دیداری نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێموكراتی كوردستان

وەفدێكی باڵای سەركردایەتیی كۆمەڵە بە سەرپەرشتیی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سەردانی "حیزبی دێموكراتی كوردستان"یان كرد و لە لایەن بەڕێز ئاسۆ حەسەنزادە جێگری سكرتێری گشتی ئەو حیزبەوە بە گەرمی پێشوازییان لێكرا
ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢١ی ئاگۆست وەفدێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ كە پێكهاتبوون لە هاوڕێیان عەبدوڵلا موهتەدی سكرتێری گشتی، ساڵەح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەلە، ڕەفێق حسێن پەناهی، كاكۆ عەلیار، فەرزین كەرباسی، ئەندامانی كومیتەی ناوەندی و سامان ڕیشەساحێب جێگری كومیتەی ناوەندی سەردانی سكرتارییای حیزبی دیموكراتی كوردستانیان كرد.
سەرەتا بەڕێز ئاسۆ حەسەنزادە پیرۆزبایی كۆتایی كۆنگرەی پازدەی كۆمەڵەی كرد، دواتر چەندین تەوەری گرینگ و پەیوەدیدار بە ناوچەكە بەگشتی و كوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی كەوتە بەر باس و ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕایان لەسەر كرا 
هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی ئاماژەی پێدا، قەیرانە نێوخۆییەكانی كۆماری ئیسلامی لەوانە، ململانیی نێو باڵەكانی كۆماری ئیسلامی و گرفتی ئابووری تەنگی بە ئێران هەڵچنیوە و ئەم قەیرانانە ڕوو لە هەڵكشانە
ناوبراو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی خەڵك بە بڕیاری بایكوت كردنی هەڵبژاردنەكانی دوازدەهەمین خولی سەرۆك كۆماریی ئێران لە لایەن شەش حیزبی سەرەكیی كوردستانی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەدا كە ئەم هەنگاوە توانی قۆناغێكی دیكە لە كاری هاوبەش و هاوكاریی زیاتر نێوان پارتە سیاسییەكان بێنێتە ئاراوە.
تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە پرسی ڕیفراندۆم لە باشووری كوردستان بوو كە هەردولا وێڕای پشتیوانی لەم هەنگاوە لە سەر ئەو باوڕە بوون كە ڕیفراندۆم وەكوو بڕیارێكی مێژوویی كاریگەریی دەبێت لە سەر دیاری كردنی چارەنووس و دەستەبەر كردنی مافی خەڵكی كورد بە گشتی و هەروەها هیوابەخشە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە باشووری كوردستان.
دواتر هەدوولا لە سەر كاری هاوبەشی هێزە سیاسییەكان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات تەئكیدیان كردەوە و  هەروەها بە ئەركی هێزە سیاسییەكانیان زانی بۆ دەستەبەر كردنی قەوارە و میكانیزمێك كە هێز و توانای سەرجەم لایەنەكان یەكانگیر بكات و لە داهاتوودا ببێتە بنەمایەكی نوێ بۆ كاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات، هەنگاوی پێویست هەڵ بگیردرێت.
شایەنی باسە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە پلاتفۆرمی كاری هاوبەشی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، "پەسەند كراوی كۆنگرەی ١٥ی كۆمەڵە" بوو و لەم پەیوەندییەدا بڕیار درا گەڕێكیەی دیدار و چاوپێكەوتنی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێكبخرێتەوە بۆ پەیدا كردنی میكانیزمێك كە هەموو وزە و تواناكانی كوردی ڕۆژهەڵات بخرێتە یەك ئاراستەوە
لە كۆتاییدا ئەم دیدارە پاش چەندین كاتمژێر دیالۆگ و گفتووگۆ، لە كەش و هەوایەكی دۆستانەدا كۆتایی پێهات و وەفدی كۆمەڵە لە لایەن خانەخوێوە بەڕێ كران.

ئه‌م بابه‌ته 605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:34:22/08/2017