عەبدوڵڵا موهتەدی:خۆراگری لە بەرابەر ئەو هێرشەدا ،لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و گەشە و هەمیشە لە مێژووی ئێمەدا دەمێنێتەوە




وتووێژی ڕادیۆ کوردتریبووناڵ سەبارەت بە 28ی گەلاوێژ و ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ئێران لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

پرسیار:کاک عەبدوڵڵا ئێمە لە ساڵیادی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کوردستان ٢٨ی گەلاوێژ نزیک دەبینەوە، جارێکی دیکە دێتە بیرمان چۆن بوو دەسەڵاتی تازە پێگەییشتووی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی فەرمانی بەناوبانگی هێرشی هەمەلایەنەیان بۆ سەرکوردستان دەرکرد؟
وەڵام:
من لەچەن بۆنەی تایبەتدا، لە ساڵها لەمەوپێشەوە ڕای خۆمم باس کردووە، من لەو بڕوایەدام کە هیچکام لە بیانووەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و داموودەزگاکانی ڕاگەیاند و تەبلیغاتیان و شەخسی خومەینی دەیهێنا و چکۆلەترین پەیوەندیەکیان بە ڕاستی و حەقیقەتەوە نەبوو، هەرچی خومەینی بوو لە فەرمانی هێرشەکەیدا ئەوەی ڕاگەیاند وتی: ژنانی موسلمان لەتەرەف کوردەکانەوە لە سنە بە گرۆگان گیراون، لە مزگەوتی  سنە کە تەبعەن سەرتاپا ساختەگی و درۆ بوو و من لە جێگەیتردا باسم کرد مەهدی بازرگان سەرۆک وەزیری ئەوکاتی ئێران بوو کە خومەینی بۆخۆی داینا بوو لە کتێبێکدا بەناوی ئێنقلابی ئیران لە دوو حەرەکەت، ڕەسمەن ئەوەی ڕاگەیاندووە، دەڵێ: ئەمە شایعە و درۆ بوو و بە وتەی ئەو درۆیان بە خومەینی ڕاگەیاند و ئەویش باوەڕی کرد، بەهەرحاڵ، ئەگەر هیچکام لەو بیانووانە نیە ئەی چییە؟ چون کورد هێرشی بۆ هیچ جێگایەک نەکردبوو، ڕاپەڕینێکی چەکدارانەی نەکردبوو، ئاشووب و بشێویەک لە کوردستان ڕووینەدا بوو کە بۆ بەرقەرار کردنەوەی ئەمنییەت پێویست بە جمهووری ئیسلامی بێت، هیچکام لەمانە لە ئارادا نەبوو، تەنها یەک شت بوو ئەویش ئەوەیە، پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی تازەش کە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە کە دژ بە ڕژیمی "شا"ش دەسپێکرا ناڵێم لە ڕۆژی ئەوەڵەوە بەڵام لە یەکەم مانگەکانەوە وردەورەدە ڕەوتی شۆڕش، ڕەوتی بزووتنەوەی جەماوەری لە کوردستان و لە ئێران وردە وردە جیاوازی خۆیان لە یەکتری نیشاندا، هەرچی ئێران بوو وردەوردە بەداخەوە ڕەهبەری و جڵەوەی بزووتنەوەکە کەوتە دەس ئاخووندەکانی سەر بەخەتی خومەینییەوە و خەڵکی دێمۆکراسیخواز، خەڵکی ئازادیخواز، لیبڕاڵەکان، دێموکراتەکان، چەپەکان، بزووتنەوەی کرێکاری و ژنان لە ئێران، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە دژی نیزامی سەڵتەنەتی "شا" وردەوردە لە نێو خۆیدا خۆی تەسڤیە کرد، باڵێکی کۆنەپەرستی دواکەوتووی ئێرتجاعی، کە بە ڕەهبەری خومەینی زاڵ بوو و هەموو ئاسەواری و ئازادی خوازیەکی لە ناو بزووتنەوەکە ناڵێم به ڕۆژێک و دوو ڕۆژ بەڵام بە مانگان وردە وردە سڕیەوە و خومەینی و خەتەکەی لە ئێران هێژموونیان بەدەس هێنا، لەحاڵێکدا لە کوردستان بزووتنەوەکە، بزووتنەوەیەکی مەدەنی، سێکولار و بە ناوەڕۆک ئازادیخواز و هەروەها دارای خواستی میللی و نەتەوەیی کوردەکان بوو، بۆیە بە ناوەرۆک بە شکڵ بە داخوازییەکی، تەنانەت بە شێواز و مێتۆدی خەباتەکانمان لەیەک جیا بوون و ئەم جیاوازییە قابیلی تەحەموول نەبوو کە وەختێ خومەینی و لایەنگرانی هاتنە سەرکار، دوای ٢٢ی ڕێبەندان ئیتر نەیاندەویست کوردستانێک کە تێیدا ئازادی سیاسی هەیە، ئازادی ژن هەیە، خەباتێکی مەدەنی لە ئارادایە، حیزبەکان ئازادن، ڕاگەیاندن و ئێنتشارات ئازادە، کورد داوای مافی خۆی دەکا، ئەمانەیان دژ بە ئیدۆئۆلۆژی و بیر و باوەڕی خۆیان دەزانی، ئەگینە کورد هیچی نەکردبوو، نازانم تفەنگێک لە دەستی کەسێک دەرچووبێ، ئەو وەختی نەیاندەزانی تفەنگێک بەکار بەرن؟ مەگەر کەسێک ئاوا دەنا قەتڵ نەما، دزی کەم بووەوە، هەموو شتێک، هەموو دیاردەی ئەمنییەت لە ئەوکاتی کوردستان زۆرتر بوو، هێرشیان نەکردبووە سەرکەس، هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکە و فەرمانی هێرشی خومەینی وجودی نەبوو ئیلا ئەوەی کە خەڵکێکی نەزان و ناتێگەیشتووی فریوگەرایان بە شیعاری ئێرتجاعی ڕەوانەی کوردستان کرد، ئەها ئەوە ئیسرائیل هات گەییشتە کوردستان، ئەوە ژەنڕاڵەکانی شا دەیانەوێ بێنەوە، ئەوە کوردەکان ژنانی موسڵمانیان لە مزگەوتی جامعەی سنە بە بارمتە گرتووە، هیچکام لەوانە ئەسڵ و ئەساسی نەبوو غەیر لە ئەم کینە و دواکەوتوویی ئەوان  بۆ سەرکووتی بزووتنەوەی کورد، جا چ بە داخوازییە میللییەکەی چ بە لایەنە ئازادی خوازی و دێمۆکراسی خوازییەکەی هیچ شتێکی تر لە ئارادا نەبوو.

پرسیار:دەڵێن ئەگەر کورد بەرەنگاری ئەو هێرشەی نەکردبایێت، دەستی بۆ چەک نەبردبایێت، کوردستان ئاوای وەسەر نەدەهات، ئەمە چۆن دەبینن؟
وەڵام:
من هەروەک باسم کرد، ئەوان بیانوویان دۆزییەوە کە بیانووەکەشیان زۆر غەیرە واقعی بوو و ئەسڵ و ئەساسی نەبوو بەڵام مەبەستیان سەرکووتی خەڵكی کوردستان و چۆک پێدادان و زەلیل کردنیان و فەوتاندنی بزووتنەوەکەیان و شەرەف و کەرامەتیان بوو، بۆیە ئێمە هێرشبەر نەبووین، ئێمە بەرگریکار بووین، ئێمەی هەمووی کورد و ئێمەی کۆمەڵە کە ئەو وەختە بڕیاری مقاومەتمان دا! جا بۆیە حیسابی بکە ڕاستە ئێمە شەهیدماندا، ئێمە باشترین ڕۆڵەکانی خەڵک دەستیاندا موقاومەت، مقاومەتی سیاسی، مقاومەتی فەرهەنگی و هەروەها مقاومەتی چەکدارانەش، باوڕم پێبکە ئەمە ڕاستە بڕیاری حیزبەکان و بڕیاری کۆمەڵە لێرەدا دەورێکی گەورەی هەبوو، لەوەدا کە موقاومەت بکاتە باو، بەڵام کارێک کە کۆمەڵە کردی ئەوە بوو ویستی خەڵکی بۆ مقاومەتی جواب داوە، سەردەمێکی مێژوو هەیە کە کۆمەڵگا دەیەوێ بوەستێتەوە، نایەوێ تەسلیم بێ، هەر وەکوو تاکێک خراپەیەکی گەورەی لەگەڵ دەکەن، ناحەقییەکی گەورەی لەگەڵ دەکەن، ناتوانێ شەرەفی و کەرامەتی و ویژدانی خۆی قبووڵ ناکا و موقاومەت دەکا و لە هەموو یاسای دنیا موقاومەت مافی تاکە لە بەرابەر تەعەرۆزدا و مافی نەتەوە و خەڵکیشە لە بەرابەر داگیرکەر و زاڵم، ئەمەیاسای نێونەتەوەییە، حەقی دیفاع لە خۆ، حەقێکی مەشرووعی ناسراوی نێونەتەوەییە لە دنیادا، جا ئەگەر کورد دەستی دایە ئەو مقاومەتە، پرسیشیان بە دایک و باوکی خۆیان نەکرد و دەیانگوت ئێوە چیتان کرد، سەری ئێمەتان شۆڕکرد، ئێمە نەماندەتوانی و نەدەبوایە لە بەرانبەر ئەو هێرەشەدا بوەستین، بۆیە بەرەنگاری لە بەرابەر ئەو هێرشەدا بە کۆمەڵەوە، بە دێموکراتەوە، بە خەڵکەوە، بە پیر و جەوانەوە کراو لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و گەشە و هەمیشە لە مێژووی ئێمەدا دەمێنێتەوە و بۆ ئەمڕۆش مومکینە ساڵێک، سەردەمێک تۆ بە باشی نەزانی خەباتی چەکداری بوەستێنی بەڵام ئەو خەباتە، مافی دیفاع لە خۆ مافیێکی مەشروع و ناسراوە بۆ میللەتی کورد، ئەو وەختیش وابوو و ئێستاش وایە.

پرسیار: کاک عەبدوڵڵا، بەعزێک دەڵێن: ئەگەر ئەو بەرەنگارییە نەبوایە خەڵکێکی کەمتر بە کوشت دەچوو، ئیوە ئەوە چۆن دەبینن، ئایا پێتان وایە خەڵک کەمتر بە کوشت دەچوو و ئاماری کوشتەکان کەمتر دەبوو و خودی ناوچەکە چی بەسەر دەهات ئەگەر ئەو بەرەنگارییە نەبوایە؟
وڵام:
ئەوە زۆر فەرمێکی غەیرە واقعییە چوونکە دەڵێن ڕوحیە و ڕەوانشناسی و سایکۆلۆژی میللەتی کورد ئەو وەختە موقاومەتی دەویست، ئەمە بڕیارێکی فەردی و ڕێکخراوێک نەبوو، ئەمە ڕەنگدانەوە و دیاردەی ئێرادەی میللەتێک بوو بۆ موقاومەت و نەیدەویست ژێر کەوێ و نەیدەویست چۆک دابدا، لەبەر ئەوە زۆرتر لەوە بڕیاری تاکێک بێ یان لە جەمعێکی بووچک دانرابێ، ئەمە نیشان دەهەندەی ئەو موقاومەتە بوو کە دەبا حیزبێک وەکوو "کۆمەڵە" یان هەر لایەنێکی دیکەش تەشخیس و دەرکی ئەم ڕۆحیەی خەڵکی دابێ، ئەمە یەک. دووهەمیش ئەوەیە کە پیش ئەوەی هێرشی ٢٩ی گەلاوێژ بکەن ئەوان شەڕی پاوەیان کرد، خۆ شەڕی پاوە پێش ئەوە بوو، ئەو کوشتار و قەتڵ و عامانەی کەلە پاوە کرا و دوای لە فروودگای گرێزەی سنە ئەنجامدرا خۆ هێشتا موقاومەتی چەکدار دەست پێنەکرا بوو کە ئەوان خەڵخاڵیان نارد و چەمرانیان نارد و دەستیان کرد بە کوشت و بڕی خەڵکی کورد. لەبەر ئەوە ئەوان دەستیان نەپاراستبوو لە کووشتن، ئەمن نازانم بە ژمارە کەمتر یان زۆرتر دەکوژرا و ئەسڵەن دڵنیاش نیم و ئەگەر میللەت ئەو موقاومەتەی نەکردبایا، مەجبوور دەبوو شەش مانگی دیکە بیکا، چون ئەوان نەدەوەستان بە ئەوەندەی کە کردبوویان، ئاخر زمانیان لێدەستاندیەوە، ئایینیان لێدەستاندییەوە، فەرهەنگیان لێدەستاندییەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان کورد مەجبوور دەبوو هەر موقاومەت بکا، بۆیە کە ڕۆژی ئەوەڵ کە دی لە حاڵەتێکی ئامادەتر و باشتردا بوو تا بوەستێ و هەموو زلییەکەی تەحەموول بکا، لە شەرایتێکدا کە ئەوان بە تەواوی زاڵ بوون  ئینجا دەست بدات بە مقاومەت، من ئەسڵەن لەو بڕوایەدا نیم.

پرسیار:لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژەی ئێعدامەکان زۆرتر بووە، هۆی چوونە سەری ئەم ئیعدامانە لەم ڕۆژانەدا لە چێ دەبینن؟
وەڵام:
من وای دەبینم کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی دەزانێ وەزعی ئابوورییەکەی تا چ ڕادەیەک خراپ و وێرانە و ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی و لابردنی بەشێکی زۆر لە سزا ئابوورییەکانیش فایدەی نەکردووە، لەبەر فەساد، لەبەر گەندەڵی لە بەر مافیا بوون لەبەر ناشەفاف بوون، لەبەر ئاغازادەکان و لەبەر ئەوەی سپای پاسداران ئێقتسادی ئێرانی گووشیوە و زۆر شتی دیکە، لەبەر ئەوەیە خەڵک هەست بە ئاسوودەیی و پێشڕەفتێكی ئابووری و کرانەوەیەکی ئابووری ناکەن، نا ئۆمێدن لە ئێسلاحاتی ئابووری نێو حکومەت، ئەمە یەک، دوو: ناکۆکی لەسەرەوەی حکومەت لە نێوخۆیاندا یەکجار زۆرە، سێ: بەینی خەڵک و دەسەڵات ناڕەزایەتی یەکجار زۆرە. چوار: بەینی ئیران دراوسێکانی ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکی و گرژی زۆرتر دەبێ، لەم باروودۆخەدا حکومەتی ئێران و دەسەڵاتی ئێران لە خۆی دەپرسێ هەرئان مومکینە شتێک بکەن، تەقینەوەیەکی ناڕەزایی سیاسی لە ئێران ڕوو بدا، بۆ ئەوەی ئەوە ڕوو نەدا، بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن کە سازانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا بە مانای ئەوە نییە کە نەرمشێک لە سیاسەتی داخڵیماندا هەیە، ئێوە لە جێی خۆتان دانیشنەوە، مەبادا کەس بیهەوێ سەری هەڵاوێ، بۆ ئەم ترساندن و تۆقاندنە و بۆ بەرگری کردن لە هەڵسانی شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەری ئەم ئێعدامانە دەکەن، بۆ چاوترسێن کردن و دیارە کوردیش قوربانی یەکەم بووە و هەیە لە ئێراندا بۆیە ئەو کارانە دەکەن، من خۆم دژی یاسای ئێعدامم بەڵام بە قانوونەکانی خۆشیان مەرج نییە ئەوانە سزاواری ئێعدام بووبن، بەڵام بەم هۆکارە سیاسییە دەیکا، یانی دەلیلی قانونی و یاساییان نییە، هۆکارێکی سیاسی هەیە و ئەو هۆکارە سیاسییەش تۆقاندن و ترساندن و چاوترسێن کردنی خەڵکە. تەبعەن دەتوانین ئەوەش بڵێین کە ئەوانە بۆیە دەیکەن لە سەردەمی ڕوحانیدا ئەوانەی کە هیوایەکیان پێبەستوو بلێن کاکە خۆ ڕوحانیش هیچی بۆ نەکراو لە نەتیجەدا تا ڕادەیەک مومکینە بگەڕێتەوە سەر تەسڤییە حیساب و کێشەی ناوخۆیی دەسەڵات.

پرسیار:ئێوە وەختێک ئەعدامەکان ئەنجامدرا هەموویتان مەحکووم کرد، بۆچی ئێوە لە سەلەفییەکان دیفاع دەکەن، مومکینە ئەوانە دوایی ببنە داعش، ئایا بۆ کۆمەڵە هەیە دیفاع لەوانە بکا؟
وەڵام:
هەموو کەسێک دەزانێت کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ تەنها هێزێک بووە کە بە فراوانی و نزیکەی ١٠ تا ١١ مانگ لە کەرکووک و دەورووبەری بە خەستی لە شەڕی دژ بە داعش بەشداری کردووە، لە هەموو جێگەیەک لە سەفی پێشەوە بووە، خوشبەختانە شەهیدمان نەداوە بەڵام بریندارمان داوە، لەبەر ئەوە ئێمە هیچ گومانێکمان لەوەدا نییە کە داعش ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە، لە ئێران بێ یان هەر جێگەیەکی دیکە بێ دژی کوردە، دژی مرۆڤایەتییە و شەڕمان لەگەڵی کردووە، بەڵام ئەو ئێعدامانەی ئێران هیچجۆر بەڵگەیەک وجودی نییە لەسەر ئەوەی کە ئەوانە داعش بوون یان چۆن بوون. چوونکە ئێمە پێمان وایە ئەگەر کەسێک بە ئێتێهامێک موحاکمە دەکرێ دەبێ بە شێوەیەکی یاسایی و پارێزەری هەبێ، دەبێ شکەنجە نەبێ، ئیران ئەو هەموو ئێعترافانەی بە زۆر و بە ئەشکەنجە لێوەرگرتوون، کێ دەڵێ وان؟ لە کام مەحکەمەیەکی عادڵانەدا ئەوان مەحاکمە کریان تا بتوانن لە خۆیان دیفاع بکەن تا شتێکیان لەسەر سابت بێت، بە بوون و نەبوون مەعلووم نییە ئێستا، ئەشکەنجە کراون، ئێعترافاتی بەزۆریان لێسەندراوە، پەروەندەی ساختەگیان بۆ درووست کراوە، ئیمکانی دیفاعیان نەبووە دەستڕەسیان بە وەکیل و پارێزەر نەبووە، پەروەندەکەی خۆیان بە درووستی نەخێندووەتەوە، هیچکام لەو مافانەی کە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە بۆ تۆمەتبارێک ناسراوە، ئەوانەیان بۆ پیادە نەکراوە و تەڕ و وشکیان پێکەوە سووتاندووە و هەموویانیان پێکەوە ئێعدام کردووە، ئێمە ناتوانین لە گەڵ دەستگاهی ئێعدامی جمهوری ئیسلامی چکووڵەترین موافقەتێکمان هەبێت، بێگومان ئەوان دەیانەوێ لە سونیش تۆڵە بستێننەوە، ئەم ڕژیمە، ڕژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی بەرچاوتەنگی ئایینە کە هەموو نەیارانی ئایینی خۆشی تەسڤیە دەکا، بۆیە حەتمەن کینە و نەفرەتیشیان لە سوونی هەیە و لە یارسان هەیە و لە بەهایی هەیە و لە هەموو خەڵکەکەی هەیە و ئەوانە سزای توندتر دەدەن. بۆیە ئێمە ناڵین تەک تەکی ئەو کەسانە حەتمەن تاوانبارن یان حەتمەن بێتاوانن، ئێمە دەڵێین دەسگای ئیعدامی جمهووری ئیسلامی ڕەد دەکەینەوە. ئێمە دەڵێین دەسگا و سیستەمی قەزایی ئێران بۆ سەندنەوەی ماف نییە بۆ پاراستنی مافی خەڵک نییە، بۆ پێشێل کردنی مافی خەڵکە! بەشێکە لە سەرکووت و کوشتار کە بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکە، ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەوجۆرە سزادانانە لە ئێران موافق بین بۆیە مەحکوومان کردووە و پێشمان وایە دەبێ "بێ چوون و چرا" مەحکووم بکرێ هەموو ئەو جۆرە ئێعدامانە، ئەگەر لە دادگایەکی عادڵانەدا بە پاراستنی مافی تۆمەتبارانەوە ئەگەر کەسێ خراپەیەکی کردبوو مەعلوومە دەبێ بە شێوەیەکی یاسایی سزا بدرێ.

پرسیار: ئایا ئێوە موخالفی سزادانی ئەو کەسانەن کە قاچاخچی مادە هۆشبەرەکانیشن؟
وەڵام:
جارێ با پێتان بڵێم، سوپای پاسداران  گەورەترین قاچاخچییە لە ئێران، قاچاخچی سەرەکی ئەوە، وەک فارس دەڵێن "ئافتاوە دزەکان موجازات دەکەن"، خودی ئەحمەدی نژاد پێی نەدەگوتن قاچاخچی بە سپای پاسداران!؟ گەورەترین قاچاخی ئێران کە ڕیشەی ئێقتسادی ئێرانی دەر هێناوە ئەوە خودی سپای پاسداران دەیکا، قاچاخچییە گەورەکان لە حکومەتدا دانیشتوون. دووهەمیش ئەوەیە ئێران بووەتە ترانزیتی مەوادی موخەدر و دەستیان تێدایە، مافیای سپای پاسداران و ئەوانەی کە لەسەر کارن تا ڕادەیەکی زۆر دەستیان لە تجارەتی مەوادی موخەدر دایە، بە تایبەتی لە کوردستان کێ هەیە نەزانێ کە سپای پاسداران حەتا چاوپۆشی دەکا لە بڵاوکردنەوەی مەوادی موخەدر لە لایەن کەسانی تاوانبارەوە، قومێک مەشرووب بێ دەیگرن و موجازاتی دەکەن، لەبەرچاوی ئەوان ئەو هەمووە تیجارەتی مەوادی موخەدر دەکرێ لێیان نابەزن چوونکە دەزانن جەوانی کوردی پێ زەلیل و ماڵوێران دەبێ، نەخێر هەرچی لەو بارەوەیە دەیکەن درۆیە و ئێمە قبووڵمان نییە، بەڵێ ئێمە سەتاسەت دژی مەوادی موخەدر و تەجارەتی مادە هۆشبەرەکانین و پێشمان وایە دەبێ خەڵک سزا بدرێ لەسەری، بەڵام نەک بەو شێوەیە، دەبێ بچی ڕیشەکەی هەڵکەنی و ئینجا مەرجیش نیە موجازاتەکەی ئێعدام بێ، تۆ دەبێ پێش هەموو شتێک ئەو شەبەکەیە هەڵتەکێنی کە لە ڕەسی شەبەکەکەدا خۆیان دانیشتوون.

پرسیار: لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری ڕەوانسەر لاوێک لە سەر شەقامەکان ئێعدام کرا و خەڵک نەڕۆشتن بۆ بینینی ئەم هەوڵە، ئەو حەرەکەتە چۆن لێکدەدەنەوە، جیاوازییەکی هەبوو لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران؟ و ئایا خەڵک ویستیان بەمە شتێک بڵێن؟
وەڵام:
بەڵێ، من پێم وایە، من لە سەر تۆڕی ئینتێرنێتیش لە کانگای دڵمەوە دەستخۆشیم کرد لەو چالاکە مەدەنی و سیاسیانە،لەو جەوانە تێکۆشەرانە لەو خەڵکە خاوەن ئەخلاقە کە حازر نەبوون سەیری مەکینەی ئادەم کوژی جمهووری ئیسلامی بکەن لە شارەکەی خۆیان، ئافەرین بۆ ئەوان و هیوادارم هەموو شارێکی کوردی و هەموو شارێکی ئیران دەرسی لێوەر گرن. جمهووری ئیسلامی کە ئێعدام دەکا هیچ کە بۆخۆی ناهەقە، ئێعدامەکان دێنێتە بەرچاوی خەڵک و خەڵک دەعوەت دەکا بۆ بینینیان، ئەمە سەد قات لە ئێعدامی نهێنی خراپترە، چوونکە فەرهەنگی میللەتێک، فەرهەنگی کۆمەڵگایەک خەسار و خراپ دەکا، چوونکە منداڵانی ئەو کۆمەڵگایە تووشی ئەخلاقێکی خراپ دەکا، چوونکە ئینسان کوژی و تۆڵە سەندنەوە و لەسێدارەدان ئاسایی دەکاتەوە بۆ خەڵکی ئیران، بۆیە ئەوە بۆخۆی گەورەترین جەنایەتە، بۆیە خوشبەختانە نەیتوانیوە لە کوردستان ئەو مەیدانەی کە لە جێگەکانی دیکەی ئێران بۆی هەیە و خەڵک دەعوەت دەکا بۆ بینی لە سێدارەدان بەرپا بکا، ئەمە یەکێک لەو دیاردەیانەیە کە نیشان دەدا بزووتنەوەی کوردستان چەند گەشە چەند پاکە چەند بەدوورە لەو تۆمەتانەی بۆی هەڵدەبەستن، چەن بزووتنەوەیەکی ڕەوا و ئینسانی و مرۆڤ دۆستانەیە. من شانازی دەکەم وەکوو کوردێک بەو حەرەکەتەی خەڵکی ڕەوانسەر و هیوادارم هیچ شارێکی دیکە بەجێ نەمێنێ لە ڕەوانسەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

پرسیار: وەک دوایین پرسیار، لە ساڵییادی ٢٨ی گەلاوێژ و ئەو جەنایەتە تازانەی حکومەتی ئیسلامی کە کردوویانە، وەزعی کوردستان چۆن لێکدەدەنەوە و ئەرکی ئەو کەسانەی کە ئێستا خۆیان بە دەربەست دەزانن چییە لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات؟
وەڵام:
لەم ساڵانەی ڕابردوودا زۆر بزووتنەوە هەبووە، بزووتنەوەی جەماوەری کە زۆربەیان بزووتنەوەی مەدەنی بوون بەڵام بەعزێکیان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشیان کراوەتە سەر کە بوەتە هۆی ئەوەی کە ڕەنگی توندوتیژی بە خۆی بگرێ، بەهەر نۆعێکیەوە، من پێموایە گەورەترین ئەرکی جەوانانی کوردستان، تێکۆشەرانی کوردستان پێش هەموو شتێک ئەوەیە کە لەبیریتان نەچێ نەسلی پێش ئەوان، باوکان و دایکانی ئەوان بوون کە لە ٢٨ی گەلاوێژ موقاومەتیان کرد و بە موقاومەتی خۆیان ئەو لاپەڕە زێڕینەیان درووست کرد لە کوردستان. وەزیفەی ئەمانیش ئەوەیە، ناڵێم هەر بەو شێوازەی جاران بە شیوازی ئەمڕۆ مقاومەت بکەن. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە کەمترینەوە تا زۆرترین هەمووی جێگای ڕێزن. ئەوەی قەفەسی کەوێک دەشكێنێ و بەوجۆرە شارستانی بوون و پێشکەوتنخواز بوونی خۆی نیشان دەدا، تا ئەوانەی لە مەهاباد بۆفەرینازی خۆسرەوانی خۆپیشاندانی گەورەیان ساز کرد و دەنگی دایەوە لە دونیا، تا ئەوانەی لە ئەسپەردەکردنی کورشی بەخشەندە و محەمەدی کۆنەپۆشی بەشداریان کرد تا ئەوانەی ڕۆژی سێشەمانە دووچەرخەسواری دەکەن بۆ ژینگە، تا مانگرتنی مامۆستایان و موعەلمان لە کوردستان تا مانگرتنی کرێکاری تا داخستنی دوکان کاتی خۆی بۆ مانگرتنی سەراسەری لە کوردستاندا، هەمووی ئەو موقاومەتانە کەم و زۆریان جێگای ڕێزە. ئەم قەترە قەتررانە لەسەر یەک کۆبکەیەوە دەبێتە بزووتنەوەیەکی گەورە و من دڵنیام بزووتنەوەی جەماوەری گەورەترین هۆکارە لە کوردستانی ئیران و ئەگەریش لە ئیران دەست پێبکا لە هەموو ئیران. بۆیە من خوازیاری خۆ هوشیارکردنەوە و خۆڕێکخستن و مقاومەت کردن و گەشاندنەوەی بزووتنەوە جەماوەرییەکانم، بەڵام لەپاڵ هەموو ئەوانەش لە بیرمان نەچێتەوە هێزی پێشمەرگە بەهێز بکەن، جەوانانی کوردستان هێزی پێشمەرگە تەقویەت بکەن. ئەو مەلە بە دووباڵ دەفڕێ، بە باڵی جەماوەری، سیاسی، خۆڕێکخستن، مەدەنی و لایەکی دیکە باڵی پێشمەرگە و ئەم دوانە تەواوکەری یەکترن و هیوادارم جەوانانی کوردستان ڕیزی هەردووک شێوازی خەبات بە وجودی خۆیان پر بکەن.




ئه‌م بابه‌ته 3581 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:06:18/08/2016