ڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی سکرتارییەتی کۆمەڵە سەبارەت بە  بوومەلەرزە بەهێزەکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات

 

بە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی یەک شەممە ١٢ی نوامبر (٢٢ی خەزەڵوەر) لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بە تایبەتی کرماشان و شار و گوندەکانی دەورووبەری ئەو دەڤەرە کە گەلێک زیانی گیانی و ماڵی بە دوای خۆیدا هێنا بە داخەوە ئاماری قوربانیانی ئەو ڕووداوە سرووشتییە دڵتەزێنە هەر وا ڕوو لە زیاد بوونە. بە پێی دوایین ئامارەکان ڕێژە کوژراوانی ئەو ڕووداوە گەیشتۆتە سەروو ٥٨٠ کەس و زیاتر لە ٦٧٠٠ بریندار تەنیا لە بەری کوردستانی ڕۆژهەڵات.

خاڵی جێی سرنج لە زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەو ناوچانە بریتییە لەوەی کە زوربەی هەرەزۆری قوربانییەکان، دانیشتوانی یەکە نیشتەجێ بووەکانی ناسراو بە "مەسکەنی میهر"ن کە لە ساڵانی پێشوودا بە بێ ڕەچاوکردنی ڕینماییە زانستییەکان و لە خوارەوە بوونی کوالیتەی کەرەسەتەکانی بیناسازی لەو بینایانەدا لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە دروست کرابوون.

خاڵی دڵخۆشکەر لەو پێوەندەدا ئەوەیە بە دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی بوومەلەرزەکە هەڵمەتێکی بەرین و کەم وێنەی خەڵکی سڤیل بە هەموو چین و توێژیکانیەوە و ڕێکخراوە ناحوکومییەکانی باقی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات  پڕ لە هەستی هاوخەمی و هاوچارەنووسی و هەست کردن بە بەرپرسایەتی مرۆیی خۆیان و نیشاندانی هاوپشتی و یەکڕیزی گەلی کورد بۆ خەڵکی لێقەوماوی کرماشان و دەورووبەری، دەستیان دایە کۆکردنەوەی یارمەتی، بەڵام بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان، پرۆسەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باقی شارەکانی دیکەی ئێران زۆر خاوە و زۆرجاریش لە لایەن دام و دەزگا حکومەتییەکانی ڕژیمەوە پێشی پێ دەگیردرێت. 

هەروەک لە ڕاگەیاندنی ژمارە یەک دا ئاماژەمان پێکردبوو کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی ناسەرکەوتووی لە کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەری قەیرانە سرووشتییەکان بووە و هەڵسووکەوتی ئەمجارەی ناوەند و دام و دەزگاکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخەوە بوونی بۆ ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە،  پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ کەس و کاری قوربانیانی ئەم بوومەلەرزەیە دووپات دەکاتەوە و هیوای چاکبوونەوە هەرچی زووتر بۆ بریندارەکان دەخوازێت. کۆمەڵە هەروەها بۆ هەوڵ و ماندوو بوون بۆ بە هاناوەچوونی لێقەوماوانی ئەو بوومەلەرزە و کۆکردنەوەی یارمەتییەکانیان سپاس و دەستخۆشی گەرم بە خەڵکی وریا و بەخەم و دڵسۆزی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەڵێت. بێگومان ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نیشانەیەکی بەهێزە بۆ بە بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی و هاوچارەنووسی گەلی کوردە کە نیشانیان دا لە ڕۆژی تەنگانە و مەینتەی ئەوە هەر گەلی کوردە کە پشتیوان و یارمەتی دەری یەکترن نەک ڕژیمی لێنەوەشاوەی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە حاڵێک دا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادەیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێوەنەتەوەییە خێرخوازی و مافی مرۆڤییەکانی ڕەت کردووەتەوە و خۆشی بەرامبەر بەو ڕووداوە دڵتەزێنە زۆر خەمساردە.  ئێمە سیاسەت و هەڵسووکەوتی دام و دەزگاکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک ئەرکی هەر دەسەڵاتێک بۆ هاوڵاتییەکانی و بەربەست دادتاشین لە هەمبەر گەیاندنی یارمەتییە جەماوەرییەکان بە لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە مەحکووم دەکەین.

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی

٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی

 


ئه‌م بابه‌ته 915 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:42:15/11/2017