولا پاش لێكدانەوەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانی ناوچەكە و كوردستانی رۆژهەڵات لەسەر هاوكاری و تێكۆشانی هاوبەشی حیزبەكانی رۆژهەڵات جەختیان كردەوە كە هاوكاری حیزبەكان هەنگاوێكی مێژوویی پێویستییەكی هەنووكەییە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران.
هەردولا خوازیاری ئەوە بوون كە ئەم هاوكارییانە بە كردەوە بچێتە بواری جێبەجێ كردن و بۆ ئەم مەبەستە ئەم دیدارەیان بە هەنگاوێكی سەركەوتووانە نرخاند.

ئه‌م بابه‌ته 688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:06:22/11/2017